رۆژین هێژا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار: بارودۆخی زیندانیانی سیاسی لە مەترسیدایە

رۆژین هێژا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(KJAR)  سەبارەت بە دۆخی کۆرۆنا و خۆپاراستنی گەل لە کاتی کۆرۆنادا و دۆخی زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت دۆخی زیندانی سیاسی زەینەب جەلالیان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

رۆژین هێژا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(KJAR)  سەبارەت بە دۆخی ئێستا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و سەبارەت بە دۆخی کۆرۆنا، خۆپاراستنی گەل لە کاتی کۆرۆنادا، دۆخی زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت جەختی لەسەر دۆخی گیراوی سیاسی زەینەب جەلالیان و هاوڕێیانی گیراوی کرد و زۆربوونی تووندوتیژی لەسەر ژنان هەڵسەنگاند و لە کۆتاییدا جەختی لەسەر پێکهێنانی هاوژیانی ئازاد و کۆمەڵگای دیموکراتیک کردەوە.

وەکوو کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(KJAR)  بە دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخێک کە لە جیهاندا ئاوا بووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

"ئەو شەڕە لەنێوان مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک دایە"

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار رۆژین هێژا دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای وەکوو شێوازی بایۆلۆژی شەڕی جیهانی سێیەم پیناسە کرد و لەمبارەیەوە وتی: "رێبەر ئاپۆ شەڕی جیهانییەک کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بەڕێوەدەچێتی وەکوو شەڕی جیهانی سێیەم پێناسە کرد. شەری جیهانی سێیەمین هەم لەبواری لەشکەرییەوە و هەم لە بواری سیاسەییەوە بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆکە دەبینین کە شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕەکەی گۆڕیوە؛ وێڕای لایەنی سیاسی و لەشکەری ئەمڕۆ بە رێگای بایۆلۆژیشەوە شەڕەکەی بەردەوام دەکات. هەر رۆژ ئامار ئاشکرا دەکرێت، رێژەی ئەو کەسانەی کە گیانیان بەم ڤایرۆسە لەدەست دەدەن یاخود ئەو کەسانەی تووشی بوون نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم شەڕە چەندە بە شێوەیەکی نوێ و دژوارەوە بەڕێوەدەچێت. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە کارەکتەرێکی نوێ لەسەر بنەمای جیهان بە دیزاینێکی نوێوە خۆی بەڕێوەدەبات. هەنووکە ئەو شەڕەی بەڕێوەدەچێت لەنێوان مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک دایە. شەڕی ئایدیۆلۆژییە. لە بنەمادا مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری  بۆ مرۆڤایەتی تەنیا ئێش، نەخۆشی، کوشتن و مردنی هێنا. واتا کۆمەڵگایەکی قەیراناوی، کۆمەڵگایەکی بە توندوتیژی ئاوا کردووە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کۆمەڵگا لەناو قەیران و تەنگەژەیەکدا دەژیت."

بەرای ئێوە ئەم شەڕە لەسەر چ بنەمایەک بەڕێوە دەچێت؟

"رێبەر ئاپۆ ئیرادەی ژیانی ئازاد و ژنی ئازادە و کۆمەڵگای ئازادە"

رۆژین ‌هێژا لە درێژەی باسەکەیدا مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکی وەکوو ئالتەرناتیڤێک لە بەرامبەر بەم کۆمەڵگایە و بەم راستییەپێناسەکرد و وتی شەڕی جیهانی سێیەمیش لە نێوان هەر دوو پارادایماندایە. بۆ ئەمەش بەمشێوەیە ئاماژەی بە گۆشەگیری رێبەر ئاپۆ کرد:" لە بنەمادا ئەوەی کە مۆدێڕنیتیەی دیموکراتیکی پێناسە کرد و راستی روخساری مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری ئاشکرا کرد و لایەنی قەیراناوی، نەخۆشی و ئێشی وی بۆ مرۆڤایەتی دەرخست؛ رێبەر ئاپۆ بوو. بۆ ئەوەش ئەگەر سەرنج بدەین لە بەرامبەر بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ ترسێکی مەزن هەیە. ئێستاکە کە دەڵێین شەڕ لە نێوان ئایدیۆلۆژییان دایە، ئەو گۆشەگیرییەی کە ئەمڕۆکە لەسەر رێبەر ئاپۆش بەڕێوەدەچێ؛ سەرچاوەی لەمەوە دەگرێت. گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ ترسی ئەوان نیشان دەدا؛ چونکە رێبەر ئاپۆ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ژیانێکی نوێ، ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکی  پێشکەش کرد. گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ نە تەنیا گۆشەگیرییە لەسەر سەرۆکایەتی، بەڵکو گۆشەگیرییە لەسەر سەرجەم مرۆڤایەتی و لەسەر ژیانی هەموو ژنان و هەموو کۆمەڵگا بەڕێوەدەچێت. چونکە رێبەر ئاپۆ ئیرادەی ژیانی ئازاد و ژنی ئازادە و کۆمەڵگای ئازادە."

بۆچی ئێران سەرەتا دانی بە هەبوونی ئەم ڤایرۆسە دانەنە؟

ئێران بۆ سیاسەتەکانی خۆی گیانی گەلی خستە مەترسییەوە

هێژا سەبارەت بە هاتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ ئێران بەمشێوەیە ئاماژەی بە سیاسەتەکانی ئێران کرد:"کاتێک کە ئەم ڤایرۆسە لە چین بڵاو بۆوە و هێشتا نەگەیشتبووە وڵاتانی تر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە ئێرانیش گەل تووشی ئەم ڤایرۆسە بووە بەڵام، دواتر رژێمی ئێران نکۆڵی لەمە کرد و شاردییەوە. لە قۆناغی هەڵبژاردن دا، گەل ئەو قۆناغە و دەوڵەتی پەسەند نەکرد و لەبەرامبەر بەوە هەڵوەستەیەکی دیارکرد. گەل دیتی کە ئەم رژێمە چارەسەر نییە، بەشێوازێک کوشتن و قەیران دێنێت؛ بەم شێوەیەش لەبەرامبەر بەم دەوڵەتە هەڵوەستەی خۆی بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان دەربڕی و نەچووە سەر سەندۆقەکان و ئیرادەی ئازادی خۆی بەمشێوەیە نیشاندا. رژێمی ئێران کاتێک دیتی کە رێژەی بایکۆتەکان زۆرە و گەل نایهەوێت بچێتە سەر سەندۆقەکان بۆ ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەکەوێتە بن کاریگەری سیاسی و داخوازی دیموکراتیانە، هەبوونی کۆرۆنای لەم وڵاتەدا راگەیاند و بەمشێوەیە هۆکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گەڕاندەوە سەر کۆرۆنا. ئەمەش رووی راستەقینەی دەوڵەتی نیشانی گەل دا کە چۆن بۆ سیاسەتەکانی گەلی خستە ناو مەترسییەوە. سەرەتا هاتنی ئەم ڤایرۆسەی نەکردە رۆژەڤ و تەگبیری پێویستی نەگرت. بەڵام، ئێستاکەش دەبینین کە وەکوو سیاسەتێکی تایبەت کۆرۆنای زۆر رۆژەڤ کرد و پێشی بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییان گرت و بەمشێوەیە ترس و دڵەڕاوکێیەکی خستە ناو گەلەوە."

بۆچی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا خزمەتی پێویستی بە گەل نەکرد و هەروەها لەبەردەم یارمەتی و خزمەتی گەل ئاستەنگی دەرخست؟ سەرەڕای ئەوە هەڵوستی گەل چۆن بوو؟

"کۆمەڵگا بۆخۆی خۆی پاراست و سیستەمی خۆی ئاوا کرد"

هێژا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەلی کار و هەژاری گەل لە ئێراندا کرد و وتی:"گەلی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هەژاریەوە ناتوانن لەماڵەوە دانیشن و کارەکانیان راگرن. لەم قۆناغەشدا کە دەڵێن لە ماڵەکانتان دەرنەکەون؛ گەل دەڵێن کە ئێمە فەقیرین؛ یان ئێمە بە برسێتی دەمرین یان بەم نەخۆشییە دەمرین. لە ساڵی رابردوودا ٤٦٨هەزار کەس بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی جیگای کار، گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ١٧٦٤هەزار کەسیش بریندار بوون؛ گەل ئەمنییەتی گیانیان لەسەر کارەکانیان نییە. راستە کۆمەڵگا بۆ ئەوەی تووشی ئەم نەخۆشییە نەبێت ترسا بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵگا ئەوەی بەدی کرد کە ئیدی دەوڵەت تێکچوو، دەوڵەت هیچ خزمەتێکی بە گەل نەکرد." هێژا لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکەیدا بەمشێوەیە سەرنجی راکێشا سەر خۆپاراستنی گەل لە بەرامبەر بەم ڤایرۆسە:"ئێمە هەم لە ئێران و هەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە بەشەکانی تری کوردستاندا دیتمان کە گەل بۆخۆی خاوەندارێتی لە خۆی دەکات. کۆمەڵگا بۆخۆی خۆی پاراست و سیستەمی خۆی ئاوا کرد. بۆ نمونە لە ئەنجامی پارادایمی رێبەر ئاپۆدا سیستەمێک کە لە رۆژئاوای کوردستان، مەخمور و شەنگال درووست بووە؛ دەبینین کە گەلەکەمان سیستەمی خۆی ئاوا کرد و تووشی ئەم نەخۆشییە نەبوون. چەند جار مەترسی درووست بوو بەڵام، ئاستی خۆپاراستن، ئاستی ئاواکردنی سیستەمی تەندروستی خۆیان بوو بە هۆی پاراستنیان. گەل کۆڵان و شەقامەکانیان خاوێن کردەوە و لە ماڵەکانیان تەگبیری پێویستیان گرت و لە بواری فەقیریشەوە خاوەندارێتییان لە یەکتر کرد. ئەم هەڵوێستەی گەل شایانی دەستخۆشییە. هەڵمەتێک کە لە لایەن مانگی سووری کورستان لە بن ناوی بنەماڵەی خوشک و برا لە هەر چوار بەشی کوردستان راگەیێندرا؛ هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە لەم قۆناغەدا خاوەندارێتی کردن لە یەکدی هەبێت و هەر کەس بە ئەندازەیەک کە لە توانای دایە یارمەتی یەکتر بکەن."

دەوڵەتەکان ئەم قۆناغەیان وەکوو هەلێک بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتەکانیان قواستەوە

هێژا لە دێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە سیاسەتەکانی دەوڵەت لەم قۆناغەدا کرد و سەرنجی راکێشا سەر بووهاکردنی شتومەکان لە لایەن رژێمی ئێرانەوە و گووتی:" دیتمان کە لە ئێران دا گەندەڵی لە ئاستی ژووردا هەبوو. دەوڵەت لەجیاتی یارمەتی گەل بکات، ئاستەنگی دەرخست و قەدەغەی درووست کرد؛ دیتمان کە گەنجان ویستیان یارمەتی بدەن و بە شێوەیەک رێکخستنی خۆیان ئاوا کرد بەڵام دەوڵەت ئەمەی قەدەغە کرد. لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووشدا دیتمان کە بەهۆی گرانییەوە گەل ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و خۆپێشاندانی کرد، بە هەزاران کەس کوشتران و بە هەزاران کەسیش بێ سەروشوێن کران. لەم قۆناغەدا سەدا ١٥ی سەبزە و میوە و سەدا ٢٥ی کەرەستەی ناو ماڵ بووهابوونە. ئەمە شتێکی نوێ نییە لە مانگی ئاباندا کە سەدا ٣ بێنزین بوها بوو دیتمان کە گەل چەندە خۆپێشاندانی کرد بەڵام، ئەم قۆناغەیان بۆخۆیان وەکوو دەرفەتێک دەبینن تاوەکوو شتەکان بووها بکەن. دەوڵەت بە سەرجەم دام و دەزگاکانییەوە پارە کە گیرفانی گەلەوە دەگرێت و دەیخاتە گیرفانەکانی خۆیەوە؛ دەتوانین بڵەین کە دەوڵەتەکان بەم نەخۆشییەوە گەلیان لەناو ماڵەکانیاندا زیندانی کرد و دەرفەت و بوارێکیان بۆ رەخسا کە سیاسەتەکانیان بەڕێوە ببەن. بۆ ئەمەش پێویستە گەل لەبەرامبەر بەمە وشیار بێت و هەڵوێستە و ناڕەزایەتی جۆراو جۆر دەربڕێت. پێویستە ئەوە بزانین کە دەوڵەت ئەم قۆناغە دەکەنە بوارێک بۆ بەهێز کردنی خۆیان و سەرلەنوێ خۆ ئاوا کردنیان و بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانیان لەسەر گەل. بۆ ئەمەش پێویستە ئێمەش سەرلەنوێ بەم زانابوونەوە خۆمان بە رێکخستن بکەین و ئاگاداری ئەم سیاسەتانە ببین و نەهێڵێن کە دەوڵەت بە رەنگێکی نوێ و بە سیاسەتێکی نوێوە دەرکەوێتە پێشمان."

لە نێو ئەم ئالۆزییانە و قەیرانە هەنویەکییەکاندا، دۆخی زیندانیانی سیاسی چۆنە و سیاسەتی رژێمی ئێران لەسەر زیندانیانی سیاسی چۆن شی دەکەنەوە؟

"کۆماری سێدارە جارێکی تر بە شێوازی جۆرا و جۆر سیاسەتەکانی دەبا بەڕێوە"

هێژا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە سیاسەتی تایبەت لەسەر زیندانان لە ئێران و لە تورکیا کرد و وتی ئەو دەوڵەتانە وایان نیشاندا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا عەفو دەکەین و زیندانیان ئازاد دەکەین چونکە لەژێر مەترسی دان و بۆ ئەمەش چەند هەزار زیندانیان بەردەدەین و یاسای نوێ دەردەخەین،بەڵام دیترا کە بەمشێوەیە نییە، هێژا سەبارەت بە راستی سیاسەتەکانی دەوڵەت دوا و دۆخی زیندانیانی سیاسی هەڵسەنگاند و وتی:" راستە زۆر کەسیان بەردا بەڵام، ئەو کەسانەی کە بەریاندان ئەو کەسانە بوون کە دزییان کردبوو، بێ ئەخلاقیان کردبوو، واتا ئەو کەسانەی کە لەبەرامبەر مرۆڤایەتی تاوانیان کردبوو، ئەوانیان بەردا. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە کەسانی دیموکرات و ئازادیخواز، کەسانێک کە بۆ بیری خۆیان لە زیندانان دانیان ئازاد نەکرد. ئەگەر بڕوانین لە زیندانی ورمێ و زیندانانی تریش زانیاری لە زۆر لە زیندانیان نییە و بەرەو کوێوە براون نازاندرێت یەکێک لەم کەسانەش گیراوی سیاسی زینەب جەلالیانە کە لەم دواییانە وتیان کە بەرەو شوێنی نادیار گواستراونەتەوە. گەل ئیدی ئاگاداری ئەم دۆخانەیە. پێشتریش لەسەر زیندانیانی سیاسی، سیاسەتی بەمڕەنگە بەڕێوە دەبرا؛ سیاسەتی رادەست گرتن بە ئەشکەنجە و زەخت هەرجارەو بە شێوازێکی نوێ پێش دەخەن. لەم ماوەی دواییدا ئێران ٤٠ کەسی لە سێدارە دا؛ ئەوە بەو واتایەیە کە کۆماری سێدارە جارێکی تر بە شێوازی جۆرا و جۆر سیاسەتەکانی دەبا بەڕێوە و خوازیارە رەوایەت بەم سیاسەتانەی بدات. تەنانەت لەم ماوەیەی دواییدا چەند کەسی لە سێدارەدا کە تازە کەوتبوونە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە. بۆ ئەمەش ئەم دۆخەی زیندانییان و بەتایبەت دۆخی زیندانیانی سیاسی، زیندانیانی ژنی سیاسی،دۆخی گیراوی سیاسی ژن زەینەب جەلالیانیش مەترسییەکی مەزن ئاوا دەکات. پێویستە بەپەلە لێدوان بدرێت کە بۆ کوێ براون و خوزیارن چی بکەن؛ پێویستە کە ئەم دۆخە بە شێوەیەکی روون بۆ گەل شی بکرێتەوە؛ چونکە گەل ئێستاکە بۆ ئەم دۆخە لەنێو بیر و گومان و ترسێک دایە."

لەم هەلومەرجەدا بارودۆخی ژنان چۆن دەبینن کە بەتایبەت لە ئامارگەلێک کە ئاشکرا دەکرێت زۆربوونی رێژەی توندوتیژی لەسەر ژنان دەخرێتەڕوو؛ ئێوە هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

"دیالەکتیکی ژیان دوولایەنەیە، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو لایەن بە ئیرادەوە بژین"

هێژا لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا سەرنجی راکێشا بۆسەر زۆربوونی تووندوتیژی لەسەر ژنان لەم قۆناغەدا و جەختی لەسەر پێکهێنانی هاوژیانی ئازاد کردەوە و گووتی:"لەم قۆناغەدا کە گەل لە ماڵەکانیان دا مانەوە، لە زۆر لایەنەوە توندوتیژی لەسەر ژن رووی لەزۆربوون کرد. لەم قۆناغەدا دەبینین کە لەلایەن سیستەم و سەرمایەداری و دەوڵەت و بنەماڵەوە سیاسەتە رەگەزپارێزییەکان کە لەسەر ژن هەیە، زیاتر خۆی قووڵ کرد. ئێستاکە دەبینین کە ئەو توندوتیژییەی سەر ژن لە زۆر بوارانەوە بەڕەنگی داگیرکردنی رەگەزی، دەستدرێژی سێکسی لەنێو بنەماڵاندا لە لایەن هاوژینیانەوە بەڕێوە دەچێت. لەو قۆناغەدا ئەو تووڕەبوون و قین و نەفرەتێک کە پێویست بوو لە بەرامبەر دەوڵەت و سیاسەتەکانییەوە ئاوا ببێت؛ لەبەرامبەر ژن و منداڵان دەربڕا. بە گوێرەی راپۆڕتێک کە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکبووەکان ئاشکرای کردووە لە قۆناغی هاتنی ئەم ڤایرۆسەوە ١٥میلیۆن ژن رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە؛ ئەمە راستی ژیانی ژن لە جیهاندا دەخاتەڕوو. رێبەر ئاپۆ دەڵێت:" بڕوانە دۆخی ژن، دۆخی کۆمەڵگا دەناسی." ئێستاکە دۆخی ژن کە بەردەوام رووبەڕووی توندوتیژی و زەخت و زەڵم دەبنەوە؛ ئەوانە سیاسەتێکن کە لەلایەن سیستەم و دەوڵەتەوە قووڵتر دەبنەوە. دیالەکتیکی ژیان دوولایەنەیە، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو لایەن بە ئیرادەوە بژین. بۆ ئەمەش پێویستە هەرکەس فەلسەفەی ژیانی ئازاد و پێوانی هاوژیانی ئازاد بۆخۆی بە بنەما بگرێت و بژیت. کەسێک کە زیهنییەتی خۆی نوێ کردووە و خۆی بە پێوانی دیموکراتیکەوە ئاوا کردووە، کەسێک کە ئیرادەی خۆی ئاواکردووە و ئیرادەی دەورووبەر دەناسێت؛ ژیانی خۆشی بە جوانییەوە ئاوا دەکات. بۆ ئەمەش پێویستە هەر کەسێک لەم بابەتەوە سەرلەنوێ بیرکردنەوەیەک ئاوا بکات و سەرلەنوێ خۆی پەروەردە بکات. خوازیاری ژیان و کۆمەڵگایەکی چۆنە؟ و بۆ ئەمەش خۆی بە بەرپرسیار ببینێت و لەخۆیەوە دەست پێبکات. ئەگەر لە کەسایەتێکدا زیهنییەتی سیستەم تێکچوو و لە بنەماڵەیەکدا ئەمە تێکچوو لە ئاکامدا لە هەموو سیستەمدا ئەم زیهنییەتە تێکدەچێت، لێرەدا ئەوەی سەردەکەوێت فەلسەفە و پارادایمی ژیانی ئازاد و کۆمەڵگای ئازادیخوازی، کۆمەڵگای دێموکراتیک و ئێکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنە."

ژ.ت