سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوا لە گەشەسەندندایە

لە ٧ملیۆن و ٥٢١ هەزار و ٦٢١ دۆنم زەوی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا،٨١ هەزار و٦٧٣ جووتیار لەسەر زەویە کشتوکاڵییەکان کار دەکەن. سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، کشتوکاڵ لە گەشەسەندندایە.

ئیداری خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی بە گشتی لە سامان و توانای کشتوکاڵی سروشتییە دەوڵەمەندەکانیان سوود و وەربگرن.

توانای کشتوکاڵی و بەپیتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە هۆی تایبەتمەندی جوگرافی و بارودۆخی کەشوهەوای جیاوازەوە بۆ چاندنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمەکە گونجاوە، بە چارەسەر و ڕێوشوێنی گونجاو بەرەوپێش دەچێت. گەنم یەکێکە لەو بەروبوومانەی کە زۆرترین گەشەی لەم هەرێمەکەدا کردووە. گەنم بنەمای ئابووری کشتوکاڵی هەرێمەکە پێکدەهێنێت. هەروەها جۆ بەرهەمێکی گرنگی ناوچەکانە. جگە لە گەنم و جۆ، گەنمەشامیش بەرهەم دەهێنرێت. چاندنی پەموو لە زەویەکانی هەرێمەکە بەرهەمێکی باشی لێدەکەوێتەوە. بەو پێیەی پەموو مادەیەکی خاوی گرنگە کە لە پیشەسازی قوماشدا بەکاردەهێنرێت، چاندنی ئەم بەرهەمە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی هەرێمەکەیە. هەروەها بەهاراتەکانی وەک گشنیز و زیرە لەو ناوچەیەدا دەچێندرێن. لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەوزەواتەکانی وەک تەماتە، بیبەر، خەیار، باینجان، پەتاتە و پیاز، هەروەها میوەی وەک پرتەقاڵ و ترێ و هەنجیر بەرهەم دەهێندرێن. جگە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، فستق و زەیتونیش لە بەرهەمە چاندنیەکانی هەرێمەکەن، بە هۆی ئەمانەوە توانای کشتوکاڵی ناوچەکە بەهێزتر دەبێت. بەو پێیەی کە کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چاندنی جۆرەها بەرهەمی کشتوکاڵی دیکە لە هەرێمەکاند ڕووی لە زیاد بوونە.

لە ٧.٥ملیۆن دۆنم زەویدا ٨١هەزار و ٦٧٣جووتیار کاری بەرهەم هێنان دەکەن

بەپێی ڕاپۆرتی لێژنەی ئابووری و کشتوکاڵی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا؛ لە کانتۆنی تەبقە کە گەنمی تێدا دەچێنرێت، ٣هەزار و ٢٢جووتیار لە ٤٣٦هەزار و ٤٦٣دۆنمدا کار دەکەن. لە ٣ملیۆن و ٥٣٦هەزار و ٨٣١دۆنم لە کانتۆنی جەزیرەدا کە گەنم و جۆ و فاسۆلیا و سەوزە و پەتاتە و میوەی تێدا دەچێنرێت ٢٨هەزار و ١٢٠جووتیار کاردەکەن. لە کانتۆنی دێرەزۆر کە گەنم و جۆ و فاسۆلیا و سەوزەوات لێ دەچێنرێت، لە ٢ملیۆن و ٦٣هەزار و ١٥٠دۆنم ٢٢هەزار و ١٨٣جووتیار کاری بەرهەم هێنان دەکەن. لە کانتۆنی منبج کە زیاتر گەنم و فاسۆلیا و پەتاتە و میوەی تێدا دەچێنرێت، ٣ هەزار و ٤٨٧جووتیار لەسەر ڕووبەری ١٠١هەزار و ٧٥٣دۆنم کار دەکەن. لە کانتۆنی ڕەقە کە گەنم و جۆی تێدا دەچێنرێت، ١٧هەزار و ٨٥٦جووتیار لەسەر ڕووبەری ٥٧٨هەزار و ٦٣٥ دۆنم کار دەکەن. لە کانتۆنی فورات کە بە چڕی گەنم و جۆ و فاسۆلیا و پەتاتە دەچێنرێت، ٧ هەزار و ٧ جووتیار کاردەکەن.

بەهۆی هێرشی داگیرکەرییەوە زیانی گەورە دەکەوێتەوە

کشتوکاڵ بۆ ئابووری هەرێم زۆر گرنگە و سەرچاوەیەکی داهاتی هەرێمەکەیە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادکردووە و لە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمەکاندا زیانێکی زۆری بە بەروبوومەی هەرێمەکە گەیاندووە. لە ئەنجامی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان دۆنم زەوی کشتوکاڵی سووتان و جووتیاران زیانێکی زۆریان بەرکەوت. بە تایبەت کە ئەم هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ وەرزی کۆ کردنەوەی بەروبوومەکان، جووتیاران زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لە ساڵی ٢٠١٩دا ٣١ هەزار و ٥٥٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و لە ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٢ هەزار و ٢٣٨ دۆنم لە بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی هەرێمەکەوە بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە سووتاوە.

ڕێوشوێنەکان لەبەرامبەر هێرشەکان

فریاگوزاری و کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانییەکانی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە کەرەستە و تەکنیکە پێویستەکانەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕوودەدەن بەدەست و برد دەستوەردان دەکەن و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە دەکەن. هەروەها ناوچەیەکی سەلامەت دروست دەکەن و ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردنی پێویست ئەنجام دەدەن لە هەر ئەگەرێکدا کە مەترسی لەسەر سەلامەتی خەڵکی ناوچەکە دروست بکات.