ئەنجوومەنى مەخمور: خۆڕاگری دەکەین و خۆبەدەستەوە نادەین

حەجی کاچان هاوسەرۆکی ئەنجوومەنى گەلی دیموکراتیکی کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر مەخمور رایگەیاند، "یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین. ئێمە بەرەنگاری دەکەین و خۆ بە دەستەوە نادەین".

فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر کاتژمێر ٠٠:٠٠ دەورووبەری کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور)، چیای قەرەچۆغ، ناوچەى مشتە نوور، شەنگال و هەرێمەکانى پاراستنی مەدیایان بۆردومانکرد.

حەجی کاچان هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى گەلی دیموکراتیکی مەخمور لەبارەى هێرشەکان بۆ سەر مەخمور رایگەیاند "گەلی مەخمور بە هێرشەکانى دەوڵەتى تورک نامۆ نین. لە ژیانی پەنابەرییاندا قوربانیی زۆریان داوە. تاوەکو ئێستا لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا بەرەنگار و خۆڕاگرییان کردووە و ئەو هێرشانە نەیانتوانیوە پاشەکشەمان پێ بکەن. هەرگیزیش ناتوانن ئیرادەی ئێمە رادەستی خۆیان بکەن. ئێمە لێرەوە داوا لە هەموو گەلی کورد و دۆستان دەکەین، کە بە پشتیوانیی ئەوان ئێمە بەرخودان دەکەین و خۆمان بە دەستەوە نادەین. دوژمن چەندی بە رێبازێکى بێ ئەخلاقانە هێرش بکاتە سەر گەلیش، بەڵام هەرگیز گەلەکەمان هەنگاو بۆ دواوە نانێت. ئەو هێرشە وەک هەموو کاتێک ئیرادە و بڕوا و متمانەى ئێمە بە رێبەر ئاپۆ و شەهیدان بەهێزتر دەکات. ئێمە ئەوانە شەرمەزار دەکەین، کە لەو هێرشەدا هاوکاریی تورک دەکەن".

کاچان لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەوان هەرگیز رێگا نادەن گەمارۆ و هێرش پاشەکشەیان پێ بکات و بە دڵنیاییەوە بەرخودانى مەخمور سەردەکەوێت.

ژ.ت