جوتیار پێشەوا: باشترین جێگرەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی ئێستا، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە

بەشداربووی کۆنگرەیی حەوتەمی پەژاک جوتیار پێشەوا بەستنی کۆنگرەکە لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆزکرد و ئاماژەی بەوەدا؛ "ئامانجی کۆنگرەیی حەوت بۆ چەسپاندنی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە لە ئێراندا."

کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک

بەشداربووی کۆنگرەیی حەوتەمی پەژاک جوتیار پێشەوا، سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەیی حەووتەمی پەژاک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی لە ئامانجەکانی کۆنگرەکە کرد.

جوتیار پێشەوا لەسەرەتایی قسەکانیدا یادیی شەهیدانی کردەوە و بەم شێوەیە بەردەام بوو: "سەرەتا بە ڕێز و حورمەتەوە لە کەسێتی شەهیدان کە لە دەستپێکی دامەزراندنی پەژاکەوە شەهیدبوون و بوون بە سیمبوڵی ئازادی و تێکۆشان بۆ هەمیشە لە یاد و فکری ئێمەدان، یادیی هەموو شەهیدانی ڕێگەیی ئازادی کوردستان بە بیردێنەمەوە. هەروەها هەموو شەهیدانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە بوون بە سیمبوڵی بەرخۆدان بەرامبەر بە سیستەمی داگیرکاری ئێران، بە ڕێز و حورمەتەوە بیردێنمەوە.

کۆنگرەیی حەوتەمی پەژاک لە ڕێبەر ئاپۆ، لە بنەماڵەی شەهیدان، دایکی شەهیدان، لە گەلی کوردی وڵاتپارێز و هەموو گەلانی ئێران پیرۆز دەکەم.

ئامانجی لە پێشینەی کۆنگرە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵیە

باوەڕمان وایە؛ کۆنگرەیی حەوتەمی پەژاک دەبێتە هەنگاوێکی گەورە  بۆ چارەسەری کێشەکانی گەلانی ئێران، ئامانجی لە پێشینەی کۆنگرە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە کە ئەمەش ڕۆڵی بەرپرسیارێتی هەموو کوردێکە.

ئەنجامدانی کۆنگرەیی حەوتەمی پەژاک پێویستیەکی ئەم قۆناغەیە، بۆ خاوەنداریکردن لە ئایدیا و بەرخۆدانەکانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' و ڕێگریکردن لە بەلارێدابردنی ئامانجی ئەو شۆڕشەیە. هەرەوەها ئامادەسازییەکانی پەژاکە بۆ ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە لەناوچەکە و جیهاندا ڕوودەدەن. گرنگی کۆنگرە لەوەدایە دەبینە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کە دێنە کایەوە و کاریگەری خۆمانی لەسەر دادەنێن، نەک ئەوەی لەچاوەڕانی ئەوەدابین ئاخۆ گۆڕانکارییەکان چییان پێیە بۆ ئێمە. بەو مانایە پێویستە ڕۆڵی بنەڕەتیمان هەبێت لە گۆڕانکارییەکاندا، بۆیە بەرنامە و ئامانجی ئێمە لە کۆنگرە هەر ئەوەیە بۆ پاشەڕۆژ.

باشترین جێگرەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی ئێستا، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە

چارەسەریی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلانی ئێران 'کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە' بۆ ئەوەی ئەم مۆدێلی بەڕێوەبردنە بەتەواوی بگەیەنین بە گەلانی ئێران، پەژاک کۆنگرەی خۆی بەست. ڕوونە باشترین جێگرەوە بۆ دەسەڵاتی قڕکەر و چەوسێنەری ئێستایی ئێران، بونیادنیانی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە لە ئێراندا. بۆیە لەم کۆنگرەیەدا تیشک خرایە سەرئەوەی کە پەژاک کەم کاریکردووە لە ئاشناکردنی سیستەمی بەڕێوەبەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بە گەلانی ئێران، بۆیە لەم کۆنگرەیەدا ئەمە وەک خۆڕەخنەکردنێک لێکدرایەوە لە ئاست گەلانی ئێراندا. لەم کۆنگرەیەدا جەخت لەوەکرایەوە بۆ بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک لە کوردستان و بونیادنانی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی لە هەموو ئێراندا هەنگاوی کاراتر و مەزنتر بگرینەبەر، بۆیە دڵنیام بەم هێز و وزە و ئیرادەیەوە دەبینە وەڵام دەرەوەی داخوازی هەرەزۆری خواستەکانی گەلانی ئێران لە داهاتوودا.

ناهێڵین تۆویی خیانەت بچێنرێت

بابەتیێکی تر و ئامانجێکی بنەڕەتی کۆنگرە ئەوەیە؛ هەموو دەستێکی خیانەت نەهێڵیین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، نەهێڵین تۆویی خیانەت بچێنرێت. چونکە دەسەڵاتداری و سیستەمی جیهانی دەیەوێت تۆوی خیانەت لە هەموو کوردستاندا بچێنێت و وەک نەخۆشیەک بڵاوی بکاتەوە. بۆیە پێویستە گەلی ئێمە بەرامبەر بەوە هۆشیاربن، وەک پەژاک لە هۆشیاریی و زانایی ئەوەداین.

دیسانەوە ئەم کۆنگرەیە لە گەلی وڵاتپارێزمان و گەلانی ئێران پیرۆزدەکەم."