بە دیمەن

کۆنفرانسەکەی ئەتینا کۆتایی هات

لە دانیشتنی سێیەمی کۆنفرانسی "پرسی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کە لە ئەتینای پایتەختی یۆنان ئەنجامدرا، گفتوگۆکرا لەسەر بابەتی هێزە هەرێمییەکان و پرسی کورد.

دانیشتنەکە لەلایەن سۆتریس ڕۆوسۆس بەڕێوەبرام لە زانکۆی جۆرج وانشتۆن پرۆفیسۆر ئامی ئۆستن هۆملز بەشداربوو. هۆملز ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی لە سوریا وەک پێشهاتێکی ئەرێنی ناوبرد.

هۆملز جەختی کردەوە، قەسەدە کۆمەڵکوژیی لە هەرێمەکەدا وەستاند، لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا لەژێر کاریگەریی ژنۆلۆژی پێشکەوتنی مەزن لە بواری مافەکانی ژنان بەدی هاتووە، کوردەکان سەرەڕای ئاستەنگەکان دەستیان لە ڕێکخستنی مافەکانی ژنان هەڵنەگرتووە.

دەبێت کوردەکان بەگوێرەی ڕەوشی نوێ، ستراتیژی خۆیان دابڕێژن

ئەکادیمیسیان لە زانکۆی لایپزیگ کەمال چۆمانی ڕایگەیاند تێکۆشانی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆزی ژینا ئەمینی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. ئاهەنگەکانی نەورۆز نیشانەی ئەم پێشکەوتنە بوون. دووپاتی کردەوە، دەبێت ڕێکخستنە کوردییەکان بەگوێرەی ڕەوشی نوێ، ستراتیژی گونجاو دابڕێژن.

مامۆستا لە زانکۆی نیکۆسیا ستاڤرۆس دراکۆلارکۆس تیشکی خستەسەر گرنگیی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە، جەختی کردەوە دەبێت حکومەتی ئەردۆغان لەم بارەیەوە هەنگاوبنێت.

پرۆفیسۆر کۆنستانتینۆس فیلیس ڕایگەیاند لەپێش ساڵانی هەشتاکانەوە، پرسی کورد لە هەرێمەکە پرسێکی گرنگە، چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە کاریگەریی کردووەتە سەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی تورکیا. هەروەها جەختی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ کەسایەتییەکی گرنگە لە چارەسەری پرسی کورددا.

ڕوانگە و پێشنیاری نوێ دەرکەوتن

وتەی کۆتایی کۆنفرانسەکە لەلایەن هاوسەرۆکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، سەما باگداشەوە پێشکەش کرا، ڕایگەیاند لە کۆنفرانسەکەدا ڕوانگە و پێشنیاری نوێ دەرکەوتن، ئاماژەی بەوە کرد، دڵخۆشن لەم کۆنفرانسە چاویان بە دۆستانی کورد کەوت، وە سوپاسی گەلی یۆنانی کرد بۆ پشتگیرییان لە گەلی کورد.

بانگەوازی خەباتی هاوبەش بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

سەما جەختی کردەوە، پێویستە هەمووان پشتگیری لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن، وە پشتیوانی مسۆگەرکردنی پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکرێت کە هەموو گەلان دەگرێتەخۆ، ئەم پرۆژەیە نەوەک هەر بۆ کوردان، بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرە و بۆ گەلی فەڵەستینیش گونجاوە.

سەما تیشکی خستەسەر داواکەی ئەردۆغان بۆ چەکدانانی قەسەدە، ڕایگەیاند هێشتا سوریا لەبەردەم هەڕەشەی چەتە و جیهادییەکاندایە، بۆیە چەکدانان نامومکینە. سەما سوپاسی هەموو ئامادەبووانی کرد، بانگەوازی کرد بۆ درێژەدان بە خەباتی هاوبەش لەپێناو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.