"ئەردۆغان بەسەردانەکەی دەستکەوتێکی نەبوو تا قەڕەبووی شکستەکانی بکاتەوە"

چاودێرێکی سیاسی: "پەنابردنی ئەردۆغان بۆ عێراق بەڵگەیە لەسەر شکستەکەی کە هیچ دەستکەوتێکی لە کردووە سەربازییەکانی دەستنەکەوتووە".

محەمەد نەسڕەدەین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر، شکستهێنانی لە ئامانجی سەردانەکە و هەوڵەکانی بۆ زیاتر داگیرکردنی خاکی کوردستان بەهاوکاری پەدەکە، هەروەها ناکۆکی قوولی نێوان عێراق و تورکیا کە ڕێگە بەهیچ پڕۆسەیەکی هاوبەش نادات، وە نیگەرانییەکانی خەڵکی باشوری کوردستان لە ملکەچ بوونی پەدەکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ڕازاندنەوەی قەڵای هەولێر بە ئاڵای داگیرکەر و جێبەجێ کردنی پلانگێرییەکانی تورکیا و چەند پرسێکی گرێداروی ئەو بابەتە، ناوبراو دوا.

ئەردۆغان تووشی شکستی گەورەبووە لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە

 سەبارەت بەشکستەکانی ئەردۆغان و سەردانەکەی بۆ عێراق، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "ئەردۆغان لەدوای شکستی لە ڕووی سەربازی لەو کردەوە تیرۆرستیانەی کە لە باشور و رۆژئاوای کوردستان دەیکرد، هەروەها دوای ئەو شکستە گەورەیەی کە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان و تورکیا تووشی بوو بەدوای سەرکەوتنێک یاخود دەستکەوتێکی ئابووری دەگەڕێت بۆ ئەوەی ڕووی خوی سپی کاتەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیا یەکێک لە پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ عێراق ئەوە بووە".

        بەسەردانەکەی هیچ شتێکی دەستنەکەوت قەڕەبووی شکستەکانی بکاتەوە

 ئەو چاودێرە سیاسییە تیشکی خستەسەر شکستهێنانی ئەردۆغان لە پێکانی ئامانجەکانی لە سەردانەکەی بۆ عێراق و ئاشکرای کرد: "سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق ئەو دەستکەوتەی نابێت کە جێی قەرەبووی ئەو شکستە گەورەیەی بۆ بکاتەوە کە لە هەڵبژاردنەکان تووشی بوو وە قەرەبووی ئەو شکستە سەربازییە گەورەیەی بۆ بکاتەوە کە چەندین ساڵە بەڵێنی بە خەڵکی تورکیا و نەتەوە پەرستەکانی تورکیا داوە کە کێشەی ئەمنی کۆتایی پێ دێنێ لەڕووی ئەو شکستانەیەوە پێم وایە لەم سەردانەی ئەردۆگان ئەوەنە دەستکەوتی دەست ناکەوێت کە قەرەبووی ئەو هەموو شکستانەی بۆ بکاتەوە".

 ڕازاندنەوەی قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا بە شەرمەزارییەکی گەورە بینرا

 محەمەد نەسڕەدین باسی قەبووڵ نەکردنی خەڵکی باشوری کوردستانی کرد بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان و ڕازاندنەوەی هەولێر و قەڵاکەی بە ئاڵای تورکیا، ئاشكرای کرد: "ئەوەی زۆر گرنگ بوو لە شەقامی سیاسی و لەسەر ئاستی جەماوەری لە هەرێمی کوردستان ئەو جیاوازییە گەورەیە بوو کە کەوتە نێوان تێڕوانینی خەڵکی کورد لە باشوری کوردستان بۆ ئەردۆغان و سیاسەتەکانی لەگەڵ تێڕوانینی هەندێ بەرژەوەندیخواز لە دەسەڵاتی کوردیدا "پەدەکە"، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر بە تەواو ڕەتکرایەوە لە لایەن جەماوەری کوردەوە لە باشوری کوردستان وە لە سەیرکردنی خەڵکی بۆ ئەو ڕازاندنەوەی ئاڵا بە تایبەتی قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا بە عەیبە و نەنگەیەکی گەورە بینرا".

 جەماوەری باشور دژی سەردانەکەی ئەردۆغان بوون و بە پیلانگێری دەیبینن

 لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی ڕەتکردنەوەی جەماوەری باشوری کوردستان بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان و بەرژەوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ڕەتکردنەوەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر لەلایەن جەماوەری باشوری کوردستان، ئەوەمان پێ نیشان دەدا کە لە باشووری کوردستان دوو بۆچوونی جیاواز هەیە، بۆچوونێک تەواو دژی ئەو سەردانە بووە و بە سەردانێکی پیلانگێڕی سەیری کردووە، لەگەڵ سەیرکردنی پەدەکە لە باشوری کوردستان ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندی حزبی وەکو دەستکەوت سەیری سەردانەکەی کردووە بۆیە خەڵکی لە باشوری کوردستان بۆچوونی تەواو جیاواز بووە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی قەڵای هەولێری بۆ ئەردۆغان ڕازاندەوە".

 عێراق داواکارە تورکیا پێشەڵکارییەکانی بوەستێنێت و خاکەکەی بەجێبهێلێت

 محەمەد نەسڕدەین سەبارەت بە هەڵوێستی عێراق دژ بەداگیرکارییەکانی تورکیا و ململانیەی سیاسی نێوانیان، ئاماژەی بەوەکرد: "پەنابردنی ئەردۆگان بۆ عێراق بۆئەوەی پاڵپشتی بکات بۆ کردەوەی سەربازی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تا ئێستا ئەردۆغان شکستی هێناوە لەوەی هیچ دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت، لەو کردەوە سەربازییە تاکلایەنانەی کردوویەتی، ئەستەمە عێراق هەماهەنگی بکات لەگەڵ تورکیا یاخود ژووری سەربازی هاوبەشیان هەبێ لەبەر ئەوەی ئەگەر تورکیا داواکاری لە عێراق هەبێت ئەوە عێراقیش داواکاری لە تورکیا دەکات کە خاکی بەجێ بهێلێت و لە سنوری عێراق دەربچێت و پێشەڵکارییەکانی سنوری عێراق ڕابگرێت و دەست وەرنەداتە سیاسەتە ناوخۆییەکانی عێراق".

 ناکۆکی قوولی نێوان عێراق و تورکیا ڕێگە بەهیچ پڕۆسەیەکی هاوبەش نادات

 ئەو چاودێرە سیاسییە تیشکی خستەرسەر ناکۆکی قولی نێوان عێراق و تورکیا و ڕایگەیاند: "ئەو ناکۆکییە گەورەیەی لە ڕووی سیاسی لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە ڕێگا نادات کە پرۆسەی سەربازی هاوبەش بکرێ لەبەر ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەکی عێراق لەوەدانییە کە پاڵپشتی تورکیا بکات لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی یان سەربازی، بە تایبەتی ئەم حکومەتەی ئیستای عێراق، کە لە ڕابردوودا عێراق حکومەتی بەهێزتری هەبووە لە سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن بەڵام تورکیا نەیتوانیوە ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کورد دایە داگیری بکات".

 عێراق ناچێتە پرۆسەیەکی سەربازی لەگەڵ تورکیا

 لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "لەئیستادا حکومەتی عێراق ئەو توانایەی نیە بچێتە هیچ پرۆسەیەکی سەربازی لەگەڵ تورکیا و لەهەمان کاتدا حکومەتی عێراق هیچ لە بەرژەوەندیی نیە بچێتە چوارچێوەی پرۆسەیەکی سەربازی لەگەڵ تورکیا کە تەنها سوودمەند لی ئەردۆگان و دارو دەستەکەی دەبێ".

هـ . ب