گەلی جندرێس؛ با خوێنی ئێمە لەسەرخاکی خۆمان بڕژێت

یەکێک لەو شوێنانەی کە لە هەفتەی ڕابردوودا بوو بە ئامانجی هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی، ناوچەی جندرێس-ە. هاووڵاتیانی جندرێس دەڵێن؛ چی دەبێ با ببێت ئەگەرقەرارە خوێنمان بڕژێت، با لەسەر خاکی خۆمان بڕژێت.

بەرخۆدانیی سەردەم کە لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئەنجام دەدرێ، ٢٨ ڕۆژی لەپاش خۆی بەجێهێشت. شەڕڤانانی یەپەگە/یەپەژە و گەلی عەفرین لەدژی هەر جۆرە هێرش و پڕوپاگەندەیەکی مێدیاکانی سەر بە تورکیا، بە ئیرادەی خۆیان وەڵام دەدەنەوە.

دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کە ناتوانێ لەسەر زەوی پێشڕەوی بکات، لە هەفتەی دواییدا بە هێرشی فڕۆکە و چەکی گران، هەوڵ دەدات کە هێندێک ئامانج وەدەست بخات. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانیشی، گەلی جندرێس ئامادەنین یەک هەنگاو بەرەو دواوە هەڵێنن و سەلماندوویانە کە ئەوان بە بڕیارەوە لەو خۆڕاگرییە شکۆمەندەدا بەشدارن.

جندرێس، بە خەستی بۆردوومان دەکرێت. هەواڵنێرانی ئاژانسی فورات، بەنێو کۆلانەکاندا گەران و لەگەڵ هاولاتیان قسەیان کرد. لە جندرێس، نیزیکەی ١٠هەزار کەس نیشتەجێیە. بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانەوە لە ژێرزەمینەکاندا دەژین و خاکی خۆیان بەجێ‌ناهێڵنن.

سەرەڕای ئەو بۆردوومانە قورسەش، گەلی ناوچەکە شەڕڤانەکانی خۆیان بە تەنیا ناهێڵنەوە. ''نێعمەت عومەر"، لە جندرێس-ەوە قسەی بۆ ئێمە کرد و وتی: نابێ کە ئێمە ناوچەکەی خۆمان بەجێ‌هێڵین و بڕۆین. بارودۆخی ئێمەش و ڕۆحیەی ئێمەش باشە. ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و مافی ئێمەیە کە خۆمان بپارێزین".

لە کۆڵانێکی دیکەی جندرێس، 'گازی محۆ'، قسەمان بۆ دەکات و وتی کە ىێ ناوبەر، ئێرە بۆردوومان دەکرێت. 'محەممەد خەلەف'یش وتی کە دایک و بابیێکی پیری هەیە و لە ژێرزەمینی خانووەکەیاندا دانیشتوون و نایانەوێ ماڵەکە بەجێ‌هێڵن.

ژنێک بەنێوی 'عەزیزە میرا'، لەسەر پرسی " لەگەڵ ئەو هەموو بۆردوومانە قورسە ئایا ئێوە بیرتان لەوە کردۆتەوە کە ناوچەکە بەجێهێڵن؟''، وتی: "ئێمە بۆ کوێ بڕۆین؟ ئێمە چۆن بڕؤین؟ ئێمە بۆ بڕۆین؟ ئێمە دەست لە خاکی خۆمان بەرنادەین. تەنیا ئەوڕۆ بۆمنیان بەسەرماندا نەباراندووە بەڵکوو ئەوە ٢٧ڕۆژە بۆمبارانمان دەکەن. بەڵام ئێمە ناڕۆین. من جێی خۆم بەجێناهێڵم. کوڕەکەی من ئەندامی ئاسایشە و بۆخۆشم ئەندامی خۆپاراستنم. ئێمە خاک و نیشتیمانی خۆمان بەجێناهێڵین. مردن تەنیا جارێکە و ئەویش با لەسەر خاکی خۆمان بێت. ئەگەر دەبێ خوێنمان بڕژێت، با لەسەر خاکی خۆمان بڕژێت. کاری ئەوان لەسەر خاکی ئێمە چییە؟ ئێمە لێرە لەدایک بووین، هەر لێرە گەورە بووین و هەر لێرەش دەمرین".

ک-ش