چیرۆکێک لە شۆڕشگێڕێکی شەهبا

لەهەر بەرەیەکی تێکۆشانی عەفرین و شەهبا مرۆڤەکان خاوەنی چیرۆکێکی تایبەتین، چیرۆکی کەسانێک کە باوەڕیان بە شۆڕش هەیە و بەهیوای ئەنجامێکی بێ وێنەوەن.

لە عەفرین و شەهبا، لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا، هەموو کەس قارەمانێکی خۆڕاگرە. هێندێکیان گەنج و هێندێکیان دایک و هێندکیشیان بەساڵاچوویەکی ٧٠ساڵانەن.

بەرخۆدانیی سەردەم-ی عەفرین کە لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی بەڕێوە دەچێ لە ٢٨ەمین ڕؤژی دایە. بۆ ئەوەی کە ئێمە ئەو بەرخۆدانییە لە نیزیکەوە ببینین ڕوومان کردە بەرەکانی بەرەنگاربوونەوە.

وێستگەی ئێمەی ئەوجارە بەرەیەکی جەیش ئەلسوار- سوپای شۆڕشگێرانە لە هەرێمی شەهبا. کاتێک کە ئێمە دەچووینە حەوشەی خانوویەکەوە کە سەردانیمان کردبوون، ''ئەبوو نەدم''مان بینی کە خەریکی درووست کردنی خواردن بوو. بەو تەمەنە زۆرەوە زۆر ڕووخۆش و دەم بە پێکەنین بوو. چوومە لای و دەستمان کرد بە قسەکردن.

لێم پرسی چەند ساڵی. بە پێکەنینەوە وتی ٦٣ ساڵ و چەند ساڵێکی دیکەش. پرسیم بەو چەند ساڵەی دیکەوە دەبێتە چەند؟ ئەبوو نەدم بە زەردەخەنەیەکەوە وتی؛ ''پێشووتر من هەمیشە تەمەنی خۆمم کەمتر دەکووت. دەمکووت جارێ گەنجم، بەڵام ئێستا تەمەنم ناشارمەوە".

ئەبوو نەدم، دەڵێ ٤کچ و ٧ کوڕم هەیە. ٢ لە کوڕەکان لە نێو جەیش ئەلسوار دان. کوڕێکی دیکەشم دەکەمە شەڕڤان، دەبێ ئەویش ببینم.

ئەبوو نەدم، چیرۆکی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە. خەکی شاری تل‌حاسڵ-ی کوردنشینی سەربە شاری حەڵەب-م. ساڵی ٢٠١٣، گرووپە چەتەکانی نوسرە و هێندێک چەتەی دیکە لە شاری دیلۆک لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا کۆبوونەوە، دوای ڕۆژێک هێرشیان کردە سەر تل‌حاسڵ و تل‌حەڕان و ١٥٠ کەسی مەدەنییان لە تل‌حاسڵ شەهید کرد کە ژن و منداڵێکی زۆریشیان تێدابوو.

من دەربارەی ئەو هێرشەوە پرسیارم کرد. ئەبوو نەدم وتی: ''ئەو کات من شەڕڤانێکی جبهەی ئەکراد بووم. من لەنێو یەکەمین گرووپدا بووم کە لە هەمبەر هێرشەکان وەستانەوە. شەڕ درووستبوو، ئێمەش زۆرمان لەوان کوشت. بەلام ئەوان دواتر لە پشتەوە هێرشیان هێنا و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. دواتر ئێمە هاتینە عەفرین. لەو ڕۆژەوە لەگەڵ جەیشئەلسوارم کە جەبهەی ئەلئەکرادیشی تێدایە".