پەرلەمانتاریکی کوردی کەرکوک: پێویستە ھێزێکی ھاوبەش لەنێوان پێکھاتەکانی کەرکوک دروست بکرێت

ئەڵماس فازڵ پەرلەمانتاری کوردی کەرکوک دەڵێت: بۆ پاراستنی کەرکوک پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەش لەنێوان پێکھاتەکانی شارەکەدا.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: "لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بینیمان کە پاراستنی دۆخی ئەمنیی کەرکوک و قەزاو ناحیەکانی و دەوروبەری، لەلایەن سوپای عێراقەوە سەرکەوتوو نەبووە."

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە کوردەی کەرکوک ووتیشی: "بەئاشکرا لە چەند شوێنێکی خوارووی پارێزگاکە جموجۆڵی تیرۆریستان دەبینرێیت و ئەوەش بووەتە ھۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی شارەکە و دووبارە کوشتنی ھاووڵاتیانی بێ تاوان."

بە ووتەی ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، "کەرکوک شارێکی فرە نەتەوەییە و ناکرێت لەلایەن یەک نەتەوە و مەلەفی ئەمنی بەرێوەببردرێیت، کە شارەزای جوگرافیا و کلتوری پارێزگاکەش نین."

سەبارەت بە داواکردنیان بۆ دروستکردنی هێزێکی هاوبەش لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا ئەڵماس فازڵ رایگەیاند: "داوامان کردوە لە حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بەھەماھەنگی پەلە بکەن لە پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەش لە نێوان پێکھاتەکانی پارێزگاکە، ئەوەش بەپێی رێژەی دانیشتوان و بەرکەوتەکانی ھەڵبژاردن ھێزێکی راھێنراو کەرکوک بپارێزیت."

ژ.ت