دەریاچەی وان وێران دەکرێت: هۆتێل و ڤێلای ئاکەپەییەکان لە کەناراوەکانی دروست دەکرێن

پەلامار و دەستدرێژییەکانی ئاکەپە بۆ سەر ژینگەی کوردستان بەردەوامە و یەک لەو شوێنانەی کە بووەتە ئامانجی ئەو دەستدرێژییانە، گۆل یاخود دەریاچەی وانە.

قەیومی شارەوانی وان کە سەر بە ئاکەپەیە لە رێگەی پێشکەشکردنی دەریاچەی وان بە وەبەرهێنەران و تاڵانکردنی ژینگەکەی، ئەو دەریاچەیەی رووبەڕووی مەترسی وشکبوون و پیسبوونی ئاوەکەی کردووەتەوە.

لەماوەی رابردوودا هۆتێل مەریت لە ناوچەی ئارتەمێتان لە کەناراوەکانی دەریاچەی وان دروستکرا و لەبەردەم هۆتێلەکە و لەناو ئاوی دەریاچەکەدا چەند دوورگەیەکی دەستکرد لەلایەن خاوەنی هۆتێلەکەوە دروستکراون، سەرەڕای ناڕەزایەتی و سکاڵاکانیش شارەوانی هیچ رێگرییەکی لە تێکدانی ژینگە نەکراوە.

هەر لە درێژەی وێرانکارییەکان لە ژینگەدا بڕیارە لە کەنارەکانی دەریاچەی وان لەناوچەی ئارتەمێتان ڤێلا بۆ هەریەک لە عەبدولقادر ئارڤاس پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە، کە سەرپەرشتیاری نوێی رێکخستنەکانی ئەو حزبەیە لە ناوچەکە و هەروەها ئیسماعیل سای شارەوانی ئارتەمێتانی ئاکەپەیی دروست بکرێت.

بۆ دروستکردنی ئەو ڤێلایانە لە کەناراوەکانی دەریاچەی وان، دەست بە شێواندنی ژینگەی ناوچەکە کراوە، بە ئامێرەکانی شارەوانی زەوی ڤێلاکە کە بەشێکە لە کەناراوەکان پڕدەکرێتەوە.

فاتیح شاهین شارەزای کاروباری ژینگە لەبارەی بابەتەکەوە زانیاری خستەڕوو و رایگەیاند، دەست بەسەر هەموو شوێنێکدا گیراوە و پێشکەش بە وەبەرهێنان وبیناسازی کراوە. ئەو شوێنانەی پڕۆژە و خانوویان تێداکراون، نابێت هیج بینایەکیان تێدابێت و چوونکە دەبنە هۆی لەناوبردنی گیانەوەران و رووەکەکانی دەریاچەکە. بەڵام لە وان یاسا جێبەجێ ناکرێت و سامانی گشتی پێشکەش بە کەسەکان و کەرتی تایبەت دەکرێت".

هـ . ب