گوندی هەرمۆتە؛ نیشانەی فرەڕەنگیی و پێکەوەژیانی ئایینیی گەل لە باشووری کوردستان

هەرمۆتە؛ گوندێکی کۆیە، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی مەسیحیین و گوندەکە هێمای فرەڕەنگیی و پێکەوەژیانی ئایینیی گەلە لە باشووری کوردستان.

گوندی هەرمۆتە یەکێکە لە گوندە دێرینەکانی کوردستان، ئەم گوندە لە باشووری شاری کۆیەی هەرێمی باشووری کوردستان هەڵکەوتووە و مەسیحییەکانی لێ دەژین. یوسف سڵێمانی نووسەری پەڕتووکی گنزا، کە بە سریانی نووسراوەتەوە، ناوی ئەم گوندەی هێناوە، ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٩.

بەپێی ڕای توێژەر و نووسەر هاوژین سڵێوە تا ساڵی ٢٠١٢ (٩٩) گوندی هەرمۆتە ماڵی مەسیحیی و ٢٧ ماڵی ئیسلام پێک هاتووە، بەپێی هەمان ئامار کە ئەو لێکۆڵەرە وەری گرتووە، ژمارەی مەسیحییەکان ٤٣٧ کەس بووە، هەروەها ژمارەی موسڵمانەکان ١٢٧ کەس بووە، هەروەها تا ئەو ساڵە ١٢٦ ماڵ بووە.

ڕیشەی ناوی ئەم گوندە

با سەرەتا لە ڕیشەی ناوی ئەم گوندە بکۆڵینەوە، لە ڕێی بەرباسدانی بۆچوونی چەند توێژەرێکەوە ناوی ئەم گوندە ڕاڤە و شیکار دەکەین:

بۆچوونێک پێی وایە لەبەر ئەوەی مەسیحییەکانی کۆیە بە هەنار دەڵێن ئەڕمۆتە و ئەمەش وشەیەکی سریانییە، سا بۆیە ئەمە لە ناوی گوندەکەشدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم بۆچوونە پشت بەو بەڵگەیە دەبەستێت کە ئەم گوندە باغی هەناری زۆر لێ بووە. بۆچوونێکی تر پێی وایە ئەم ناوە ناوێکی ئارامییە و لە وشەی (ئەرز مەوت)ـەوە هاتووە، ئەمەش بە شەڕێکی خوێناوییەوە گرێ دەدەن کە لەم ناوچەیەدا ڕووی داوە، توێژەران ئەمە بە واتای خاکی مردووان لێک دەدەنەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە پیتی (ز) لەم وشەیدا سواوە و نەختە نەختە بووە بە ئەرمۆتە.

بەپێی ئەگەرێکی تر ئەگەر لە وشەی ئەرت مۆتەوە هاتبێت، ئەوا ئەر بە سریانی واتە خاک، مۆتیش بە واتای مردووان دێت، پیتی (ت)ـش لەو نێوەندەدا وەک (ی) ئامڕازی پێکەوەبەستنی گرێی ناوییە لە زمانی کورددیدا، ئەمەش دیسانەوە پێکڕا بە واتای خاکی مردووان دێت.

توێژەرێکی وەک ئارنۆڵدی سەرۆکی بەشی سامی زانکۆی هایدنپک دەڵێت: وشەی مۆتا لە زمانی ئارامی کۆندا بە واتای گوند و ناوچە دێت. خوری بنیامین بیس یدکاریش دەڵێت:  لە زمانی سریانیدا زۆر ناومان هەیە لە دوو شتی لێکدراو پێک هاتوون، ئورمیە، ئور لە زمانی سریانیدا بە واتای خاک دێت، میە بە واتای ئاو، بە کۆ پێکەوە بە واتای خاکی بەراو دێت.

سەرەڕای ئەم بۆچوونانە دەربارەی وشەی ئوور لای ئەم نووسەرانە، بەڵام پاش لێگەڕین و پشکنین گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە وشەی (ئور) وشەیەکی کوردیی دێرین و ڕەسەن و کەونارە و لە ناوی شارەکانی وەک ئورمیە و ئورفە و ئۆربیلی کۆن و هەولێری ئێستا و ناوی هەورامانیشدا شوێنەواری بە زەقی ماوە، هەروەها لە وشەی خۆر و هەور و ئەوریش، بە شێوەیەکی باڵکێش دەبینرێتەوە و ئەم پەیوەندییەی بە زمانی کوردییەوە هێژای لێڕامانە.

مەسیحییەکانی هەرمۆتە

مێژوونووسان پێیان وایە مەسیحییەکانی ئەم ناوچەیە لە کۆندا کاسۆلیک نەبوون و سەر بە پاپای ڕۆما نەبوون. بەڵام ساڵی ١٧٨٩ یوحەنا هورمزد هەڵمەتێکی مژدەبەخشی لە ناوچەکانی هەولێر دەست پێ کردووە، بەم ڕەنگە خەڵکی هەرمۆتەش بوون بە کاسۆلیک. توێژەر و لێکۆڵەری کورد، دکتۆر عزەدین مستەفا ڕەسووڵ دەڵێت: تۆما تۆماس زۆر جار دەیگوت ئێمە لە ئەرسەدۆکسییەوە کراوین بە کاسۆلیکی.

مەسیحییەکانی هەرمۆتە وەک تێکڕای پەیڕەوکارانی ئایینی مەسیحی سرووت و مەراسیمە ئایینییەکانی ئەم ئایینە بە درێژایی ساڵ جێبەجێ دەکەن.

سەبارەت بە زمانی مەسیحییەکانی هەرمۆتە، ئەو زمانەی پێی دەدوێن لەگەڵ مەسیحییەکانی ئێران و ئێراق، بەڵام لە ڕووی شێوەزارەوە جیاوازییان هەیە و شیوەی هەرمۆتە خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی. ئەو زمانەی پێی دەدوین پێی دەوترێت سریانی، ئەمەش بە واتای سوورەت دیت. ئەم زمانەش یەکێکە لە زمانە کۆنەکان. ئەلفوبییەکی تایبەتی هەیە بۆ نووسین و لە بیستودوو پیت پێک هاتووە، بەڵام بەهۆی تێکەڵاوبوون لەگەڵ زمانەکانی تر هەندێک پیتی بۆ زیاد بووە، هەروەها لە درێژەی مێژوودا ئەم زمانە باندۆرێکی باڵکێشی خستووەتە سەر زمانی عەرەبیی. جگە لە زمانی ئایینەکەیان، مەسیحییەکانی هەرمۆتە بە زاری کوردیی ناویین یان سۆرانییش دەدوێن و پێی دەئاخفن، هەروەها پەیوەندییەکی پتەو و توندوتۆڵی کۆمەڵایەتییشیان لەگەڵ کوردانی ئایین و ئایینزاکانی تریشدا هەیە. بۆ نموونە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان مەسیحییەکانی هەرمۆتە و هەقەکانی کلکەسماق هەبووە، بە تایبەت لە سەردەمی مامە ڕەزا و شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە، بەڵام ئەم ئایینەی ئەو ناوچەیە لەلایەن موسڵمانە توندڕەوەکانەوە کەسێتییەکی وەک مەتێ یوسفیان لێ کوژراوە. بەپێی ڕای مێژوونووسان ئەم ڕووداوە ساڵی ١٩١٠ بۆ ١٩١٥ ڕووی داوە. هەروەها چەندین کەسایەتیی وەک حەنا پەترۆس و کەریم شەمعوونیان لێ کوژراوە.

لە ڕووی هونەریی و چاندیشەوە مەسیحییەکانی ئەم ناوچەیەی باشووری کوردستان چەندین هونەرمەندی مەزنی تێدا هەڵکەوتووە، وەک: سێوە و مەڕبێن و پۆتێ.

لە بواری فۆلکلۆریشدا گوندی هەرمۆتە چەندین کەسایەتی چیرۆکبێژ و مەقامزان و فۆلکلۆرزانی لێ بووە، کە بە زمانی کوردی و سریانی ستران و چیرۆکیان هۆنیوەتەوە، یەکێک لەوانە ئێلیا فەڕەنسییە، ئەم کەسایەتییە شەوانی زستان چیرۆک و حەکایەتی سەرنجڕاکێشی بە زنجیرە بۆ خەڵک بێژاوە، لە گرنگترین فۆلکلۆرزانەکانی تر: گۆرگیس ئێلیا و ئیبراهیم سڵێمان مەتێ و تۆما یوسف تۆما و لۆسیا فەڕەنسی ئێلیا و لە بواری پەندی پێشینانیشدا خاوەن تایبەتمەندی کۆمەڵایەتیی و زمانەوانی و چاندیی خۆیانن.

ئەم گوندە لە کۆندا سێ کیلۆمەتر لە شاری کۆیەوە دوور بووە، بەڵام ئێستا لە سۆنگەی فراوانبوونی شاری کۆیەوە تەواو لێک نزیک بوونەتەوە و تەنیا چەمێک لێکیان هەڵدەبڕێت، لە کۆنەوە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون و باغاتێکی زۆری زەیتوونی لێیە، هەروەها زەیتوونی هەرمۆتە بە فرەجۆریی بەناوبانگە و بۆ ڕۆنی زەیتوون و گەزۆی زەیتوون و پێداویستیی تر بەکار دێت. ئەو ئاوەی بۆ کشتوکاڵ پشتی پێ دەبەسترێت، بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە ڕۆژئاوای هەرمۆتەوە هەڵدەقوڵێت، هەروەها خەڵکی ئەوێندەر مێژوویەکی درێژیان لە درووستکردنی شەرابدا هەبووە جگە لەوەی بە سرووشتی دەیخۆنەوە، لە سرووت و مەڕاسیمە ئایینییەکانیشدا بەکار دێت. لە کۆندا چەند دەزگایەکی بچکۆلە و سەرەتاییان بۆ بەرهەمهێنانی شەراب درووست کردووە. هەروەها تووتن و زاخەش بۆ یەکەم جار و لە ساڵی ١٩٣٢ لە هەرمۆتە بەرهەم هاتوون.

یەکێک لە شوێنەوارە پیرۆزەکانی هەرمۆتە کڵێسای مەریەمی پاکیزەیە ١٨٦٨ لە گوندی هەرمۆتە درووست کراوە، ساڵی ١٩٧٩ لە سەر دەستی قەشە مەتێ کۆسە ڕەبان نۆژەن کراوەتەوە، لە نێو ئەم کڵێسایەدا ژمارەیەک نووسراو و دەستنووس و کتێب هەن، کۆنترینیان بۆ ساڵی ١٨٢٠ دەگەڕێتەوە، هەروەها پێنج بەردنووس هەن، ئەم بەردنووسانە، سیانیان لە دیواری دەرەوەی کڵێسان.

لە هەڵمەتی فتوحاتی ئیسلامیشدا کۆمەڵێک ئایین و چاند لە کوردستان، وەک ڕەسەنێتی هەرێمەکانی باشووری کوردستان دەژیان، مەسیحییەتیش یەکێک بوو لەوانە، لە هێرشی ئیسلامدا، کاتێك لەشکری ئیسلام هەولێری گرت، لەشکرێکی بێهەژماری بەرەو گوندی هەرمۆتە بەڕێ خست و شەڕێکی خوێناویی ڕووی دا، لە ئاکامی ئەم شەڕەدا، سەرکردەی ئیسلام، عەبدووڵای جندڵی کوژرا، بەپێی ڕای توێژەران و لێکۆڵەران هەرمۆتە لەوێ دەمێدا شار بووە و مەترانی هەبووە و کۆمەڵێک قەشە لە ژێر چاودێریی ئەودا کاریان کردووە، دەڵێن مەترانی هەرمۆتە بە جلکی سووری مەترانەوە بە سواری ئەسپ چووەتە بەردەم سوپای ئیسلام و وتوویەتی: تا ئەمڕۆ هیچ پاشایەک نەیوێراوە پێ بنێتە خاکی ئێمە و لەگەڵمان بە شەڕ بێت. پاشان لە درێژەدا پێی وتوون لەبەر خاتری خوا و عیسای کوڕی مریەم شتێکتان دەدەینێ، گەر بێتوو هەر واز نەهێنن، ئەوا گورزێکی کەمەرشکێن بە دەستی ئێمە دەخۆن.

لەو سەردەمەدا پاشایەکیان هەبووە بە ناوی پەترۆسی کوڕی کرباش، پاش شەڕ و ململانێیەکی خوێناویی و تۆقێنەر، پاشای مەسیحییەکانی ئەم ناوچەیە کوژرا و بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بوون بە موسڵمان، بەڵام بەشێکیان لەسەر ئایینی خۆیان مانەوە و سەرانە و جزییەیان لەم پێناوەدا دەدا.

لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەی ئێراقی بەزۆر داتاشراوی دەسکەلای کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیدا، مەسیحییەکانیش وەک سەرپاکی خەڵکی باشووری کوردستان بوون بە قوربانی ستەمی دەوڵەت نەتەوەی ناوەندگەرا و فاشیستی عەرەبیی، بە تایبەت لە پاش ساڵی ١٩٦٣ـەوە لە سەردەمی حەرەس قەومییەکاندا، کە دەستەیەکی توندوتیژ و فاشیست بوون و تاڵان و بڕۆ و کوشتارێکی زۆریان لە خەڵکی کوردستان کرد، مەسیحییەکانی هەرمۆتەش بوونە قوربانی فاشیزم و نەژادپەرەستی ئەم دەستەیە و تووشی ئاوارەیی و کوشتن و بڕین هاتن.