دەستەی پەروەردە هێرشی قامیشلۆ شەرمەزار کرد

دەستەی پەروەردە و فێرکردنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی هەرێمی جزیر، هێرشی دژی دامەزراوەی پەروەردەی قامیشلۆی شەرمەزار کرد.

بەرەبەیانی زوو لە ناوەندی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی هەرێمی جزیر لە قامیشلۆ ئۆتۆمبێلێک تەقێنرایەوە. سەبارەت بەو بابەتە، دەستەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی جزیر لە شوێنی تەقینەوەکە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

راگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن حەنان ئینیز وتەبێژی فەرمانگەی ژنانی دەستەی پەروەردە و فێرکردن و بە زمانی عەرەبی لەلایەن فەیسەڵ ئەلخدر، جێگری سەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن خوێندرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " ساڵانێکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەموو شێوازەکانی شەڕی قێزەونەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و پێکهاتەکانی، هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژی لەبەرامبەر گەل و دامەزراوە مەدەنییەکان ئەنجام دەدات.

ئەو ئۆتۆمبێلەی فەرمانبەرانی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی جزیر دەگوازێتەوە مینڕێژکراوە و لە کاتی کۆبوونەوەی فەرمانبەران هێرشێکی دڕندانە ڕوویدا. سەدان کارمەندی دەستەی کارگێڕی هەیە و هێرشێکی لەم شێوەیە لە کاتی کۆبوونەوەی فەرمانبەراندا پلانێکی کۆمەڵکوژی گەورە بووە.

ساڵانێکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت بەم هێرش و کۆمەڵکوژییە پلان بۆداڕێژراوانە ئێمە بترسێنێت و ئیرادەمان بشکێنێت و تەسلیممان بکات. بە ئامانجگرتنی دەستەی پەروەردە و فێرکردن، بە ئامانجکردنی داهاتوومان و منداڵەکانمانە.

داوا لە هێزەکانی ئەمریکا و روسیا و هەموو هێزە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین ئەم دڕندەییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ببینن و بڵێن بەسە. بێدەنگی ئەو هێزانە بە مانای هاوبەشی لەم کارەدا دێت.

ئەم هێرشە دڕندانەیە شەرمەزار دەکەین، هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت و داهاتوومان تاریک بکات. جارێکی تر بە دۆست و دوژمنانمان دەڵێین بەهێزترین وەڵام بە دوژمنەکەمان بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەروەردەی خۆمان و منداڵەکانمانە."

ف.ق