توحەیفین لەگەڵ قەسەدە دایە

عەشیرەتی توحەیفین ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک هەموو ڕێگایەکی بۆ لاوازکردنی سەقامگیریی سوریا گرتووەتەبەر و ڕاشیگەیاند، لە بەرامبەر داگیرکاریدا دەوەستنەوە و لەگەڵ قەسەدەدا دەبن.

محەمەد ئەحمەد عەلی یەکێک لە گەورەکانی عەشیرەتی توحەیفین ڕایگەیاند، ئەوان دژی ڕژێمی تورکیان، کە پەنجەی لە هەموو هێرشەکانی سەر هەرێمەکەدا هەیە و وتی: "ئەم هێرشانە دژی هەموو گەلانی سوریایە. هەموو مرۆڤێکی بەشەرەف خۆی دەپارێزێت".

محەمەد ئەحمەد عەلی لەبارەی هەڕەشە داگیرکارییەکان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

محەمەد ئەحمەد عەلی وتی: دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتاوە پشتگیری لە چەتەکان لە سوریا دەکات و ئێستاش تەنها ناوی ئەو چەتەکان گۆڕاون و وتیشی: "دوای ئەوەی باغۆز لە داگیرکاری ڕزگارکرا، دەوڵەتی تورک دۆڕا. لەبەر ئەوەش چەتەکانی ڕەوانەی عەفرین و سەرێکانی کرد. ئەوانەی نێردران داعش بوون و ئەوان تەنها ناوەکانیان گۆڕیوە".

دەوڵەتانی عەرەبیش بێدەنگن

محەمەد ئەحمەد عەلی لە بەرامبەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە و بێدەنگی بەرامبەر ئەو هێرش و بۆردومانەدا کاردانەوەی هەبوو و وتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگە. هەندێکجار تەنیا ڕاگەیاندراوێکی سوک بڵاودەکاتەوە. دەوڵەتە عەرەبییەکان بە تەواوی بێدەنگن. تا ئێستا هیچ دەوڵەتێک لە دژی ئەوە نەوەستاوەتەوە".

کاتی یەکگرتنە

محەمەد ئەحمەد عەلی ڕایگەیاند، تاکە هێزێک پشتیوانی لە هەرێمەکە دەکات و پارێزگاریی لێدەکات قەسەدەیە، لە ڕۆڵەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکهاتووە و دەڵێت: "لە شاری قامیشلۆ تاوەکو باغۆزیان ئازاد کرد. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات. داوا لە گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و تەواوی سوریا دەکەم، لە دژی داگیرکاری یەکبگرن، ناکۆکیی بیروبۆچوونمان وەلابنێن، چونکا کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمە لە دژی داگیرکاری یەکبگرین. کاتێک ئێمە خاکە داگیرکراوەکەمان ئازاد کرد ئەوانەش چارەسەر دەکەین. ئەوانەی لە ژێر داگیرکاریدان دەبێت باش بزانن، ئەوان ڕۆڵەی سورین. لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک چەتە سەیر دەکرێن،  دەفرۆشرێن و بەکاردەهێنرێن. ئەگەر دەستیان نەچووەتە خوێنەوە با بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. لە کۆتایدا ئەوان ڕۆڵەی ئەم خاکەن و لەو رێگەیە گەڕێنەوە".

هەموو مرۆڤێکی بەشەرەف خۆی دەپارێزێت

محەمەد ئەحمەد عەلی ڕایگەیاند لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەرگری لەخۆیان دەکەن و وتی: "پێویستە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆیان بۆ قۆناغەکە ئامادە بکەن. خەڵکی مەدەنیش دەبێت خۆیان وەک بەشێک لەم شەڕە ببینن. ئێمە دژی گەلی تورک نین، ئێمە لە دژی رژێمی تورکیاین. پەنجەی دەوڵەتی تورک لە هەموو هێرشەکانی سەر هەرێمەکەدا هەیە. ئەم هێرشە لە دژی هەموو خەڵکی سووریایە، بۆیە هەموو مرۆڤێکی بەشەرەف خۆی دەپارێزێت. دەڵێن بە بیانووی پەکەکە هێرش دەکەن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. ئامانجی هێرشەکان هەموو گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە. ئێمە وەک عەشیرەت لە دژی داگیرکاری دەوەستینەوە".

ژ.ت