دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ماوەی ١١ ڕۆژە لە هێرشکردنی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادان. بە تایبەت لە لایەن چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سووریاوە بە پاڵپشتی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەر تورک بە چڕیی ئەم هێرشانە لە سەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین بەردەوامە. لە بەرانبەردا بەرخۆدانێکی بێهاوتا لە لایەن شەڕڤانانی قەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی منبجەوە بەڕێوەدەبرێت و یەک بە یەکی هێرشەکان تێکدەشکێنن.
ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانەی دووژمن کۆبانێیە. شەڕڤانانی هێڵی قەرەقۆزاق لە بەرگریی هێڵەکەیاندان دەربارەی ڕەوشی ئەو هێڵە و هێرشەکانی دووژمن بۆ ئاژانسمان قسەیانکرد.
تشرین و قەرەقۆزاق لە ژێر کۆنترۆڵدان
شەڕڤانی قەسەدە تۆڵهەڵدان زاگرۆس ئاماژەی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد کە بە هەموو جۆرێک لە دژی گەلی کورد هەڵێگیرساندووە، جەختیکردەوە لەوەی لە ڕووی جەستەییەوە لە دژی هێرشی شەڕی تایبەت دەجەنگن و ئەمەی وت: "بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانماندان. داگیرکردنی ئەم دوو پێگەیە ئاوا ئاسان نییە. دەیانەوێت لێرەوە ببنە هەڕەشە بۆسەر کۆبانێ. شۆڕشی ڕۆژئاوا نەک ئەمڕۆ بەڵکو ١٣ ساڵە لە بەرگرییدایە لە دژی ئەم هێرشانە. دەوڵەتی تورک خواستی ترساندنی گەلە."
'خواستی دەوڵەتی تورک گەڕاندنەوەی ڕۆژئاوایە بۆ ٢٠١٤'
شەڕڤان شێرکۆ کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت هێرشە داگیرکارییەکانیان بەرفراوانتر بکەن و وتی: "لە ئێستادا دەیانەوێت پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین داگیربکەن. بۆیە داگیرکردنی ئەم دوو پێگەیە دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر کۆبانێ. لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆبانێ مێژوویەکی داستان ئامێزی ئافراند لە بەرانبەر داعشدا. ئێمە لێرەین و بە هەموو هێزێکمانەوە ئەو هێرشانە دەشكێنین. ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیەوێت، گەڕاندنەوەی ڕۆژئاوایە بۆ ٢٠١٤. بە دڵنییایەوە کۆبانێ ناکەوێتە ژێر دەستی دووژمنان. تا هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە هەبێت، هیچ کەسێک ناتوانێ کۆتایی بە گەلی کورد بهێنێت. کەس ناتوانێت ئایندەمان تاریک بکات."
'گەر شەڕ لە کۆبانێ ڕووبدات، هەموو کورد ئامادە دەبێت'
کەلتەش کۆبانێ لە بەرەی بەرخۆدانەوە ئاماژەیی بەوەدا هەموو هێرشەکانیان تێکشکاندووە و وتی: "دیسانەوە هەڕەشە لە کۆبانێ دەکەن، گەر شەڕ بکەوێتە کۆبانێ وە، هەموو کورد لە کۆبانێ ئامادە دەبێت. وەک چۆن داعشمان تێکشکاند، ئەوانیش تێکدەشكێنین. لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش دەکرێتە سەر کۆبانێ. لە ئێستادا دەیانەوێت لە قەرەقۆزاقەوە شەڕی کۆبانێ دەستپێکەن. ئێمە لێرەین و تا کۆتایی لە بەرگرییدا دەبین. هەموو تەمەنەکان لە کۆبانێدا بەرگری دەکەن و دەڵێن لەگەڵ شەڕڤانانمانداین."