مردنی ژنان لە ڕێگای کۆچکردندا زیادی کردووە
ڕێگای کۆچکردن لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا، بە یەکێک لە ترسناکترین ڕێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا مردنی کۆچبەرانی ژن لەم ڕێگایەدا زیادی کردووە.
ڕێگای کۆچکردن لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا، بە یەکێک لە ترسناکترین ڕێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا مردنی کۆچبەرانی ژن لەم ڕێگایەدا زیادی کردووە.
لە ٢٨ـی نیساندا، لە کەناراوەکانی ئەل هیرۆ لە دوورگە کەنارییەکانی ئیسپانیا، حەوت ژن و منداڵی کچ لە کەشتییەکدا گیانیان لەدەستدا. هەر چەندە زۆربەی ئەو سەرنشینانەی کەشتییەکە کە نوقمی ئاو بوو ڕزگارکران کە ١٤٥ کەس بوون، بەڵام دووبارە پرسی زۆریی کۆچبەرانی ژن و ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە بووە جێی سەرنج.
ڕێژەی ئەو ژنانەی کە لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو ڕۆژئاوا کۆچدەکەن یەکجار بەرزبووەتەوە. بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی دۆخی ناجێگیر و هەژارییەوە لە وڵاتانی (بورکینا فاسۆ، مالی، نێجیریا)وە بە ملیۆنان کەس ناچاردەبن کۆچ بکەن و باس لەوە کرا کە ژن پێشڕەویی ئەو کۆچبەرییە دەکات.
جوان کارلۆس لۆرێنزۆ، بەرپرسی 'CEAR' لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی گاردن وتی، ژنان ئیدی لە پڕۆسەی کۆچبەریدا نەک هەر جێی باسن، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. ژنان بەتەنیا یان بە منداڵەکانیانەوە یاخود لەگەڵ ژنانی دیکە ڕێگا دەگرنەبەر و مۆدێلی کۆچبەرییان گۆڕی کە پێشتر لە پیاوانەوە سەریهەڵدابوو.
دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆچکردنی لە دەریای ناوەڕاستەوە سنووردارکرد، کۆچبەران ڕوویان کردە زەریای ئەتڵەسی. لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا زیاتر لە ٢٠،٠٠٠ کۆچبەر ڕوویان لە کەناراوی ئەل هیرۆ کرد. ئەم ڕێگایە بە درێژیی و ڕێی مەرگ ناسراوە. لەلایەکی ترەوە، ژنان نەک تەنها لەبەر کێشەی ئابووری، بەڵکو لەبەر کێشەکانی وەک توندوتیژیی سێکسی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ و سوننەتکردنی ژنان ئەو ڕێگا دژوارە دەگرنە بەر.