مەروان حەمۆ برا گەورەکەی دۆزدار حەمۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار باسی لە کەسایەتی براکەی کرد و وتی،"دۆزدار کەسایەتیەکی خۆشەویست و شەڕڤانێکی بەهێز بوو."
مەروان حەمۆ لەسەرەتادا بەهۆی شەهیدبوونی دۆزدار حەمۆ میلیتانی پێشەنگی پەکەکە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان، هەڤاڵان و عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان وەک خانەوادەی شەهید دۆزدار، شانازی بە شەهادەت و تێکۆشانی شەهید دۆزدار لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا دەکەن.
مەروان حەمۆ لەبارەی کەسانەیتی دۆزدارەوە قسەی کرد و وتی،"شەهید دۆزدار برای بچووکی خانەوادەیەکی ٧ کەسی بوو، بەو هۆیەوە لەناو خانەوادەکەماندا زۆر خۆشەویست و میهرەبان بوو. لەگەڵ هەڤاڵان و خانەوادەکەیدا کەسێکی لەسەرخۆ و بەهێز بوو. ئەوەی کە دەیناسی خۆشی دەویست."
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو،"شەهید دۆزدار لە ساڵی ١٩٩٠دا لەگەڵ گروپێک لە هاوڕێکانی بۆ پەروەردە بەرەو ئەکادیمی ماحسوم کورکماز لە لوبنان ڕووی و دوای زیاتر لە ٤ مانگ، لە ١٣ی ئابی هەمان ساڵدا گەڕایەوە. لەو کاتەدا زۆر تەئکیدی دەکردەوە کە بەشداری لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بکات. بیرم دێ ئەو کاتە زۆرم هەڵدا پەشیمانی بکەمەوە و لە جێگەی ئەو من بەشداری بکەن، لەبەرئەوەی لە ئێمە بچووکتر بوو و ئێمەش دەترساین. بەڵام ئەو پێی وتم، هەڤاڵ گیان، ئەمە شۆرشە، منیش دەمەوێت بەشداری لەم شۆڕشەدا بکەن. من بەڵێنم بە شەهیدان و سەرۆکایەتی و هەڤاڵانم داوە کە بەردەوامی بە ڕێگای ئازادی بدەم. ئەمە مافی منە کە شێوەی ژیانی خۆم هەڵبژێرم و لە ١٨ی ئابی هەمانساڵ بەشداری لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرد."
مەروان حەمۆ وتیشی، کاتێک لە عەفرین شەهید دۆزداری بینیوە، هەموو کەسێک باسی کەسایەتی بەهێز و فەرماندەیەکی گەورەی ئەویان دەکرد و خۆشیان دەویست.
هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە براکەی بێ دوودڵی لە چوار پارچەی کوردستان شەڕی کرد و لە کاری خۆی سەرکەوتوو بوو.
مەروان حەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا دەشلێت،"دۆزدار کاتێک سەردانی خانەوادەکەی دەکرد، هەموو کاتێک مۆڕاڵی بە ئێمە دەدا. دۆزدار بڕوای تەواوی بە بەهای شەهیدان و ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆ هەبوو. بەسەدان کادری بزوتنەوەکەی پەروەردە کرد و لە ژیانی شۆرشگێری خۆیدا بەسەدان شۆرشگێری خوڵقاند."
عەبدولڕەحمان عەمۆ ناسراو بە دۆزدار حەمۆ دوای ٣٠ ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و شەڕ و بەرخۆدان لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٩دا لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهید بوو.
ف.ق