ئامارەکانى توشبوون و بارزرگانى کردن بە مادەى هۆبەرەوە لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە هەڵکشاندیە و بەگوێرەى نوێترین ئامارى فەرمى وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی ٣ و ٤ ی ئەمساڵ، لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لە سێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ ١٥٠٠ بازرگانی دەرکراوە.
مادەى هۆشبەر لە کۆمەڵگەى کوردیدا شتێکى نامۆبووە، ئەم مادە ترسناکە لە هیچ یەک لە پەڕەکانى مێژوودا نەباسى لێوەکراوە، نە لە لایەن تاکەکانەوە پێشوازى لێکراوە، بەڵام لەم چەند ساڵەى دوایدا بەهۆى بارودۆخى سیاسى و لاوازى دەسەڵاتى سیاسییەوە، چ بەمەبەست و بێ مەبەست بێت، بەکارهێنان و بازرگانى و بەرهەمهێنانى ئەم مادەیە لە هەڵکشاندان دایە.
تا پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا بەهۆی قورسی سزاکان، شتێک نەبووە بە ناوی مادەی هۆشبەر، یاسای لە سێدارەدان بۆ هەر کەسێک دەردەچوو ئەگەر بازرگانی پێوە بکردایە یان بەکاریبهێنایە، دەزگاى ئەمنى عێراق وەک کارتێکى فشار لە بەرامبەر وڵاتانى کەنداو و بەتایبەت سعودییە، لە ژێر چاودێریەکى چڕدا دەیانگواستەوە بۆ ئەو وڵاتانە، بەمەبەستى زیاترى ئالودەبوونى تاکەکانى.
لە پاش ساڵى ٢٠٠٣ و دواى ڕوخانى دەسەڵاتى بەعس، دۆخى عێراق بەگشتى ڕووبەڕووى نا ئارامى سیاسى و ئەمنى و کۆمەڵاتى بوویەوە، بەشێوەیەک دەزگا ئەمنییەکان تواناى کۆنترۆڵکردنى ئەو ڕێژە زۆرە مادەى هۆشبەریان نەدەکرد، ئەمە جگەلەوەى کەسانى دەستڕۆشتووى ئەمنى و سیاسى لەپشتەوەى زیاتر بڵاو بوونەوەى مادەى هۆشبەرن، بەشێوەیەک عێراقى لە هێڵى ترانزێتى مادەى هۆشبەرەوە گۆڕى بۆ بەکارهێن و تەنانەت بەرهەمهێنى مادەى هۆشبەر.
ڕاپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتى عێراق لەماوەى ساڵانى ٢٠١٩ تاکو ٢٠٢٢دا هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستیان گرتووە بەسەر چەندین جۆرى جیاوازى مادەی هۆشبەر، هەر لە نێوان ئەو دوو ساڵەدا زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
لەو چوارچێوەیەدا و بەگوێرەى نوێترین ئامارى فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی ٣ و ٤ ی ساڵی ٢٠٢٤دا، دەستگیرکراوە بەسەر نیو تۆن ماددەی هۆشبەر و ٧٥٠ کیلۆگرام حەبی بێهۆشکەردا، هەروەها دەستگیراوە بەسەر ٣٤٩ پارچە چەکی گروپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەردا.
هاوکات، لە ئامارەکەى وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا نزیکەی سێ هەزار فرۆشیارو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لە سێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ ١٥٠٠ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکراوە.
هەرچیش تایبەتە بە هەرێمى کوردستان، بەکارهێنەر و بارزرگان و بەهەمهێنەرى مادەى هۆشبەر لە زیادبووندایە و بەشێوەیەک:
لە مانگى ١ى ئەمساڵ، زیاتر لە 25 کیلۆ گرام ماددەى هۆشبەر دەستیبەسەرداگیرا و سێ بازرگانى ماددە هۆشبەرەکان کە دووانیان بیانیبوون، دەستگیرکراون.
لەسەرەتاى مانگى ٢ى ئەمساڵەوە، بەڕێوەبەرایەتیى مادە هۆشبەرەکانى سلێمانى، توانى بازرگانێکى مادەى هۆشبەر بە یەک کیلۆ کریستاڵەوە لە سنورى نێوان رانیە و قەڵادزێ دەستگیر بکات.
هاوکات لە کۆتاییەکانى مانگى ٣ى ئەمساڵیش، لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە، لە کاتى هەوڵى دەستگیرکردنى دوو بازرگانى ماددەى هۆشبەر، یەکێکیان دەکوژرێت و ئەوى تریان دەستگیر دەکرێت.
لە سەرەتاى مانگى ٥ەوە، بازرگانێکى مادەى هۆشبەرى لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بە زیاتر لە سێ کیلۆ مادەى هۆشبەر و چەند پارچە چەکێکەوە دەستگیر دەکرێت.
لە پاڵ ئامارەکانى دستگیرکردنى بازرزگانانى مادەى هۆشبەر، لە ناحیەى مەیدانى سەر بە ئیدارەى گەرمیانیش، دەست بەسەر کارگەیەکى مادەى هۆشبەرى جۆرى کریستاڵ و کاپتاگۆنى گیرا، بەگوتەى بەرپرسانى وەزارەتى ناخۆى عێراق لە سوریاوە زانیارییان پێدراوە.
بڵاوبوونەوە و تەشەنە سەندنى بەکارهێنان و بارزگانى بە مادەى هۆشبەر، جیا لە دەستکەوتى ئابوورییەکەى، وەک کارتێکى سیاسی و بۆ تێکشاندنى ئیرادەى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردى بەکاردەهێنریت، دەرئەنجامەکەشى کۆمەڵگەیەکى لاواز بەدواى خۆیدا دەهێنێت.
هـ . ب