کرگزەکانی زیلان دروستکردنی وێستگەی کاروئاویان شەرمەزار کرد

نارەزایی لەدژی دروستکردنی وێستگەی کاروئاوی لە گەلی زیلان بەردەوامە. کرزگەکان کە لە ساڵی ١٩٨٢ هاوردەی گەلی زیلان کراون، دروستکردنی وێستگەکەیان شەرمەزار کرد.

لە گەلی زیلانی ناوچەی ئەردیشی وان، حکومەتی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەستی بە دروستکردنی وێستگەی کاروئاوی (هیدرۆئەلەکتریک) کردبوو و بەهۆی ناڕەزایی گوندنشینان لە ساڵی ٢٠١٥دا بە بڕیاری دادگای ڕاوێژکاری پڕۆژەکە ڕاگیرا. لەگەڵ ئەوەشدا، لەم کاتەدا کە سەردەمی کۆرۆنایە، جارێکیتر بە شێوەیەکی نهێنی دەست بە دروستکردنی وێستگەکە کراوەتەوە. بە سەدان کرێکار بە شەو وڕۆژ بە خێرایی دەستیان بە دروستکردنی وێستگەکە کردووە.

هەوڵ دەدرێت بە دروستکردنی ٤ ویستگەی کاروئاوی گەلی زیلان لەناوببرێت کە سروشتێکی جوان و زەوی کشتوکاڵی بەپیت و لەوەڕگایەکی زۆر باشە بۆ گوندنشینان. کاتێک وێستگەکان دروستکران، بە هەزاران کەس بەناچاری کۆچ دەکەن، ئاو پیس دەبێت و ئاژەڵانیش لەناودەچن.

' داهاتوومان لەناو دەچێت'

ئەو کرگزانەی کە لەسەردەمی کەنان ئەڤرەندا لە ساڵی ١٩٨٢ هاوردەی گەلی زیلان کران، دروستکردنی وێستگەکەیان شەرمەزار کرد. کرگزەکانی گوندی ئولوپامیر چوونە شوێنی وێستگەکە و ناڕەزاییان دەربڕی. کرزگەکان رایانگەیاند کە بە دروستکردنی وێستگەی کاروئاوی سروشت و داهاتوویان لەناو دەچێت و ماوەیەکی زۆر لە شوێنی پڕۆژەکە مانەوە و چالاکی شەرمەزاریان ئەنجامدا. دوای ئەوەی سەربازانی تورک دەستوەردانیان کرد، چالاکوانان بۆ گوندەکەیان گەڕانەوە.

فەرماندەی قەڕەقۆڵەکە هەڕەشەی لە گوندنشینان کرد

دوای چالاکی شەرمەزاری کرگزەکان، فەرماندەی قەڕەقۆلی گەلی زیلان گوندنشینانی ڕاپێچی قەڕەقۆلەکە کرد و هەڕەشەی لەوان کرد و پێیانی راگەیاند، ئەوان ئاژاوە دەنێنەوە و ئەگەر جارێکیتر چالاکی ئەنجام بدەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات."

ف.ق