ئیسپانیا گرێبەستێکی چەکی سەربازی لەگەڵ کۆمپانیای بەرگری ڕافائێلی ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە
وڵاتی ئیسپانیا گرێبەستێکی ٢٨٧/٥ ملیۆن یۆرۆی لەگەڵ کۆمپانیای بەرگری ڕافائێلی ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە.
وڵاتی ئیسپانیا گرێبەستێکی ٢٨٧/٥ ملیۆن یۆرۆی لەگەڵ کۆمپانیای بەرگری ڕافائێلی ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا بڵاوکراونەتەوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەت بۆ ڕاگرتن و دوور کەوتنەوە لە تەکنەلۆجیای چەکی ئیسرائیلی دراوە.
بەپێی گرێبەستە ئاماژەپێکراوەکە، بریار بوو ئەو چەکانەی بە مۆڵەتی ئیسرائیل کڕدراون، لە ئیسپانیا بەرهەم بهێنرێن.
بەڵام سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسپانیا ڕاگەیاندووە، دەستیان بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەی ئیسرائیلدا کردووە و ئیسپانیا لە بواری تەکنەلۆجیا و بابەتی بەرگریی ڕێگایەکی سەربەخۆ بە دوور لە هەرجۆرە گرێدراوبوونێکی ئیسرائیل دەگرێتەبەر.
شایانی باسە ئەم بڕیارە پاش ڕەخنەی پێدرۆ سانچێز لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ دراوە.
شایانی باسە کە سانچێز چەندین جار ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرتووە.
هەروەها لە مانگی نیساندا وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا گرێبەستی کڕینی چەکی بە نرخی ٦/٨ملیۆن یۆرۆ لە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارە لە ئەنجامی گوشاری پارتی سۆمار بوو کە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی لایەنی هاوپەیمانی چەپە.
دیاز، سەرۆکی پارتی سۆمار و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئیسپانیا نابێت هاوکاری حکومەتێک بکات کە گەلی فەلەستین کۆمەڵکوژ دەکات.