تەڤدەم؛ با کەسانی خۆفرۆش بەشداری لە شەڕی دژی گەلی کورد نەکەن

تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیی – تەڤدەم، بە ڕاگەیەندراوێک داوای لە خۆفرۆشان کرد کە بەشداری شەڕی دژی گەلی کورد نەبن.

تەڤدەم، ڕایگەیاند: لە کوردستان، ئەردۆغان هەوڵی ناکۆکی زیاتر دەدات، هەربۆیەش هێندێک کەسیان بە نێوی ''پارێزوانی گوندەکان" بەشداری هێرشی دژی عەفرین کردوە. ئێمە داوا لەو خۆفرۆشانە دەکەین، لەشەڕی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورددا، بەشداری نەکەن.

لە ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم‌دا هەاتووە؛

''هاوکات لە گەڵ تێکشکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لە هەمبەر بەرخۆدانی ئەفسانەیی گەلی عەفرین، ئەردۆغان بەردەوامە لەسیاسەتەکانی خۆی دەربارەی دژایەتیکردنی یەکێتی گەلان و تێکۆشان ئازادی ئەوان. ئەردۆغان لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە لە هەوڵی نانەوەی پشێوی و ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی سووریا دابووە. لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک شەڕڤانانی یەپەگە/یەپەژە، شاری گرێ‌سپی-یان لە چەتەکانی داعش ڕزگار کرد، ئەردۆغان دەستی کرد بە چەواشەکاری و وتی کە یەپەگە سیاسەتی قڕکردنی گەلان پەیڕەو دەکات. بەڵام لە سایەی تێکۆشانی پێکهاتەکانی هەرێمەکە، هەموو ئەو دەنگۆیانە وەدرۆ خرانەوە.

تەڤدەم، هەروەها باس لەوە دەکات کە ''ئەردۆغان لەو پڕۆژە دێموکراتییە دەترسێ کە لەلایەن گەلانی هەرێمەکەوە بەڕێوە دەچێت. بۆیە هەروەک عوسمانییەکان لە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە دژی یەکێتی گەلانی هەرێمەکە دایە. ئەردۆغان لە عەفرین-یش کەسانێک کە خۆیان وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی سوویا بەنێودەکەن، بەکار دینێت. ئامانجەکانی ئەردۆغان ڕوون و ئاشکرایە، ئەویش تێکدانی ژیانی هاوبەشی گەلان و ئاڵۆزتر کردنی بارودۆخی سووریایە.

ئەردۆغان، لە کوردستان-یش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات و دوای ئەوەی کە هەموو هەوڵدانەکانی تێکچوون، ئێستا لە هێرشەکانی بۆ سەرعەفرین، کەڵک لە کۆمەڵێک خۆفرۆش بە نێوی ''پارێزوانی گوند" وەردەگریت. وادیارە ئەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی 'لە هەرلایەکیان بکوژرێ هەر قازانجە' دایە.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەی تەڤدەم‌دا هاتووە: ئێمە وەکوو دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری کۆمەڵگەی دێموکراتیک –تەڤدەم، دڵنیایی دەدەین لەوەی کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پڕۆژەی فێدرالیزمی نێوان گەلان. ئیمە قەت ئەو هەوڵدانانەی لە دژی پێکهاتەکانی هەرێمەکە و بەتایبەتی لەنێوان کورد – عەڕەب دەکرێن، پەسەند ناکەین. هەر بۆیە ئێمە بەو کوردانەی کە بەنیوی ''پارێزەرانی گوند" بەکاردەهێنرێن دەڵێین؛ ئەگەر ئێوە فکروخواستەکانی ئێمەش قەبووڵ ناکەن، بەشداری شەڕی دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەلی کوردیش مەبن. لە عەفرین، دەوڵەتی تورکیا شکستی هێناوە و ڕۆژبەڕۆژیش هەژماری کوژراوانی لە بەرزبوونەوە دایە. بۆیە لە هەوڵی ناردنی منداڵەکانی ئێوەیە و بەرەو مردنیان دەنێرێت، پێویستە ئێوە نەبنە سووتەمەنی ئەو شەڕە.