یەنەکە کوشتنی گەنجەکەی هەولێر شەرمەزار دەکات

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند بۆ بنەماڵەی زیرەک عەلی محەمەد کە لە هەولێر لەلایەن ئاسیشی پەدەکەوە ڕفێنراوە.

ئاسایشی پەدەکە لە هەولێر گەنجێکی بەناوی زیرەک علی محەمەد لەسەر کارەکەی ڕفاند، پاش دوو کاتژمێر بنەماڵەکەیان ئاگادارکردەوە بڕۆنە نەخۆشخانە و تەرمەکەی وەربگرن.

ئەمڕۆ، بەرپرسی ناوەندی ڕێکخستنەکانی یەنەکە لە هەولێر، مەجید محەمەد، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، ئەم گەنجە قوربانییە کوڕی شەهیدێکی حزبەکەمانە، بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.

مەجید محەمەد بەگرنگی زانی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕوون بکرێتەوە، پرسی: "چۆن مرد؟ بۆچی دەستگیرکرا؟ ئەو کاسبکارێکی بازاڕی هەولێرە، بۆچی بەم شێوەیە دەستگیرکراوە؟".

مەجید محەمەد گوتی: "ئێمە لە یەکێتیی نیشتیمانی، پشتیوانی لەم بنەماڵەیە دەکەین تا دەرکەوتنی ڕاستییەکان، ناوەستین تا دەگەینە وەڵامێکی ڕوون و قایلکەر لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە، پێویستە داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری کاری پێویست بکەن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان، ئاسایش چ پەیوەندییەکی بەم کارەوە هەیە؟".

مەجید محەمەد ڕوونی کردەوە: "ئێمە ناوەستین و ئەم دۆسیەیە دەبەینە دادگای فیدراڵی، ئەگەر ئێمە و بنەماڵەکەی نەگەینە وەڵامێکی قایلکەر".

مەجید محەمەد پشتیوانی حزبەکەی بۆ بنەماڵەی گەنجەکە دووپات کردەوە، هەروەها دەستگیرکردن و تۆقاندنی هاوڵاتییانی هەولێری لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە شەرمەزارکرد.