ئۆجالان: کۆبانێ لە سەدەی ٢١ دا کلیلی چارەسەریی هەموو کێشەکانە

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەڕ و بەرخۆدانی کۆبانێ لە دژی داعش بە "شەڕی سەربەرزی و شکۆمەندانەی سەدەی ٢١" پێناسە کردووە و ڕایگەیاندووە، "ئێمە ژیانی ئازاد لە کەسایەتیی کۆبانێ و ژیانی نوێ دا بە گیانی بەرخۆدانی ئارین میرکان بونیات دەنێین".

کۆبانێ پاش شەڕی ناوخۆی سوریا لە هێزەکانی ڕژێم سەندرا و لەگەڵ عەفرین و جزیر "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک"یان تیادا  ڕاگەیاندرا. داعش لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ کردیە ئامانج. کۆبانێ لە سێ قۆڵەوە بە مەبەستی تێکشکاندنی شۆڕشی گەل کرابووە ئامانج، بەڵام بوو بە سەرەتای کۆتاییهاتن بە داعش. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی هێرشەکانی سەر کۆبانێ وتبووی، کەوتنی کۆبانێ کەوتنی هەموو کوردستانە و داوای لە هەمووان کردبوو، کە بەپێی ئەو ڕاستییە هەڵسوکەوت بکەن. بەم بانگەوازەوە کورد ڕووی لە سنووری کۆبانێ کرد و هێڵی بەرخۆدانی دامەزراند. ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک  لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا وتی، "کۆبانێ لە لێواری کەوتندایە" و ئەوەش توڕەیی کوردانی ئەوەندەی تر زیاد کرد، کوردان بە "راپەڕینی کۆبانێ" ڕژانە سەر شەقامەکان، هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دەستیان بە جموجوڵ کرد. دوای "ڕاپەڕینی کۆبانێ" داعش بەرەو شکست و هەڵوەشانەوە ڕۆیشت.

'کاتژمێر ٣ کەم ١٠ خولەکە'

٨ ساڵ لەمەوبەر، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پاش شەڕێکی سەخت لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا کۆبانێیان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد. شەڕڤانانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە هاوکاریی دۆستە ئینتەرناسیۆنالیست و سۆسیالیستەکانیان بە بەرخۆدانێکی گەورە کۆبانێیان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد. مژدەی سەرکەوتنی کۆبانێ و تێکشکاندنی داعش لەلایەن شەڕڤانێکی یەپەگەوە ڕاگەیەندرا. شەڕڤانانی یەپەگە، پاش ١٣٤ ڕۆژ لە هێرشەکان، لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا سەرکەوتنی کۆبانێیان ڕاگەیاند. لە کاتژمێر ٣ کەم ١٠ خولەک (٢ و ٥٠ خولەک)ی ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا کۆبانێ ئازادکرا.

'دەبێت دیموکراسییەکی ڕیشەدار بنیات بنرێت'

هەزاران شەڕڤانی کورد بۆ تێکشکاندنی داعش و ئازادکردنی کۆبانێ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دۆستانی ئینتەرناسیۆنالیست لە شەڕی دژ بە داعش دا لە کۆبانێ شەهید بوون. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش لەو کاتەدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆبوویەوە و لە ڕێگەی شاندەکەوە پەیامێکی بۆ بەرخۆدانی ئەفسانەیی کۆبانێ نارد. ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ هێشتا هێرش لەسەر کۆبانێ بەردەوامیی هەبوو و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە کۆبوونەوەی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی باسی چالاکییەکانی کۆبانێی کردبوو وتبوی، "دەبێت لایەنەکان وانە لەو ڕووداوانە وەربگرن. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە لە گرنگیی چارەسەری دێموکراسی بۆ ژیان تێبگەن و هەوڵەکان لەسەر بنەمای دانوستانە بەردەوامەکان گرنگیی چارەسەری نیشان دەدەن. ئەرکی سەرشانی لایەنەکانە، کە لەسەر بنەمایەکی تەندروست و سەلامەت و پارێزراو مافەکان پێکەوە بچەسپێنن. کاتێک ئەمە ئەنجام نەدرێت، ئەنجامەکەی بە کودەتایەکی گەورە دەگات. هەر خۆی ئەوە بۆ گەلی کورد و ئەو باوەڕانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین ئەوە بژاردەیەکی گرنگە و دەبێت دیموکراسییەکی بنچینەیی و ریشەدار دابمەزرێنرێت".

'بەرخۆدانی قارەمانە و ئەفسانەیی'

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەربارەی گرنگیی بەرخۆدانی دژ بە داعشیش لە شیکاریەکەیدا وتبوی: "کۆبانێ لە سەدەی ٢١ دا کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە و دەتوانێت هەموو ناکۆکییەکان و شەڕەکان چارەسەر بکات. بەرخودان و بەرهەڵستییەکی ئەفسانەیی و بوێرانە تۆمار کرا. هەموو گەلەکەمان، کە خاوەنداری و پشتیوانی لەو بەرخۆدانە دەکەن بە هۆشمەندی و دانایی، کەرامەت و شکۆدارییەوە هەڵسوکەوتیان کردووە. من لە کەسایەتیی هەڤاڵمان نەجات سوبحی ئاگرناسلی دا سڵاو لە هەموو شەهیدەکانمان و بنەماڵەکانیان دەکەم، کە گیانیان بۆ ئیرادەیە بەخت کردووە".

'حساباتی مەترسیدار'

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، ئاشتی بۆ ئایندەی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە گرنگە و وتبوی: "من جارێکی دیکە سڵاو لە بەرخۆدانی شکۆدارانەی مرۆڤایەتی لە کۆبانێ و هەموو گەلانی جیهان دەکەم، کە بە تایبەتی پشتگیرییان لە کۆبانێ کرد. لە کۆبانێ بەرنامە بۆ کودەتایەک دادەنرێت. نزیکبوونەوەی عەرەبوون و تەعریبکردن لە ئەردۆغان دا هەیە و ئەمەش زۆر مەترسیدارە. دەیەوێت لە ڕێگەی قەتەر و سعودیەوە عەفرین و کۆبانێ ببەستێتەە بە عەرەبەکانەوە و جزیرەش ببەستێتەوە بە باشورەوە. لەسەر موسڵ و شوێنە هاوشێوەکان کەوتوونەتە ناو حساباتێکی زۆر مەترسیدارەوە".

'میکانیزمی کودەتا'

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوای ئازادکردنی کۆبانێ لە کۆبوونەوەی ٤ی شوباتی ٢٠١٥دا وتبوی: "ئەو کۆبوونەوانەمان لێرە نەبوایە، داعش هەموو لایەنەکان و شوێنەکانی دەسوتاند و تاڵانی دەکرد. من وتم، دەتوانن لە رێگەی کۆبانێیەوە میکانیزمی کودەتایەک بخەنە کار. ئەم ڕووداوە، ئەو ڕووداوانەیە، کە میکانیزی کودەتاکە خێراتر دەکەن. چاو لە هێزەکانی هاوپەیمانان بکەن، لە گرنگترین و قەیراناویترین خاڵدا دەستبەکار بوون. ئۆپراسیۆنێک ئەنجامدرا، کە زۆر کەم لە جیهاندا بینراوە و ڕوویداوە. دەیان فڕۆکە بۆردومانی ئاسمانیان ئەنجامدا".

'ژیانی ئازاد'

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەمان دیداردا پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئازادکردنی کۆبانێی کرد و وتی: 'ئێمە ژیانێکی ئازاد لە کەسایەتی کۆبانێ و ژیانێکی نوێ بە ڕۆحی بەرخۆدانی ئارین میرکان بونیات دەنێین".

ژ.ت