تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە لە دێرەزوور بە خاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سووریا (NSA) لە کانتۆنی دێرەزوور شەهید بوون، بە مەراسیمێک بە خاک سپێردران.

دانیشتوانی شار و شارۆچکەکان و گوندەکانی کانتۆنی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور تەرمی شەڕڤانانی هێزەکانی کۆماندۆسی سەر بە قەسەدە، ئەحمەد حەمید ئەل مەناف و حەمود عەبدولعەزیز محەمەد کە لە هەرێمی دێرحافیری گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب شەهیدبوون لە گۆڕستانی شەهیدانی شارۆچکەی ئەبو حەمام بە مەڕاسیمێک بە خاک سپێردران.

لەپاڵ ئەوەشدا مەراسیمی غیابی بۆ شەڕڤانی قەسەدە عیزەدین ئەحمەد  کە ڕۆژی ٧ ی کانوونی یەکەم لە هەرێمی قۆریەی دێرەزوور شەهید بوو، شەهید محەمەد خێر ساڵح ئەل فرێح کە لە شارۆچکەی باغۆز لە کاتی ئەرکی خۆییدا شەهید بوو، بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕاکان ئەل فرێح قسەی کرد و وتی: "شەهیدان سیمبولی ڕووناکی ڕێگاکەمانن، ئەوان گیانیان بەخشی بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێکی شکۆمەندانە بژین".

هەروەها  فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی هەجینە خەبات ئەل شعێتی قسەی کرد و وتی: "سەرەخۆشی لە قەسەدە و هەموو گەلی سووریا و بنەماڵەی شەهیدان دەکەین".

ئەل شعێتی جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان تا ڕزگارکردنی تەواوی هەرێمەکە لە دەستی چەتەکان.

هەروەها شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆس مەحمود جەفرا قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ دوو قارەمانی دوو بنەماڵەی وڵاتپارێز، بەم خاکە پیرۆزە دەسپێرین".

جەفرا پەیامێکی ئاراستەی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد و وتی: "ئەمڕۆ لە سەردەمێکی بەهێزدا دەژین، سوێند بە خوێنی شەهیدانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز، سوێند بە هاواری دایکی شەهید دەخۆین، تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و تیرۆر لەناودەبەین".

لە کۆتاییدا ناسنامەی شەهیدان لەلایەن ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەی شەهیدان کرا.