نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوەندی هاوکارییە مرۆییەکان تاوانی شەڕە

ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ هێرشەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە نزیک ناوەندەکانی هاوکاری لە کەرتی غەززە بە "تاوانی شەڕ" ناساند.

ڤۆڵکەر تورک لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند: "هێرشە توندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لێقەوماو کە لە هەوڵی ئەوەدا بوون خۆیان بگەیەنە شوێنی یارمەتییەکان و خۆراک وەربگرن لە غەززە جێگەی قبوڵکردن نییە. ماوەی سێ ڕۆژ لەسەریەک لە دەوروبەری ناوەندێکی دابەشکردنی یارمەتییەکان کە لەلایەن ناوەندی هاوکاری مرۆیی غەززەوە بەڕێوەدەبرێت، کەسانی هاوڵاتی دەکوژرێن."

لە بەیاننامەکەدا کە لە جنێڤ بڵاو بووەتەوە هاتووە: "فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی بژاردەیەکی مەترسیدار بوونەوە، یان لە برسێتیدا دەبێ بمرن، یان دەبێت لەکاتی هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی خۆراکێکی کەم  بکەونە مەترسیەوە و بکوژرێن.

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ هەر هێرشێک لە نزیک ناوەندەکانی دابەش کردنی هاوکارییەکان "دەبێت بەپەلە و بێلایەنانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت." تورک هێرشەکانی بە "تاوانی شەڕ" ناوبرد و رایگەیاند، دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی تاوانەکان بکرێت.

بەگوێرەی بەرگری شارستانی غەززە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە شاری ڕەفەح، لە هەرێمەکانی باشووری فەلەستین، ٢٧ هاوڵاتی کوژراون و زیاتر لە ٩٠کەسیش برینداربوون.