بانگەوازە مێژوییەکی ڕێبەر ئاپۆ و مافی هیوا خرایە ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

بزووتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی نەژادپەرستی (مراپ) بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی خستە ڕۆژەڤی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و سەرنجی خستەسەر ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی چارەسەرییدا و ڕایگەیاند 'مافی هیوا' پێشێل دەکرێت.

ڕاپۆرتی مراپ

بزووتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی نەژادپەرستی (MRAP) بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی خستە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە لەسەر بنەمای 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک)ـی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ وەرگیراوە. مراپ ڕاپۆرتی پێشکەشی ئەنجوومەنەکە کرد کە دانیشتینی ٥٩ی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان  لە نێوان ١٦ـی حوزەیران و ٩ـی تەمووز لە ژنێڤ ئەنجام دەدرێن. لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری بکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا گوتراوە، "لە تورکیادا تێکۆشان بۆ داننان بە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد، لە مانگی ئایاردا بە بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چەکدانان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی نوێ." و سەرنج خراوەتەسەر ڕەوشی گرتووخانەکانی تورکیا و ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵییدا.

پەیوەست بە ڕەوشی گرتووخانەکانی تورکیا بیرهێندرایەوە کە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان (CAT) لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤دا لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی دەرنجامەکاندا، ڕایگەیاند لەڕووی سەربەخۆیی دادگەری، دادوەر و پارێزەرانەوە دواکەوتنێکی جددی هەیە.

هەروەها ڕاگەیاندراوە لە ئیمراڵی ڕژێمێکی تایبەتی گۆشەگیری هەیە و گوترا، "بەو ئەزموونانەی لە ڕژێمی تایبەتی لە گرتووخانەی ئیمراڵییەوە بەدەستهاتوون، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە، سیستەمی سیاسی تورکیا، سیستەمی ئێستای گرتووخانەکانی درووستکردووە. ئیمراڵی وەک گۆڕەپانێکی دەرەوەی سیستەمی یاسایی تورکیا سەرلەنوێ درووستکراوەتەوە و پێوانە یاساییە گشتییەکان لە ئیمراڵی جێبەجێ نەکراوە و پەیوەست بە ئیمراڵییەوە بە تایبەت گۆڕانکاری یاسای ئەنجام دراوە." هەر لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنجخراوەتەسەر ئاستی گۆشەگیری سەختی ئیمراڵی و چۆنییەتی ڕێگریکردن لە دیدارەکانی ئیمراڵی.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دیدارەکانی ئەم دوای ئیمراڵی کراوە و جەختکراوەتەوە لەسەرئەوەی ئەم دیدارانە بەمانای لابردنی قەدەغەی دیداری پارێزەران نایەت و بە ئێستایشەوە دواکارییەکانیان ڕەتدەکرێتەوە.

مافی هیوا پێشل دەکرێت

لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنجخراوەتەسەر بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٤ پەیوەست بە مافی هیوای ڕێبەر ئاپۆوە گرتوویەتی و دەستنیشان کراوە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە لەلایەن تورکیاوە پێشل کراوە.

'عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی ئاشتی نیشاندا'

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتەسەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' بۆ چارەسەری پرسی کورد و هاتووە: "وێڕای گۆشەگیرکردنی لە لایەن دەوڵەتەوە، بەڵام ئۆجالان ئیرادەی خۆی بۆ هاوکاریکردن و بەسەرخستنی چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کورد نیشان داوە." لە بەردەوامییدا وەک تەواوکارییەک لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، سەرنجخراوەتەسەر بڕیارەکانی پەکەکە و دەڵێت: "پەکەکە لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ەوە ئاگربەستی ڕاگەیاند و دواتر بڕیاری کۆتایهێنان بەو کار و چالاکییانەی دا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن."

ئەنجام و پێشنیار

لە بەشی ئەنجام و پێشنیاری ڕاپۆرتەکەدا گوتراوە، "سیستەمی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان و سزادراوانی دیکە، مافە نێونەتەوەییەکان پێشل دەکات و گەورەترین ڕێگرییە لە مەسەلەی چارەسەری کورددا.

لەم کاتەدا کە سەرەنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر ڕۆڵی هەرێمی تورکیایە، نابێت هەموو ئەو پێشلکارییە نایاسایانەی تورکیا لەسەر ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت لەسەر گەلی کورد هەستپێنەکرێت. بۆئەوەی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردن سەرکەوێت مراپ ئەم داوایە دەکات: پێویستە بەرپرسانی تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و پێشنیارەکانی کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان (CAT) و کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەساڵی ٢٠٢٤دا دەریچواند، جێبەجێ بکات. وە پێویستە ئۆفیسی کۆمیسیاری بڵندی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی تایبەت ئاگاداری ڕووداوەکانی ناو تورکیا بێت، ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٧ـی نوێ بکاتەوە و هەڵیسەنگێنێتەوە."