باستا: زیندانی کردنی کۆچ بە مانای هێرش لەسەر هیوای ئاشتییە
سکرتێری پارتی ستارک ئالتەرناتیڤ (باستا)ی سویسرا فرانزسیکا ستیر، داوای کرد دەوڵەتی ئەڵمانیا سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچ ئازاد بکات و هاوکاری ئاشتی بکات.
سکرتێری پارتی ستارک ئالتەرناتیڤ (باستا)ی سویسرا فرانزسیکا ستیر، داوای کرد دەوڵەتی ئەڵمانیا سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچ ئازاد بکات و هاوکاری ئاشتی بکات.
فرانزیسکا ستیر لە بازڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا پێویستە دەوڵەتانی ئەوروپا دەست لە بە ئامانجگرتنی نوێنەرانی سیاسی ڕەوای گەلی کورد هەڵگرن و هاوکاری پرۆسەی ئاشتی بکەن.
ستیر وتی: "زیندانی کردنی یوکسەل کۆچ هەوڵێک نییە لە دژی کەسێک، بە ئامانجگرتنی هیوای هەزاران کەسە بۆ ئاشتی کە لە ئەوروپا تێدەکۆشن. ئەم دۆخە ئەوە نیشان دەدات کە ئەوروپا لە لایەنی فشار و تاوانبارکردنەوە هەڵوێستی گرتووە نەک لە لایەنی ئاشتییەوە. داوا لە ئەڵمانیا و ئەوروپا دەکەین لە بری ئەوەی نوێنەرانی گەلی کورد بە ئامانج بگرن، بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتی هەنگاو بنێن".
سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچ لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا دەژی، بەرەبەیانی ٢٠ی ئایار لە هەڵکوتانەسەر ماڵاندا دەستبەسەرکرا و پاشان زیندانی کرا.
لە بەردەوامی قسەکانییدا ستیر ئاماژەی بەوەشدا ئەمە تەنها قوربانیکردنی کەسی نییە، بەڵکو گورزێکە لە هیواکانی ئاشتی و گوتی: "تورکیا بە دەستگیرکردنی ئەوکەسانەی کە لە بیرکردنەوەی ئەودا لەگەڵ پەکەکە پەیوەندییان هەیە، هەوڵدەدات دەستپێشخەریی ئاشتییانە سەرکوت بکات. لە بەرانبەر ئەمەدا بێدەنگی ئەوروپا قبوڵکراو نییە."
لە کۆتایی قسەکانییدا ستیر ئاماژەی بەوەشدا سەرەڕای ئەوەی پەکەکە جارێکی دیکە دەستی ئاشتیی درێژ کردوە، لە کاتێکی وادا ئەوروپا کاراکتەرانی ئاشتیی تاوانبار دەکات و گوتی: "ئازادکردنی یوکسەل کۆچ نەک تەنها پرسێکی مافی مرۆڤ، لە هەمانکاتدا هەنگاوێکی گرنگە کە ڕێ لە بەردەم چارەسەری سیاسی و ئاشتییەکی هەمیشەیی دەکاتەوە."
ستێر بانگەوازی لە دامەزراوەکانی کورد، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت داواکاری ئازادی یوکسەل کۆچ لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە هێز بکرێت. هەروەها دەڵێت ئەمە تەنها بەرپرسیارێتی ئەڵمانیا نییە، بەرپرسیارێتی هەموو ئەوروپایە.