کەجەدەکە_ئە دەستبەسەرکردنی یوکسەل کۆچی شەرمەزار کرد

کەجەدەکە_ئە دەستبەسەرکردنی یوکسەل کۆچی شەرمەزار کرد و داوای لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کرد کۆتایی بهێنێت بە سیاسەتی تاوانبارکردنی کوردان.

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بانگەوازی لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کرد، زیندانیانی سیاسی کورد لە ئەڵمانیا ئازاد بکات و کۆتایی بهێنێت بە سیاسەتی تاوانبارکردنی کوردان.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات و کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە لە تورکیا و کوردستان پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێ کرد، دەڵێت: "ئەڵمانیا و چەندین دەوڵەت و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد. حکومەتی ئەڵمانیا لە ئاستێکی بەرزدا پێشوازی لە بانگەوازەکەی ٢٧ ی شوبات کرد و ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ هەموو پشتگیرییەک".

کەجەدەکە_ئە ئاماژە بەوە دەکات ئەم بەیانییە بە پاساوی قەدەغەی پەکەکە لەلایەن دەوڵەتی ئەڵمانیاوە، یوکسەل کۆچ لە برێمەن دەستبەسەرکراوە، دەڵێت: "دەستگیرکردنێکی کەسێکی وەها ناسراو کە سەرۆکایەتی و هاوسەرۆکایەتی ڕێکخراوە  کوردییەکانی کردووە، لەکاتێکدا کە تەڤگەری ئازادی کورد لە تورکیا بەرپرسیارێتی مێژوویی گرتووەتەئەستۆ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، واتای ئەوەیە کە ئەڵمانیا لە قۆناغێکی نوێدا سیاسەتی خۆی دژی کوردان پیادە دەکات".

هەروەها جەخت دەکاتەوە، گرتنی یوکسەل کۆچ وەک پەیامی ئەڵمانیا و ئەوروپا بۆ سیاسەتی کورد، پەیامی پێداگرییە لەسەر شەڕ نەوەک ئاشتی، دەڵێت: "ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی ئەڵمانیا بە دژی ئاشتی دەبینین، داوای ئازادکردنی یوکسەل کۆچ و هەموو زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئەڵمانیا دەکەین.

وەک کەجەدەکە_ئە بانگەواز لە دەوڵەتی ئەڵمانیا دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کۆتایی بە سیاسەتی تاوانبارکردنی کوردان بهێنێت و دەست لە دژایەتی کوردان هەڵبگرێت".