یەپەسە لە جزیر هێرشی کردە سەر زرێپۆشێکى پۆلیس

یەکەکانى تۆڵەی شەهید محەمەد یاڤوزەل سەر بە یەکەکانى پاراستنى سڤیل لە ١١ی حوزەیران لە جزیر بە مۆلۆتۆف هێرشیان کردە سەر زرێپۆشێکى پۆلیس و سوتاندیان.

بەپێی راگەیاندراوی یەپەسە "یەکەی تۆڵەى شەهید محەمەد یاڤوزەل-ی یەپەسە لە ١١ی حوزەیران لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ دا لە گەڕەکی جودیی جزیر بە مۆلۆتۆف لە ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی هێزە تایبەتەکانیان دا".

یەپەسە راشیگەیاندووە "بەهۆی هێرشەکەوە زرێپۆشەکە ئاگری تێبەربووە و سوتاوە، بەڵام ژمارەی کوژراوان و بریندارانی ناو زرێپۆشەکە روون نەبووتەوە و پۆلیسەکانیش لە ترس دەستیان بە دەسڕێژی هەڕەمەکی بە دەورووبەری خۆیاندا کرد، بەڵام یەکەى ئەنجامدەری چالاکییەکە بە سەلامەتی شوێنی چالاکییەکەیان بەجێهیشت".

یەپەسە ئەوەشی راگەیاند "ئێمە بۆردومانى جزیر لە بیر ناکەین. بە دڵنیاییەوە رۆحی فیدایی لە جزیر، سور، سلۆپی، شرنەخ، نسێبین، هەزەخ و گەڤەر لێپرسینەوە لە دەوڵەتى تورک دەکات. ئێمەى یەپەسە و یەپەسەى ژن رایدەگەیەنین، کە لە دژی داگیرکەریی و سیخوڕەکان لە چوارچێوەى هەڵمەتى تۆڵەسەندنەوەدا لە هەموو شوێنێکدا تۆڵەى خۆمان دەکەینەوە".

ژ.ت