لە عەفرین ٣ هاووڵاتیى تر رفێندران

سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى لە گوندی مۆساکا لە ناوچەى راجۆی عەفرین ٣ هاووڵاتیى تریان رفاند.

بەپێى ئەو زانیاریانەى بە دەستمان گەیشتوون، سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى ٣ هاووڵاتییان بە ناوەکانى عومەر عەلیکۆ تەمەن ٣٣ ساڵ، عەگید محەمەد دەردۆ تەمەن ٢٨ ساڵ و محەمەد حەسەن محەمەد دەردۆی تەمەن ٢٢ ساڵ-یان رفاندووە.

ئەو ٣ هاووڵاتییە کاتێک لەسەر زەوییەکانى خۆیان سەرقاڵی کارکردن بوون لەلایەن چەتەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و دەستیان بەسەر تەلەفونەکانیاندا گرتووە و رفاندونیان. تا ئێستا نازانرێت ئەو ٣ هاووڵاتییە بۆ کوێ رفێندراون.

بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکان، سوپاى تورکیاى داگیرکەر رۆژی هەینى ماڵی محەمەد حەفیدی-یان تاڵانکردەوە، کە خانووەکەى دەکەوێتە باکوورى گوندی مۆساکا.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى مانگێک لەوە پیش لە گوندی کەباشین لە ناوچەى شێراواى عەفرین گۆرانیبێژێکیان بە ناوی حەسەن عەبدۆ رفاندووە و تا ئێستا چارەنووسى نادیارە.

عەفرین کە لەلایەن سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانیەوە داگیرکراوە، رۆژ نییە تاوانی جەنگ ئەنجام نەدەن و هەموو رۆژێک هەواڵى ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی و تیرۆرى هاووڵاتییان لە عەفرینەوە بڵاودەکرێنەوە.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر لەگەڵ چەتەکانی لە ٢٠ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٣٠ى بەفرانبار هێرشەکانى بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد و رۆژی ١٨ى ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ى رەشەمە چوونە ناو عەفرین.

لە رۆژى داگیرکەرییەکەیانەوە تاوەکو ئێستا سەدان هاووڵاتییان کوشتار کردووە و رفاندونیان. ماڵ و موڵکى هاووڵاتییان تاڵان دەکەن و ئاگری تێبەردەدەن. رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ماوەیەک لەوە پێش لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندبوو، ئەو چەتانەى لەلایەن تورکیاوە پشتیوانى دەکرێن، دەستیان گرتووە بەسەر ماڵ و موڵکى هاووڵاتیان و تاڵانى ئەنجام دەدەن.

ر.م