تۆپباران، ناتوانێ پێش لە فێربوونی زمانی دایک بگرێت

مامۆستایانی کانتۆنی حەسەکە، ڕایانگەیاند کە تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا ئێمە لە ئەرکەکانمان دوور ناخاتەوە

 

مامۆستایانی پەیمانگەی ''شەهید ڕۆزا جودی"، لە ناوچەی دربێسیە-ی سەربەکانتۆنی حەسەکە، تۆپبارانی سوپای تورکیای داگیرکەریان لەسەر ناوەند و ڕێکخراوەکانی پەروەردە شەرمەزار کرد و وتیان بە تۆپباران ناتوانن پێش لە فێربوونی زمانی دایک بگرن.

سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی هاوپەیمانی، لە ٢٠کانوونی دووهەم / ٣٠ی بەفرانبارەوە بەهەموو جۆرە چەکێکی قورس و تەنانەت چەکی قەدەخەکراویش، پەلاماری عەفرین دەدەن. لەو هێرشانەدا، خەڵکی مەدەنی، شوێنەواری مێژوویی، گۆڕستانی شەهیدان، شوێنە پیرۆز و ئایینیەکان، قوتابخانە و هەروەها ڕێکخراوە خزمەتگوزارییەکان، کراونەتە ئامانج.

مامۆستایانی ناوچەی دربێسیە-ی سەر بە کانتۆنی حەسەکە، لەوبارەوە ناڕەزایەتیان پێشاندا.

ژیان حەمۆ، ئیدانەی هێرش دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری بۆ سەر ڕێکخراوەکانی پەروەردە کرد و ڕایگەیاند: لە باکووری سووریا ئەوە ماوەی ٧ساڵە سیستەمی پەروەردە بە زمانی دایکییە. دەوڵەتی تورکیا لە دژی ئەوەیە کە گەل فێری زمانی دایکی ببێت. ئێمە وەکوو مامۆستایانی دربێسسە-ی حەسەکە، پشتیوانی مامۆستایانی عەفرین دەکەین و لەبەر ئەوەی ''هەم مامۆستا و هەمیش شەڕڤانن''، دەستخۆشیان لێدەکەین.

 

جوان برۆ، مامۆستایەکی دیکەی دربێسی، ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورکیا بە هێرش کردنە سەر قوتابخانە و ڕێکخراوەکانی ڕاهێنان، دەیەوێ ئاستەنگی لەبەردەم سیستەمی پەروەردە و دەرکەوتنی نەوەیەکی زانا، درووست بکات. جوان برۆ، هەر وەها وتیشی: ''ئەو هێرشانە ناتوانێ لەبەردەم ڕاهێنان و بارهێنان ببێتە ئاستەنگ. ئەگەر پێویست بکات ئێمە لە ژێر چادر دا ئەرکەکانی خۆمان پێک دێنین و خوێندکاران فێری زمانی دایکیان دەکەین".