لە سلێمانی یادی شەهیدانی ٩ی گوڵان کرایەوە

ژمارەیەک لە وڵاتپارێزانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و چالاکوانانی کورد لە شاری سلێمانی یادی شەهیدانی ٩ی گوڵانی ٢٠١٠یان کردەوە.

ژمارەیەک لە وڵاتپارێزانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و چالاکوانانی کورد لە شاری سلێمانی یادی شەهیدانی ٩ی گوڵانی ٢٠١٠یان کردەوە و دووپاتی دەکەنەوە، کە بە بەردەوامیدان بە ڕێگایان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان و مسۆگەرکردنی ئامانجەکانیان، شوێنکەوتووی ڕێگایان بن، هاوکات هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ سەر باشوری کوردستان شەرمەزار دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ بەبۆنەی ١١یەمین ساڵیادی شەهیدانی مانگی گوڵانی ٢٠١٠ کە پێکهاتبوون لە شەهیدان )شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان، مەهدی ئیسلامیان( و سەرجەم شەهیدانی ئەم مانگەوە، ژمارەیەک لە وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و چالاکوانان لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیان ڕێکخست و تێیدا وێنە و پۆستەری ژمارەیەک لە شەهیدانی مانگی گوڵانیان بەرزکردبووەوە.

لە گردبوونەوەکەدا مەلەک ئەحمەد، پووری شەهید شیرین عەلەم هولی وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە هەتا بژین درێژە بە ڕێچکەی ئەو شەهیدانە دەدەین، کۆماری ئێران لە دەستبەکاربوونییەوە هەتا ئێستا بۆ مانەوەی خۆی پەنای بۆ دژایەتییکردنی گەل و کوشتوبڕ بردووە، بەڵام ئێمە دەزانین هیچکات کێشەکان بەمشێوەیە چارەسەر نابن.

وتیشی: داوا دەکەین چارەنووسی تەرمی شەهیدان ڕوونبکرێتەوە، هاوکات داوا لە گەلی کورد دەکەین کە یەکڕیزبێت و پێکەوەبێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو زوڵم و ستەمە بهێنێت.

پاشان پەیامی گروپێک لە وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئاکام میدیا، چالاکوانەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: مانگی گوڵان لە تێکۆشانی ئازادیی گەلاندا بە تایبەت گەلی کوردستان، لە دەستپێک تا کۆتایی بووتە مەڵبەندی تێکۆشان لە بەرامبەر داگیرکەریی، کۆمەڵکوژی، فاشیزم و دەسەڵاتداری، هەر لەم مانگەدا زۆرێک لە تێکۆشەران گەیشتوونەتە لوتکەی شەهادەت، شۆڕشگیرانی ئینتەرناسیوناڵ، سۆسیالیست و کورد بە ڕۆحێکی فیداییانە ئەم مانگەیان ڕازاندووەتەوە، لە دەنیز گەزمیش تا حەقی قەرار و خەسرەو ڕوزبەهیان، لە ئیبراهیم بیلگەن تا محەمەد قەرەسونقوڕ و لە لەیلا قاسم تا هۆزان مزگین، بە سەدان شەڕڤانی ڕێگای ڕاستی و ئازادی، مانگی گوڵانیان بە دەستکەوت و بەهایەک کە خولقاندیان ڕازاندەوە و لە کەسایەتی خۆیاندا گەلانی بندەستیان زیندوو کردەوە، ئەو شۆڕشگیرانە بە تێکۆشانیان، شێوازێکی بەرخۆدێرانەیان لەناو گەلەکەیان بنیاتنا.

ئاماژە بەوەشکراوە: لە بەردەوامی پیلانەکانی دژبە گەلی کورد، هەر چەند ڕۆژ دوای پیلانگێڕییە چەپەڵەکەی داڵاهۆ، دەسەڵاتی داگیرکەریی ئێران کە بە یاسا دژە مرۆڤانەکانی، هەمیشە بۆ پێشگرتن لە تێکۆشانی ئازادیی گەلان، ڕێبازی سێدارە و کۆمەڵکوژیی بەکاردێنێت، بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠ـدا، چوار ڕۆڵەی چاونەترس و کۆڵنەدەری گەلەکەمان؛ فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی، لەگەڵ تێکۆشەرێکی دیکەی ئێرانی بەناوی مەهدی ئیسلامیانی، لە زیندانی ئێڤینی تاران لە سێدارەدا.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: مانگی گوڵان بێهۆ ناونەنراوە مانگی شەهیدان، ئەمساڵ و هەر لەم مانگەدا، بە دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، چەندین ڕۆڵەی قارەمانی گەلی کورد لە بەرخۆدانە قارەمانانەکانی بەرامبەر ئەم داگیرکارییە پەیوەستی کاروانی شەهیدانی ئازادیی کوردستان بوون، شەهید هەورام ئاویەر فەرماندەی هەرێمی مێردینی هەپەگە و شەهید خەبات ئاسۆ کە سنوورە دەستکردەکانی زلهێزەکانیان لە کوردستان تێکشکاندبوو، چوونە ڕیزی قارەمانە شەهیدەکانی مانگی گوڵانەوە.

هەروەها هاتووە: ئەمساڵ و ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، دایکێکی قارەمان و نیشتمان پەروەر، کە بەو پەڕی دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان، ڕۆڵەکانی بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادیکرد و دواتر خۆی و هاوژینەکەشی ڕێگەی خەباتی ئازادیخوازانەیان هەڵبژارد، بووە سیمبۆلی تێکۆشانی ژنان و وشیاری و ڕەنجی دایکانی نیشتمان، هەڤاڵ شەهین جیهانی ناسراو بە “نیشتمان پەیوەند” نمونەی بەرزی دایکایەتی و ژنبوونە کە بە ئیلهام وەرگرتن لە هزر و ئەندیشەی ڕێبەر ئاپۆ، لە پێناو دەستبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و ئاواکردنی کۆمەڵگای  دیموکراتیک، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە تێکۆشانی بەڕێوەبرد و بە فیداکاری و دڵسۆزی و ڕەنجی بێ پایان، نرخی دایکایەتیی دوو هێندە کرد، گیانی بەخت کرد و بووە سەرقافڵەی دایکانی شەهیدی مانگی گوڵان.

وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کەسایەتی دایکی شەهید، نیشتمان پەیوەند، شەهید هەورام ئاویەر و شەهید خەبات ئاسۆ، شەهیدانی چاپەمەنی پژاک، شەهیدانی داڵاهۆ، شەهیدانی سێدارە و شەهیدانی مانگی گوڵان، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بەبیر دێننەوە و سەری ڕێز و نەوازش لە بەرامبەریاندا نەوی دەکەن و بەڵێن دەدەن کە “بە بەردەوامیدان بە ڕێگایان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانمان، بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان و مسۆگەر کردنی ئامانجەکانیان، بێ دوودڵی، شوێنکەوتووی ڕێگایان بین”.

بەشداربوونای گردبوونەوەکە هاوکات هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ گەریلاکانی کوردستان دوپاتکردەوە و یادی شەهیدانی بەرخۆدانەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین-یان بەرزڕاگرت.

لە کۆتاییشدا گردبووەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی “شەهید نامرێ، بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی بەرخۆدانی گەریلا” کۆتاییهات.

ف.ق