تەرمی شەڕڤانی قەسەدە ساڵح مەحمود ئەل بشۆ، بەخاک سپێردرا

تەرمی ساڵح مەحمود ئەل بشۆ، شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک(قەسەدە)، کە لە بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا شەهید بوو، لە تل حەمیس بە خاک سپێردرا. هاوکات عەبدولحەلیم عەبدوڵا بەبیر هێنرایەوە.

بەسەدان کەس لە دانیشتووانی شاری تل حەمیس و دەوروبەری، ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان، لە گۆڕستانی شەهیدانی شارەکە، تەرمی ساڵح مەحمود ئەل بشۆ. کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا شەهید بوو، بە خاک سپارد. پاشان، مەراسیمی غیابی بۆ شەهید عەبدولحەلیم عەبدوڵا شەڕڤانی قەسەدە، کە لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە بەنداوی تشرین شەهید بوو، بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆیادی شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد، پاشان خالد ئەلنایف هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی تل حەمیس، قسەی کرد و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر دوو شەهید و سەرجەم شەهیدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: "شەهیدان ژیانیان لە پێناو بەدیهاتنی ئاسایش، ئارامی و ئاشتیدا بەخت کرد."

پاشان مەلا مورتەزا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ئایینی شارەکە قسەی کرد و وتی: "هەر ڕۆژ شەهید بەڕێدەکەین و بە جیهان دەڵێین کە دوژمن ناتوانێت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیرکاری بەڕێوە ببات، ئێمە ڕێگای تێکۆشانی و فیدایی بوون درێژە پێدەدەین."

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ناسنامەی هەردوو شەهید خوێندرایەوە و رادەستی بنەماڵەکانیان کرا. پاشان تەرمی شەهید ساڵح مەحمود ئەل بشۆ بە تلیلی دایکان و وتنەوەی دروشمەکان بەخاک سپێردرا.