بابەتی گرنگ

'دەبێت ٤ی نیسان ببێتە پاڵنەری فراوانکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک'

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە رایگەیاند، کە ٤ی نیسان رۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەبێت ببێتە پاڵنەری فراوانکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە دەستنیشانی کرد کە واتادارترین وەڵام بۆ ٤ی نیسان رۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان 'فراوانکردنی تێکۆشانە".

راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە بەم جۆرەیە: "پیرۆزبێت ٧٥ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ، کە بەو پاڕادایمەی پێشکەشی گەلانی جیهان و کوردستانی کرد رێگەی ژیانێکی ئازاد، ئیکۆلۆژیک  و نوێی کردەوە و بەخت و دەرفەتی بەشداربوون لە تێکۆشانە شکۆدارەی بۆ ئێمە رەخساند.

رەوتی مێژووی کورد کە بەرەو تاریکی دەچوو، لەلایەن رێبەر ئاپۆوە گۆڕدرا. بەو تێکۆشانە ئازادییەی بەپێشەنگایەتی پەکەکە بەرەوپێشی برد، چارەنووسی ٥٠ ساڵی دوایی دیاریکرد. بە شێوازی ژیانی خۆی، فەلسەفە و کاریگەری لە سەر ملیۆنان کەس تێکۆشانی هاوتای سەدان ساڵی لەماوی ٧٥ ساڵدا بەڕێوەبرد. راستی گەلی کورد کە بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ سەرلەنوێ خۆی ئافراندەوە، بووە روونترین دەربڕینی ئەوە. یەک لە ئامانجە بنچینەییەکانی هێزە پیلانگێڕەکان و رژێمی ئاکەپەی فاشیست ئەوە بوو کە بە گۆشەگیری بەر بە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بگرن بۆ نەگەیەندرێن بە گەل. بەڵام پاڕادایم و کتێبەکانی کە لە قۆناغی ٢٥ ساڵەی ئیمراڵیدا نوسیبووی تەنیا بە کوردەکانەوە سنووردا نەمایەوە، ئاستێکی گەردونی بەدەتسهێنا، کە رێبەر ئاپۆ ئەو قۆناغە وەک لەدایکبوونی سێهەم پێناسە دەکات. دیوارەکان گۆشەگیری لە ئیمراڵی رووخاند و بووە رێبەری گەلان. رێبەرایەتیمان پاڕادایمی 'دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنی'ی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. ئەم پاڕادایمە لە دژی هەڕەشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رێگەی ژیانێکی نوێی ئیکۆلۆژیکی نیشاندا و بۆ کێشە بنچینەییەکانی ئەمرۆکەمان چارەسەریەکی جێگرەوەی خستەڕوو.

رێبەر ئاپۆ گەورەترین تێکۆشانی لە دژی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەڕێوەبرد، کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان لە دژی ئەو ئەنجامدا و بە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی و نائەخلاقی هەڕەشە لە ئایندەی مرۆڤایەتی دەکەن. هەربۆیە لە بەرامبەر قڕکردنی ئیکۆلۆژیک و نامۆبوون و دابڕان لە نێوان مرۆڤ-ژینگەدا داوای کرد کە رۆژی ٤ی نیسان رۆژی لەدایکبوونی ئەو بە چاندنی دار پیرۆز بکرێت. ئەوە لە هەمان کاتدا رەخنەیەکە بەرامبەر بە شێوازی ژیانی ئافرێندراو لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و چۆنێتی پیرۆزباییەکانی رۆژی لەدایکبوون بە شێوە بەرخۆری و بەکاربەرگەرایی. رێبەر ئاپۆ هیچ یەک لەو چالاکیانەی ئەنجامی داون، بە خۆیەوە سنووردار نەکردووە و کردوونی بە موڵکی بزوتنەوەی ئازادی، گەلی کورد ومرۆڤایەتی. هەربۆیە داواکاری پیرۆزبایی ئاڵترناتیڤ لە رۆژی لەدایکبوونی ئەودا، دەبێت لە دژی بەهاکانی بەرخۆری و بەکاربەرگەرایی وەک دانەوەی قەرزی وەفداری و هەوڵدان بۆ بەیەکگەیشتنەوە و ئاوێتەبوونەوە لەگەڵ ژینگە ببینرێت. ئەو داواکاریەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە، ئەوانەی پاڕادایمی ئیکۆلۆژیکیان قەبوڵ کردووە، دەبێت وەک بنەمایەک ببینرێت کە مەیل، مەراسیم و شێوازەکانمان لە ژیاندا بە تەواوەتی کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژیک بن. دەبێت ٤ی نیسان تەنیا رۆژێک نەبێت بۆ چاندنی دار، دەبێت ببێتە پاڵنەری فراوانکردنی تێکۆشان لە دژی قڕکردنی ئیکۆلۆژی. بۆ ئەو تێکۆشانە دەبێت زانابوونی ئیکۆلۆژیکی پێویست، بڕیارداری، رێکخستنبوون و پشتیوانی نیشان بدرێت.

بونیادنانی ژنای نوێ کە رێبەر ئاپۆ وەک گەڕانەوە بۆ ئیکۆلۆژی کۆمەڵایەتی فۆرمولەی کردووە، تەنیا بە خاوەنداری لە پاڕادایمی ئیکۆلۆژیک دەکرێت بهێنرێتەدی. خاوەنداری لەوە، بە تێکۆشان لە دژی قڕکردنی ئیکۆلۆژیک و فراوانکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک مسۆگەر دەبێت، کە ئەوەش ئەرکی هەموو وڵاتپارێزێکە. هەربۆیە دەبێت ٤ی نیسان بۆ پارێزگاری لە خاک، ئاو و دار و فراوانکردنی پشتیوانی ئیکۆلۆژیک بۆ منداڵان، گەنجان و ژنان ببێتە سەرەتایەکی ئافراندنی گۆڕەپانەکانی ژیانی نوێ، دارستان، پارک و باخچەکان. یەک لە واتادارترین وەڵامەکان کە لە ٤ی نیساندا بدرێتەوە، سەرلەنوێ ژیاندنەوەی کولتوری 'داری ژیان'ە کە تائێستا لە کوردستان و زۆر ناوچەی جیهان ئەو کولتورە پەیڕەو دەکرێت. دەبێت بۆ هەر منداڵێک کە دێتە دنیاوە، دارێک بچێندرێت و بۆ بەیەکگەیشتن لەگەڵ ژینگە هەنگاو بنرێت.

میراتی تێکۆشانمان، ئایدۆلۆژی، پاڕادایم و رێکخستنبوونمان لە رێگەی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ دەرفەتی بزوتنەوەی نوێ، جێگرەوە و ئیکۆلۆژیکی جەماوەری دەڕەخسێنێت. هەربۆیە وەڵامێک کە لە رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و گۆشەگیری ئیمراڵی بدرێتەوە، لە سەدەی ٢١دا جێبەجێکردنی شۆڕشی ئیکۆلۆژیکە کە ئەم سەدەیە لە پاڕادایمەکەدا وەک سەدەی ئازادی ژن پێناسە کراوە. دەبێت تێکۆشانی ئازادی ژن و تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک یەکبگرن. هەربۆیە سەدەی ٢١ی کە ئێمە بە ئامانجی شۆڕشی ژن هەنگاومان بۆناوە، لە هەمان کاتدا دەبێت ببێتە سەدەی شۆڕشی ئیکۆلۆژیک. بۆ ئەوەش ئێمە بانگەوازمان بۆ هەمووان ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک وتەی 'ژن، ژیان، ئازادی'ی تێدایە و لەسەرتاسەری جیهان بۆ ژیانێکی ئازاد و ئیکۆلۆژیک پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکەن و لەگەڵ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک گەورە بکەن".

هـ . ب