فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی توركیای داگیرکەر، کەمێک پێش ئێستا هەر یەکە لە كەمپی مەخموور، هەرێمی شەنگال و برادۆست، قەندیل، باڵەیان و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردومان کردوە.
بەپێی زانیاری بەدەستخراو، بۆردومانەکە کاتژمێر ٠٠:٠٠ بەکاتی باشوری کوردستان دەستی پێکردوە و زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بووە و تێیدا دەیان فڕۆکەی جەنگی بەشدار بوون.
سەرچاوەکان لە هەرێمی شەنگال بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان ڕاگەیاندووە، لە شەنگال ناوچەی سەردەشت، گەلیێ شیلۆ، لە سەردەشت-یش کەمپێکی کۆچبەرانی ئێزیدی و نەخۆشخانەیەک زۆر بە قورسی بۆردومان کراون.
هەروەها لە وارگەی مەخموور چەندین جار دەوروبەری وارگەکە و بە تایبەتی باشوری وارگە زۆر بە قورسی بۆردومان کراون.
بۆردومانەکانی شەنگال و مەخموور هێندە قورس بوون، شوشەی دەرگا و پەنجەرەی زۆربەی ماڵەکانی هاوڵاتیان شکانوە و لە دووری چەندین کیلۆمەترەوە دەنگی بۆردومانەکان بیستراوە.
تا ئێستا زیانە گیانی و ماددیەکانی بۆردومانەکان دیار نیین، بەڵام بەهۆیانەوە ڕووبەرێکی زۆر لە پوش و پاوان و کشتوکاڵی هاوڵاتیان ئاگری گرتووە و ئاگرەکەش تا ئێستا نەکوژێندراوەتەوە. هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە بەردەوامی بە ئاسمانی ئەو ناوچە و هەرێمانەدا دەسوڕێنەوە کە باسیان لێوەکراوە.
ئەم بۆردومانانە لە کاتێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی باڵای ڕژێمی تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان بەرپرسی دەستگای سیخوڕی (میت-MÎT)ی تورک سەردانی ئێراقیان کردبوو و لە بەغدادی پایتەخت چاویان بە گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کەوتبوو کە لە ناویاندا سەرۆک وەزیرانی نوێیش هەبووە.
هـ.هـ - ز.ش