باوکی زەینەب جەلالیان: دوو ڕۆژە دەست و چاوی کچەکەم بەستراون

عەلی جەلالیان باوکی زەینەب جەلالیان ڕایگەیاند، کچەکەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردووە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست و چاوی بەستراوەتەوە و لە زیندانی خۆیەوە بۆ زیندانی ورمێ و کرمانشان و دواتر بۆ تاران گواستراوەتەوە.

زیندانی سیاسی زەینەب جەلالیان کە لە زیندانی خۆی ڕادەگیرا ٢٩ نیسان لەناکاودا و بێ ئەوەی پێشتر ئاگادار بکرێتەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەکان لە زیندانی خۆیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

عەلی جەلالیان باوکی زەینەب جەلالیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان قسەی کردووە و لەبارەی زەینەبی کچی ئەم زانیاریانەی بڵاوکردەوە: ٢٩ی نیسان ئێمە لە ڕێگەی هاورێیەکەوە کە لە قاوشی زەینەبدا بووە ئاگادار کراینەوە کە هێزە ئەمنیەکان زەینەبیان بە بێ ئاگاداری پێشوەختە لە زیندانەکە بردووەتە دەرەوە. ئێمە بە زوترین کات لە ماکۆوە چووینە شاری خۆی. پرسیاری کچەکەمان لە بەرپرسانی زیندانەکە کرد، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان نەداینێ. بەرپرسان ڕایانگەیاند کە هێزە ئەمنیەکان زەینەبیان بردووە و بۆ ئەوەی دۆسیەکەی سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بردوویانە بۆ تاران، بەڵام شوێنەکەی نادیارە."

عەلی جەلالیان ڕاشیگەیاند، "دوایین جار زەینەب لە ناو ئۆتۆمبێڵ تەلەفۆنی بۆ کردم و ڕایگەیاند، لە دوێنێ شەوەوە بە چاو و دەست بەستراویەوە لە خۆیەوە بۆ ورمێ و دواتر بۆ کرمانشان گواستراوەتەوە، بەڵام زیندانەکان قبوڵیان نەکردووە کە زیندانی نوێ وەربگرن و دواتر هێزە ئەمنیەکان بۆ تارانیان گواستووەتەوە و لەو کاتەدا تەلەفۆنەکە پچڕاوە و ئێدی هیچ زانیاریەک لەسەر زەینەب نییە."

عەلی جەلالیان نیگەرانی خۆی لەبەرانبەر ئەو دۆخە دەربڕی و وتی، "دۆخەکە ئاسایی نییە. بۆچی لەناکاودا لە زیندانی خۆیەوە دەگوازرێتەوە؟ بۆچی ئەبێت بێ ئاگاداری پێشوەختە بۆ ورمێ و لەوێوە بۆ کرمانشان بگوازرێتەوە؟ بۆچی ئەبێ تەلەفۆنەکە بپچڕێت و هیچ زانیاریەکمان نەدەنێ. دەیانەوێت چ پەیامێکمان پێ بدەن. دەترسم سیناریۆی خراب لەبەرانبەر کچەکەم جێبەجێ بکەن. لەم دۆخە زۆر نیگەرانم، لەبەرئەوە ڕایگەیاندبوو، دوو ڕۆژە بە چاو و دەست بەستراویەوە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تری دەگوازنەوە."

ف.ق