هاوڵاتیانی گەرەکێکی کەرکوک دژی ڕووخانی ماڵ و دووکانەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

لە شاری کەرکوک لە دژی ڕوخانی ماڵ و دووکانەکانیان هاووڵاتیانی گەرەکی بارودخانە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رێگای سەرەکی ئەو گەرەکانەیان داخست.

ئەمڕۆ لەچواریانی گەرەکی باروتخانەی شاری کەرکوک، هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکە لە دژی ڕووخانی چەندین ماڵ و دووکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندەرانی ناڕازی بەداخستنی ڕێگای سەرەکی نێوان گەڕەکی ڕەحیماوا و بارودخانە وئازادی و سوتانی تایەی ئۆتۆمبێل ناڕەزایەتیان دەربڕیی دژی رووخاندنی مال ودووکانەکانیان.

بە فەرمانی ئیدارەی پارێزگای شاری کەرکوک شەقامی سەرەکی چەند ناوچەیەک دەکرێت بە دوو ئاڕاستە کە گەرەکی بارودخانەش دەکەوێتە ئەو ناوچەیە، بەهۆی ئەو بڕیارەشەوە نزیکەی ١٥٠ دووکان و ژمارەیەکی زۆر خانوو تێک دەدرێن بە بێ هیچ جۆرە قەرەبوویەک.

جوانرۆ ئەحمەد یەکێکە لەو کەسانەی کە خانووەکەی دەکەوێتە بەر بڕیاری رووخاندنەوە، دەربارەی هۆکاری ئەنجامدانی خۆپیشاندنەکە بە ئاژانسی هەواڵی فوارتی ڕاگەیاند: " بە بڕیاری پارێزگاری کەرکوک بە پانی ٣٠ مەتر خانوو و دووکانەکانی ئەم گەرەکە دەرووخێنن تا شەقامێک دروست بکەن بەپانی ٣٠ مەتر، نزیکەی ٨٠٠ بۆ هەزار خانوو و ١٥٠ دووکان دەروخیندرێت بە پێی ئەو بڕیارەی پاریزگاری کەرکوک بەهیچ شێوەیەکیش قەرەبوومان ناکەنەوە."

هەروەها جوانرۆ ئەحمەد وتیشی: "ئێمە پەیوەندیمان بە ئەندام پەرڵەمانە کوردەکانەوە کردووە و دوا لە نوێنەرانی کورد دەکەین بێنە دەنگ لەسەر ئەم بڕیارە خاوەنداریمان لێ بکەن چونکە بە دەنگی ئێمە بوونەتە پەرڵەمانتار، خەلکی ئەم ناوچەیە خاوەن شەهیدێکی زۆرن."

لە کۆتاییدا جوانرۆ ئەحمەد وتی: "ئێمە دەزانین پرۆژەکە گرنگە بۆ شار بەڵام مەبەست لەم کارە رووخاندنی ئەم مالانەی ئەم ناوچەیەیە، کاتێک هاتوون هیزی ئەمنیان لەگەل خۆیان هێناوەوە هەڕەشەی رووخاندن دەکەن.''

ز.ش