خەڵکی بناری قەندیل داوا دەکەن لایەنەکان بە یەک دەنگ وەڵامی داگیرکەری بدەنەوە

خەڵکی بناری قەندیل لە کۆبونەوەیەکدا باسیان لە زەرەر و زیانەکانی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووە، داوا دەکەن بە زوترین کات یەکێتیی نێوان گەلی کورد دروست ببێت و وەڵامی ئەو هێرشانە بدرێتەوە.

دەڤەری بناری قەندیل ساڵانێکە بە هۆی بوردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە دەناڵێنن و زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەوتوە، هەر لە زەرەی گیانی تا دەگاتە سوتاندنی ڕەز باخەکانیان و وێران کردنی ماڵەکانیان، بەڵام لە ئێستادا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی چڕتر کردوەتەوە لە ناوچەکە و دەیەوێت بە تەواوی ئەو ناوچانە داگیر بکات.

بۆ ئەم مەبەستەش ڕوو سپی و کەسایەتیە دیارەکانی بناری قەندیل کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوە و تیایدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کراوە و داواش لە لایەنەکان دەکەن کە بێنە سەر خەت.

عەبدوڵا حەسەن دەربارەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی بناری قەندیل بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:" ئێمە ئەمرۆ لە بناری قەندیل کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا و تیایدا باسمان لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرد کە بەردەوام بناری قەندیل بۆردومان دەکات و هاوڵاتی سڤیل شەهید دەبن و ڕەز و باخەکانمان دەسوتێنن. ئێمە داواکارین لە هەمو حزبە کوردیەکان کە بە یەک دەنگ وەڵامی ئەو هێرشانە بدەنەوە و چیتر نەهێڵن تورکیا هێرشی سەر ناوچەکانمان بکات و هاوڵاتیان شەهید بکات".

عەبدوڵا حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد کە ساڵانێکە خەڵکی بناری قەندیل بەدەست بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیاوە دەناڵێنن و ساڵ نییە خەڵکی سڤیلیان لێ شەهید نەبێت و ماڵەکانیان وێران نەبێت.

قادر وسو موختاری گوندی شارۆش ئاماژەی بەوەکرد کە ئەردۆغان بە بیانوی جۆراو جۆر دەیەوێت باشوری کوردستان داگیر بکات و ناوچەکان تۆبباران بکات و وتی:" داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بێتە سەر خەت و ئەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا ڕاوەستێنێت، هەروەها داوا لە لایەنە کوردیەکان دەکەم بە زوترین کات بێنە سەر خەت و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن و ڕوبەڕوی داگیرکاری ببنەوە".

ژ.ت