دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچ ئیدانە کرا
لە زوریخی سویسرا دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسەل کۆچ ئیدانە کرا.
لە زوریخی سویسرا دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسەل کۆچ ئیدانە کرا.
لە زوریخی سویسرا دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسەل کۆچ لەبەردەم کونسوڵخانەی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی دیموکراتیکی کوردانی سویسرا (جەدەکە-س) ئیدانە کرا. فشارەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر سیاسەتمەدارانی کورد ناڕەزایی توندی لێکەوتەوە. لە چالاکیەکەدا دروشمی "ئازادی بۆ یوکسەل کۆچ" و "ئێوە ناتوانن سیاسەتی کوردان تاوانبار بکەن" بەرزکرایەوە.
جەمال ئۆزدەمیر، هاوسەرۆکی جەدەکە-س لە چالاکییەکەدا گوتی: "پاش ئەوەی لە ٢٧ی شوبات بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک ڕاگەیەندرا، پەکەکە لە کۆنگرەی ١٢هەمیدا، کۆتایی بە کردەوە چەکدارییەکانی و ئەو کارو چالاکیانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرا. دوای ئەم بڕیارە مێژووییە، دەوڵەتی ئەڵمانیا جارێکی تر نیشانی دا کە بە دەستگیرکردنی سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچ، بانگەوازیی بۆ ئاشتی کردووتە ئامانج."
هەروەها سیاسەتمەدار دیلان دیرایەت تاشدەمیر ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا بە هەڵوێستی خۆی ڕێگری لە ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکی گەلی کورد دەکات و وتی: "لە کاتێکدا دەبوو بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک ئەنجام بدرێت و دەبوو ئەڵمانیا پشتگیری ئەم پرۆسەیەی بکردایە، بەڵام سیاسەتی تاوانبار کردنی گرتووتە پێش و یوکسەل کۆچی دەستگیر کرد. دەبێت ئەڵمانیا بزانێت کە چارەسەرێکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە جێبەجێکردنی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دێتە ئاراوە."
تاشدەمیر داوای ئازادکردنی بۆ سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە ئەڵمانیا کرد کە بەهۆی قەدەغەکردنی پەکەکەوە لە ئەڵمانیا زیندانی کراون.