ئادسۆی دوای ٣٠ ساڵ مانەوە لە زیندان بە هەلهەلە و چەپڵەرێزان پێشوازی لێکرا

عەبدولوەهاب ئادسۆی زیندانی سیاسی کە ماوەی ٣٠ بەدیل گیرابوو، ئازادکرا و لە زێدی خۆی لە قۆسەری مێردین بە هەلهەلە و چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا.

عەبدولوەهاب ئادسۆی لە زیندانی ژمارە یەکی باندرما، دوای ٣٠ ساڵ بەدیلگیرانی ئازادکرا. ئادسۆی کانونی یەکەمی ١٩٩٣ لەناوچەی قۆسەری مێردین زیندانی کرا و دادگای ئەمنی دەوڵەت لە ئامەد سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئادسۆیدا سەپاند. ئەو زیندانیە سیاسیە دوێنێ ئازادکرا و گەڕایەوە ناوچەی قۆسەری زێدی خۆی.

ئادسۆی لەلایەن بنەماڵەکەی و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنیەکان لە فرۆکەخانەی مێردین بە چەپڵەڕێزان و هەلهەلە پێشوازی لێکرا و لەوێشەوە لەگەڵ کاروانێکی ئۆتۆمبێل رووی کردە ماڵەکەی لە ناوچەی قۆسەر و لەوێ بە دەهۆڵ و زوڕنا و هەڵپەڕکێ و چەپڵەڕێزان بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

ئادسۆی لە مەراسیمی پێشوازییەکەدا قسەی کرد و وتی، "بەڵێنێکم دابوو و بۆ بە جێگەیاندنی ئەو بەڵێنەشم دەژیم. ٣٠ ساڵم لە زیندان تێپەڕاند، بەڵام هەموو کات رۆحی من لەگەڵ ئێوەدا بوو. تا خوێن لە لەشمدا هەبێت تێدەکۆشم. گەلەکەمان سەرچاوەی هێزە بۆ ئێمە. تا گەلەکەمان لەگەڵمان بێت کەس ناتوانێت هیچ بکات. سپاسی هەمووتان دەکەم".

لای خۆیەوە هاوسەرۆکی لقی مەبیا-دەری مێردین ساڵح کودای ئاماژەی بە چالاکییەکان لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و هەڵگرتنی گۆشەگیری کرد و جەختی لە درێژەدان بە بەرخودان کردەوە.

هـ . ب