بە دیمەن

گوڵتان کشاناک: دەبێت پرۆسەکە خاو نەکرێتەوە، پێویستە هەنگاو بنرێت

سیاسەتمەدار گوڵتان کشاناک ڕایگەیاند کە دەبێت سەرەتا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری پرسی کورد و هەموارکردنەوەی یاسایی و دادوەری، هەنگاو بنرێت.

ئەو پڕۆسەیەی کە لە دوای "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوبات دەستی پێکرد، بە پێشهاتە گرنگەکانیەوە بەردەوامە. دوابەدوای بڕیاری پەکەکە بۆ "کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی" لە کۆنگرەی ١٢دا، گرووپێک گەریلا دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ١٩ی حوزەیران لە ئەشکەوتی جاسەنەی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی لەناوبردنی چەکیان ئەنجامدا.

سیاسەتمەداری کورد گولتان کشاناک کە بەشداری لە مەراسیمە مێژووییەکەدا کردبوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەسەر پرۆسەکە قسەی کرد.

بەرپرسیارانی باڵا شایەتی هەنگاوە مێژووییەکە بوون

گولتان کشاناک لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند کە سووتاندنی چەک هەنگاوێکە کە هیوای بۆ داهاتوو هێناوەتە ئاراوە و هاوکات بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا هێنا و وتی: "ئەم مەراسیمە کاریگەری زۆری لەسەر هەر کەسێک دانا. هەم خەمباری هەبوو و هەم هەستکردن بە هیوا و بەرپرسیارێتی مەزن بۆ داهاتوو. بەڕاستی ساتێکی مێژوویی بوو. لە ئێستا بەدواوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێشهاتەکان دەبێت. ئەم مەراسیمە قەد لەبیر ناکرێت.

ئەو کەسانەی لەوێ بوون شایەتی ئەم ساتەوەختە مێژووییە بوون. ئەوانیش بوونە بەشێک لەم ڕووداوە. شایەتی بوونی ساتەوەختە مێژووییەکان هاوکات بەرپرسیارێتیەکی گەورە بە مرۆڤ دەبەخشێت. لەپێش چاوی هەموومانەوە دانانی چەک و بڕیاری بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک نمایشکرا. بەڵام نەک تەنها بە قسە، بەڵکو بە کردار. بۆیە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٥، کات و ساتێکی زۆر گرنگی مێژووییە."

ئیتر کەس ناتوانێت چەک وەک بیانوویەک بەکار بێنێت

گوڵتان کشاناک پرۆسەکانی ئاشتیی پێشووی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: "دوایین پرۆسە لە ساڵی ٢٠١٣ – ٢٠١٥دا بوو، پێش ئەوە پرۆسەی ئۆسلۆ لە ٢٠٠٩ هەبوو، من ڕاستەوخۆ شایەتی ئەو پرۆسانە بووم، ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەک لە ١١ی تەمموزدا لە ڕاستیدا بڕیارێکە کە بە مانای سەرکەوتنە بەسەر ئەو کێشانەی کە لە پرۆسەکانی پێشوودا ڕوویاندا. کەسانێک کە بۆ ئاشتی دەهاتن و هەنگاویان دەنا هەموو دەستگیر کران.

بەڕێز ئۆجالان هەموو ئەمەی بینی، لە پرۆسەی پێشوودا هەرچەندە گفتوگۆ هەبوو، بەڵام چەک وەک بەربەست و بیانوویەک بۆ پێشهاتە دیموکراتیکەکان و هەموارکردنەوەی یاسایی دەهێنرایەوە. بەڕێز ئۆجالان ئەم بیانوویانەی لابرد.

بەرێز ئۆجالان بەرپرسیارێتی مێژوویی گەورەی لە ئەستۆ گرت و بانگەوازیی کرد و پەکەکەش بە پێی ئەم بانگەوازە مامەڵەی کرد و هەڵوێستێکی بە هێزی نیشان دا. ئەم پرۆسەیە تەنها پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حکومەت و ئاشتی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پرۆسەی گۆران و گۆڕانکاری دیموکراتیکە بۆ هەموو لایەنەکان. بەڕێز ئۆجالان پێشەنگایەتی ئەم پرۆسە گەورەیە دەکات و بەرەوپێشی دەبات.

'پێویستە باس لە هۆکارەکان بکەین'

کشاناک باسی لەوەشکرد، بەتاوانبارکردنی بەردەوامی داواکارییەکانی گەلی کورد بۆ ئاشتی و یەکسانی لەژێر ناونیشانی "تیرۆریسیت" هەڵوێستێکی هەڵەیە و وتی: "ئەو دۆخەی کە هاتۆتە ئاراوە، چ لەلایەنی خەڵکەوە، چ لە ڕای گشتی و چ لە شرۆڤەکارانی بیانییەوە، ئەمەیە: "بەساڵانە گفتوگۆ دەکرێت، ئایا پەکەکە هۆکارە یان ئەنجام؟ حکومەت هەمیشە دەڵێت: "پرسی کورد بوونی نییە، بەڵکوو پەکەکە کێشەیە."

بەم ئاماژانەوە هەموو داواکارییە سەرەتاییەکانی ماف، ئازادیەکان، داواکارییە سیاسییەکانی گەلی کورد و هەموو لێدوان و چالاکی هەڵوێستەکانیان بە تاوان دەناسێندرا. ئەم پڕوپاگەندەیە لە بیروڕای گشتی جیهانیشدا ئەنجام دەدرا. لە ڕاستیدا گرنگترین هۆکاری ئەم هەنگاوە، وازهێنانە لەم ناوە "تیرۆریست" ـە کە دەیانەوێت بیکەنە سەر کورد. ئیتر کەس قسەی لێەوە ناکات. هەروەها ئەمەش تایبەتمەندی سەرەکی پرۆسەکەیە. لە قۆناغی ئێستادا پێویستە گەلی تورکیا، هەموومان و دەوڵەت، بە ڕوونی و بە هۆکاری مێژوویی، یاسایی و سیاسی، دانوستان و چارەسەری پرسی کورد بکەین.

کەواتە پەکەکە هۆکار نییە، بەڵکوو ئەنجامە. مەسەلەی کورد بوونی هەیە. بەو هەنگاوانەی کە نرا، هەمووان بینیان کە لە ڕاستیدا پەکەکە دەرئەنجامە. نکۆڵیکردن لە بوونی گەلی کورد، داننان بە ماف و ئازادییەکان، نەبوونی دەرفەت بۆ بەکارهێنانی زمان، شوناس و کولتوور بۆ نەوەکانی داهاتوو و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ جینۆساید و ئاسمیلەکردن، پرسێکی گەورە بوو و پەکەکەش لەو هەلومەرجەدا سەری هەڵدا.

پەکەکە و چەک دەرئەنجامی پرسی کوردن. تا پرسی کورد بوونی هەبێت، ئەم مەترسییە هەمیشە بوونی دەبێت و دەبێت لەوە تێبگەین. چونکە کێشە چارەسەرنەکراوەکان کێشەی نوێ دێنن و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی تازە.

'پێویستە هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێت'

گۆڵتان کشاناک لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەو هەنگاوانەدا کە پێویستە لەمەودوا بنرێن و ڕایگەیاند: "زۆر شت هەیە کە پێویستە ئەنجام بدرێت، بێگومان هەموو ئەمانە بە یەکجار ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام سێ شت هەیە کە پێویستە بەپەلە ئەنجام بدرێت.

یەکەم: لە هەمان کاتدا لەگەڵ هەنگاوەکەی ١١ی تەمووز، گەریلاکان دەیانگوت هیچ دوودڵییەکمان لە دانانی چەکدا نییە. تەنها پێویستە پێویستیە سیاسی و یاساییەکان دابین بکرێن. هەروەها، تەنیا ئەوانەی لە شاخەکاندا نین؛ بەڵکوو بە دەیان هەزار کەس لە زینداندان و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە یان پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە" بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان، ڕێپێوان، لێدوان یان نەورۆزدا دادگایی کراون و زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. بەهەمان ژمارەیش لە دەرەوەی وڵاتن.

پەکەکە ئیرادەی خۆی نیشان دا. ئەمەش نەک تەنها بە بەڵێندان، بەڵکو بە سووتاندنی چەکەکانیش ئەمەی نیشان داوە. ئیتر بوار بۆ بیانوو نەماوە. پێویستە دەستبەجێ هەموارکردنەوە بکرێت کە هەموو کەسەکان بە شێوەی یاسایی بتوانن بەشداری ژیانی سیاسی دیموکراتیکدا بکەن. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە پەرلەمان دادەمەزرێت زۆر گرنگە.

نابێت ئەم پرۆسەیە بوەستێنرێت. دەبێت دەستبەجێ گفتوگۆ دەست پێبکات. ١١ی تەمووز هەنگاوێکی سیاسی بوو و هەڵوێستێکی سیاسی نیشاندرا. ئەوەی پێویستە لە بەرامبەر ئەمەدا بکرێت هەموارکردنەوەی سیاسییە.

دووەم: پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لاببرێن. ئەمە تەنها پەیوەندی بە چەکەوە نییە. بەڵکوو پێویستی بە گۆڕانکاری دیموکراتیکە.

سێیەم و لە هەمووی گرنگتر پەیوەندی بە دۆخی بەڕێز ئۆجالانەوە هەیە. ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەبێ گەرەنتی بکرێت. دەتوانرێت یاسا لەسەر ئەم بابەتە دیار بکرێت. ئەمەش مەرجی یاسای ناوخۆیی تورکیایە.

بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر ئەم پرسە بوونی هەیە. بەدیلگرتنی بەڕێز ئۆجالان کە پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە دەکات لە ژووری تاکەکەسیدا، نە لە ڕووی یاساییەوە، نە لە ڕووی ئەخلاقیی و ویژدانەوە قبوڵکراو نییە."

گوڵتان کشاناک لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بەرپرسیارێتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆ بگرن و وتی: "ئەمە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیکە. هەموومان پێویستە بگۆڕدرێن. دەبێت لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین. بەرێز ئۆجالان لە دوا بانگەوازیدا بە ڕوونی باسی لە پرۆسەی ڕەخنە و ڕەخنەدانەوەی کردووە. پێویستە هەموو کەسێک سەیری ڕابردووی خۆی بکات و لە خۆی بپرسێت: "چیمان کرد؟ چیمان نەکرد؟ چیمان بەجێهێشتووە؟ چیمان هەڵە کردووە؟ لەمەودوا دەتوانین چ کارێک بە باشی بکەین؟" بۆیە پێویستە هەمووان ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن.