هەرێمی هەورامان کە بە تایبەتمەندیە ناوازەکانی خۆی لە کوردستان و ناوچەکەدا دەناسرێتەوە، بەردەوام سەرەنجی ئەو گەشتیار و خەڵکانی کە سەردانی ئەم هەرێمە دەکەن رادەکێشێت. بۆ باشتر پێشاندانی هەورامان، ئەم گەنجینە ڕەنگاوڕەنگەی کوردستان و ناوچەکە کە هێشتایش لە بەرامبەر هێرشەکانی سیستێمی سەرمایەداری خۆڕاگری دەکات، خەلیل ڕۆستەمی، یەک لە هاولاتیانی شارۆچکەی دزڵی هەورامان بە دەرفەتێکی کەم بەرهەمێکی ناوازە بۆ پێکانی ئەم ئامانجە درووست کردووە.
خەلیل ڕۆستەمی خەڵکی شارۆچکەی دزڵیە لە هەورامانی ڕۆژهەڵات، نۆزدە ساڵە وەستایە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەوشوێنەی کە کارەکەی تێدا کردووە و دەڵێت، "زۆر شوێن گەڕاوم بۆ ئەوەی ئەم کارەمی تێدا بە ئەنجام بگەیەنم سەرەنجام «دەربەن دزڵی»م هەڵبژارد. چونکە گەشتیار و هاتوچۆکەرێکی زۆری هەورامان بەو شوێنەدا گوزەر دەکەن و دەچن بۆ مەنتیقەکانی هەورامان و خەڵکی کەیفیان بە کارەکەی دێت و دێنوو وێنەی لە پاڵدا دەگرن".
وەستا خەلیل ڕۆستەمی ئاماژەی بەوە دەکات کە ئیش لەسەر دروستکردنی خانوو دەکات بە دەستووری کۆن، بەڵام بە شێوەی بچوک و وە بەم کارەشی سەرنجی گەشتیارانی بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت. ڕۆستەمی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "دەربەن دزڵی شوێنێکە کە بە دەروازەی هەورامان ناسراوە چونکە جادەی مەریوان-پاوەی لە سەرە قەرەباڵخە و بەردەوام ئاوەدانە، وە سروشتێکی زۆر جوانیشی هەیە".
ئەم وەستایەی هونەرمەندە لە بەینی قسەکانیدا ئەم زانیاریانە سەربارەت بە کارەکەی خستە ڕوو کە ئەمە دووهەمین کاریەتی کە لە دەربەن دەیکات و دەڵیت کە یەکەمیان لە سەرەتای دەربەندایە لەسەر چیایەکی بەرزوو سەخت کردوویەتی و داربەسی بۆ کردووە و هەموو کارەکانی خۆی کردوویەتی. ڕۆستەمی ئاماژەی بەوەش دەکات کە بە هۆی پێشوازی خەڵکەوە بۆ کاری یەکەمی، کاری دووەمیشی لە بەر خۆشەویستی دێی دزڵی بۆ کارەکەی و جووانی سروشتی ناوچەکە هەمان شوێنی هەڵبژاردووەتەوە".
وەستا خەلیلی ڕۆستەمی لە دڕێژەی گێڕانەوەکانیدا وەها باس لە کاری بیناسازی لە هەوراماندا دەکات: "سودم لە شێوەو شکڵی دەستووری کۆنی هەورامان وەرگرتووە، هەورامان وەستا بیناسازی گەورەی تیا بووە و ئێستاش هەیە و دیوارییان بە وشکە چین کردووە و منیش بە هەمان دەستوور کارەکانم کردووە، منیش لەبەر ئەوەی کە کاری بیناسازیی لە هەوراماندا جیاوازە لە شوێنەکانی تر ئەم کارەم کردووە، پێم خۆش بوو گۆشەیەک لە بیناسازی و سەلیقەی هەورامییەکان پیشانی خەڵکی دەرەوە بدەم".
لە کۆتاییشدا ڕۆستەمی سوپاسی خەڵکی دێی دزڵی دەکات کە هاوکاریان کردوون.
هـ . ب