بە دیمەن

ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەربارەی تورکیا پەسەندکرا

پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد ڕیفۆرمی دیموکراتیک ئەنجام بدات، ستانداردەکانی مافەکانی مرۆڤ بەرزتر بکاتەوە و بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان بجووڵیتەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کۆمیسیۆنی ئەوروپای دەربارەی ڕاپۆرتەکانی تورکیا بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤، لە دانیشتنی لیژنەی گشتییدا پەسەندکرد. ڕاپۆرتەکە بە ٣٦٧ دەنگی بەڵێ، ٧٤ دەنگی نەخێر، ١٨٨ دەنگی بێلایەن پەسەندکرا. ڕاپۆرتەکە بۆ دەستنیشانکردنی هەڵوێستی سیاسی پەرلەمانی ئەوروپا بەرامبەر تورکیا گرنگە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە ڕوونی دۆخی بنبەستی پرۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا خراوەتەڕوو، هاوکات ڕەخنەی توندی لە دوورکەوتنەوەی ئەو وڵاتە لە دەوڵەتی یاسا و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و لاوازبوونی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و فشار بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی گرتووە. پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد ڕیفۆرمی دیموکراتیک ئەنجام بدات، ستانداردەکانی مافەکانی مرۆڤ بەرزتر بکاتەوە و بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان بجووڵیتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا دەستنیشانکراوە کە لە هەلومەرجی ئێستەدا ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا نەگونجاوە و پێشنیارکراوە لەسەر بناغەی "هاوکاری ستراتیژی" سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا_تورکیا دابڕێژرێتەوە.

تورکیا لەبری چارەسەر، سیاسەتی ئەمنی دەگرێتەبەر

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا بەچڕی تیشک خراوەتە سەر پرسی کورد و هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر پرۆسەی نوێ. پەرلەمانی ئەوروپا تیشکی خستۆتەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەمنیی تورکیا گرت کە ئەم بانگەوازە مێژووییە و دەرفەتەکانی چارەسەر پشتگوێ دەخات. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پاش کۆتایی‌هاتنی پرۆسەی چارەسەر لە تورکیا، ستەم لەسەر کۆمەڵگە زیاتر بووە و گۆڕەپانی دیموکراتیک زیاتر بەرتەسک بووە.

ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور نائارامی هەرێمەکە زیاتر دەکات

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هێرش و سیاسەتەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کراوە. جەختکراوەتەوە ئەم ئۆپەراسیۆنانەی دەرەوەی سنوور نائارامی هەرێمەکە زیاتر دەکەن و لەڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە کێشەیە. لە ڕاپۆرتەکەدا گوتراوە کە بەئامانجگرتنی ئەزموونەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا زیان بە ئاشتی هەرێمەکە دەگەیەنێت.

ئیرادەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو دەستی بەسەردا دەگیرێت

فشار بۆ سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، زیندانیکردنی پەرلەمانتاران و دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییەکان و چەندین بابەتی تر بوونە ڕۆژەڤی ڕاپۆرتەکە. جەختکرایەوە، ئەم ڕەفتارانە دیموکراسیی خۆجێیان لاواز کردووە و زەوتکردنی ئیرادەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوە و سڕینەوەی فرەییە.  

هێرش بۆ سەر ماف و ئازادییەکان

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە گیراوە لە فشارکردنە سەر ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و سانسۆرەکانی سەر میدیاکان. پەرلەمانی ئەوروپا جەختی کردەوە، دەبێت ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان لە تورکیا بەگوێرەی پێوەرە گەردوونییەکان نوێ بکرێنەوە.

لەسەر بناغەی ئەم هەڵسەنگاندنانە، پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیاری کرد، پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا سەرلەنوێ پێناسە بکرێنەوە، وە لەسەر بناغەی هاوکاری ستراتیژی دابڕێژرێنەوە.