ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی هێرشەکانی ئەمڕۆ دژی ئێشکگرانی بەنداوی تشرین کە لە ئەنجامدا ٢ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون، ٢٠ کەس برینداربوون کە ٤ ڕۆژنامەنووسی تێدایە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشەکانی وەک پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەیی و مرۆییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە ناساند، دەڵێت: "بەئامانجگرتنی بەنداوی تشرین سەختی بەدەستهێنانی ئاو و وزە بۆ هاوڵاتیان زیاتر دەکات. هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بەنداوەکە مەترسی ڕووخانی بەنداوەکە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییەکان دەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و ئەم هێرشانە دژی خەڵکی سڤیل و دامەزراوە ژیانییەکان بوەستێنن".
لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.