تەڤگەری ئازادی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستیەکانی کەرکوکی کرد

سەبارەت بە ناسەقامگیر بوونی شاری کەرکوک و زیادبوونی جموجۆلی تیرۆرستی لەو ناوچەیە، ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

لە ماوەی ڕابردوو جموجۆلەکانی داعش لە شاری کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان بەشیوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە کە دوایین هێرشی تیرۆرستی لە شارەکە هێرشی خۆکوژی بوو بۆ سەر ناوەندی هەواڵگری لە کەرکوک کە لە ئەنجامدا پێنج ئەندامی هەواڵگری برینداربوون و ژنێکی مەدەنیش لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا برینداربوو، جێگای باسە لەلایەنی کۆمەڵاتەتیش جۆرێک لە ناسەقامگیری زیادی کردووە لە شارەکە و هەروەها دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەشیوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

سەبارەت بە ناسەقامگیری شاری کەرکوک لە لایەن ئەمنی و کۆمەڵایەتی، ئێوارەی ئەمرۆ ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی شارەکە و دواین پێشهاتەکان، پاش کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست بۆ نیشاندانی هەڵۆیستی تەڤگەری ئازادی سەبارەت بەم دۆخە ناجێگیرە شاری کەرکوک و دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کێشەکان.

چالاکیە تیرۆرستیەکانی داعش لە شاری کەرکوک روو لە زیادبوون و فراوانبوونە

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی وتی: "دۆخی شاری کەرکوک رۆژ لەدوای رۆژ ناسەقامگیر و نائارام دەبێت وە چالاکیە تیرۆرستیەکانی داعش لە شاری کەرکوک بەردوام روو لە زیادبوون و فراوانبوون دایە، کە لە داویین کردەوەیان هەوڵیاندا ناوەندی هەواڵگری لە شارکە بتەقێننەوە و کۆنترۆڵی بکەن، ئێمە وەکو ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی بەتوندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستیە دەکەین."

بۆ رێگری لە هێرشەکانی داعش داواکارین ژورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش پێکبهێنرێت

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد ووتیشی: "دۆخی کەرکوک لە بۆشایەکی ئەمنی گەورەدایە کە هاووڵاتیانی شارەکە زەرەمەندی سەرەکین لەم بۆشایە ئەمنیە، بۆیە ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی داواکارین ژورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش پێکبهێنرێت لە تەواوی لایەنەکان تا بتوانرێت رێگە لە هێرشەکانی داعش بگیرێت لە شارەکە وە داواکارین کۆنفرانسێکی ئاشتەوایی لە شارەکە ئەنجامبدرێت بەدەستپێشخەری (یۆنامی) کە تەواوی پێکهاتەو حزب و لایەنەکانی شارەکە لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و کلتوی بەشداربن بۆ ئەوەی بتوانین کۆنفرانسێکی ئاشتەوایی ئەنجام بدەین بۆ ئاشتکردنەوەی تەواوی نەتەوەکان تا بتوانین لەشارەکە بەرێوبردنێکی دیموکراتیانە و ئاشتیانە بەرێوەببەین."

بارودۆخی شارەکە بارودۆخێکی مەترسیدارە

لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد هۆشداری دایە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکوک ئاگادار دەکەینەوە کە بارودۆخی شارەکە بارودۆخێکی مەترسیدارە و رۆژ بەدوای رۆژ چالاکییەکانی داعش لە شارەکە روو لە زیادبوون و فراونبوونە، بۆیە داواکارین بۆرێگری کردن لەو هێرشانە پێویستە ڕەوشتی شارەکە ئارام بکرێتەوە."

ز.ش