وەڵامی چەتەکان درایەوە: ٣ چەتەکوژران

ئەنجومەنی سەربازی منبج وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و ٣ چەتە کوژران.

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئاگریان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی گوندی یالانلی سەر بە منبج بەردا.

ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. دیاری کرا کە بەهۆی باوە ئاگرەکە بەرەو ناوچە نیشتەجێبووەکان دەڕوات.

لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیەوە، گوندی ئوم ئەلقورەی شەهبا بە تۆپ بۆردومان کرا.

ئەنجومەنی سەربازی منبج لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی چەتەکانی دایەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لە ئەنجامی وڵامدانەوە دژی چەتەکان، ٣ چەتە کوژراون. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی چەتەکان لەناوبراوە.

"گەلەکەمان دەپارێزین"

"بەرێوەبەری خۆسەری دیموکراتیک لە کانتۆنی منبج سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لێدوانێکی دا.

ئایەت دەندەل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنەکە بەیاننامەیەکی بە ئامادەبوونی ئەندامانی بەڕێوبەری، ئەنجومەنی کۆبونەوەی ژنانی زەنۆبیا، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و لایەنەکان خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا جارێکی دیکە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە شەرمەزار کرا و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەم هێرشانە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەوڵەتی تورک بە تۆپباران و سووتاندنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان چووەتە قۆناغی بە ئامانجگرتنی بژێوی گەلانی سووریا و لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، دانیشتوانی کانتۆنەکە زەوییەکانیان چۆڵ ناکەن، بەڵکوو خۆیان و هەرێمەکانیان لە هێرشە هاوبەشەکانی لە گەڵ چەتەکان دەپارێزن."