دەردانی گازی گەرمخانەیی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ساڵی رابردوو دەردانی گازی گەرمخانەیی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.

ناوەندی هەواڵ

بە گوێرە راپۆرتەکەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٣٧.٤ ملیار تۆن گازی گەرمخانەیی بەهۆی بەکارهێنانی سووتەمەنیە بە بەردبووەکان لە سەرتاسەری جیهان دەردراوە و بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی لەسەدا ١.١ زیادی کردووە.

هۆکارێکی سەرەکی هەڵکشانی دەردانی گازە گەرمخانەییەکان لە جیهان بۆ ئەو وشکەساڵیەی ساڵی پار دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی کە لە چین و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە بووە هۆی ئەوەی لە بری بەکارهێنانی کارەبا لە وزەی ئاو، زیاتر پشت بە بەکارهێنانی کارەبا لە رێگەی سووتەمەنی بە بەردبوو ببەسترێت.

لەو رووەوە لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە، کە ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئاو لە سەرتاسەری جیهان بەرێژەی لەسەدا ١٣ دابەزیوە، ئەمەش دەرەنجامی وشکەساڵی بووە کە بەهۆیەوە لە وڵاتێکی وەک چین کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگە ئاویەکانی بە رێژەی لەسەدا ٨ دابەزیبوو، قەبارەی دەردانی گازە گەرمخانەییەکان لەو وڵاتە بە بڕی ٥٦٥ ملیۆن تۆن زیاد بکات.

وڵاتانی چین، ئەمریکا، هیندستان، روسیا، ژاپۆن، ئەندەنوسیا و ئێران لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندان لە رووی قەبارەی دەردانی گازی گەرمخانەیی.

سەرباری ئەو هەڵکشانە لە دەردانی گازی گەرمخانەیی کە هۆکارێکی سەرەکی گەرمبوونی زەوی و قەتیسبوونی گەرمایە، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو دامەزراوە نێونەتەوەییە، وڵاتانی پیشەسازی لە ساڵی ٢٠٢٣ بە رێژەیەکی بەرچاو دەردانی ئەو گازانەیان کەمکردبووە، ئەمەش لە رێگەی پەنابردن بۆ سەرچاوەکانی وزەی خاوێن، وەک وزەی خۆر و با.

پشکی سەرچاوەکانی وزەی خاوێن و دۆستی ژینگە

بە گشتی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ گەشەی بەکارهێنانی وزەی خوێن لە جیهان دوو هێندە زیاتر بووە لە وزەی بەبەردبوو.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە وێڕای پێشوازی لەو بەرەوپێشچوونە رایگەیاندووە کە ئەگەر وزەی خوێن بەم خێراییە گەشەی نەسەندایە، خێرایی هەڵکشانی دەردانی گازە گەرمخانەییەکان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بۆ سێ هێندە زیادی دەکرد.

وڵاتی چین ئەگەرچی پشکی شێری لە دەردانی گازە گەرمخانەییەکان بەردەکەوێت، بەڵام لە هەڵکشانی رێژەی بەکارهێنانی سەرچاوەی پاکی وزەش لە پلەی یەکەمدایە و پشکی لەسەدا ٥٠ی لە زیادبوونی بەکارهێنانی ئەو جۆرە سەرچاوانە هەیە.

فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەباییش لە جیهاندا بە رێژەی لەسەدا ٣٥ هەڵکشاوە و بووەتە ١٤ ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ساڵی رابردوودا، بەڵام سەرباری هەموو ئەو رێکارانە، گەرمبوونی زەوی و دەردانی گازە گەرمخانەییەکان لە هەڵکشاندایە.

هـ . ب