خەڵکی هەورامان لەڕێگەی بەرهەمە خۆماڵییەکانەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن
تایبەتمەندیەکانی بەرهەمی خۆماڵی هەورامان وایکردوو خەڵکی خواستی لەسەر بەرهەمە جیاوازەکانی هەورامان هەبێت، کە ئەمەش لە ڤستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ڕەنگی دابووەوە.
تایبەتمەندیەکانی بەرهەمی خۆماڵی هەورامان وایکردوو خەڵکی خواستی لەسەر بەرهەمە جیاوازەکانی هەورامان هەبێت، کە ئەمەش لە ڤستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ڕەنگی دابووەوە.
کۆمەڵگای کوردی، لە سەردەمی کۆنەوە، چەند جۆرێک بەرهەم و خۆراکی تایبەت بەخۆی هەبووە، بەپێی بارودۆخی ئابوری و جوگرافی و شێوەژیانی ئەو کاتە بەکاری هێناون، هەندێکیان خۆراکی شل بوون و هەندێکیشیان، خواردنی توندبوون، ناوچەی هەورامانیش یەکێک لەو ناوچانەیە کە خۆرادنی خۆماڵی بەناوبانگە، و رووبەرێكی زۆری ئەو ناوچەیە باخە و بەدەستی هەورامییەكان چێنراوە و بەرهەمەكەیان بۆ زۆربەی شار و شارۆكەكانی باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان دەنێرن.
جێگای باسە لە ئێوارەی رۆژی شەممە، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند کە ٢٧٠هەزار میوان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکە سەردانی هەڵەبجەیان کردبوو و لە ماوەی ئەم سێ رۆژدا بەبڕی زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دینار فرۆش هەبووە.
جێگای ئاماژەیە، هەرچەندە فستیڤاڵەکە ناوی ڤستیڤاڵی هەنار بوو بەڵام نیوەکەی دیکەی تایبەت بوو بە کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان و گوێزی هەورامان، توو، سرکە، هەنگوین، دۆشاو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە نمایش کراون بەتایبەتی بەرهەمەکانی ناوچەی هەورامان کە خواستێکی زۆری لەسەر بوو.
١٠ ساڵ زیاترە خواردنە کوردەوارییەکان دروست دەکەم
شەهێن غەریب، ژنێکی ناوچەی هەورامانە کە کاری فرۆشیاری بەرهەمە کوردەواریەکانە لە فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی(ANF) ڕایگەیاند: "من لەم فێستیڤاڵەدا بە بەرهەمی خۆماڵی بەشداریم کردووە وە ماوەی هەر نۆ ساڵەکەی ڤستیڤاڵەکە بەشداربوومە بەڵام خۆم ١٠ساڵ زیاترە کاری دروستکردنی بەرهەمی خواردنی خۆماڵی دەکەم هەموو ئەم بەرهەمانەی لێرەدا نمایشم کردووە بەدەستی خۆم دروستم کردووە".
ژنان و گەنجانی زۆرمان هەیە کە خاوەن کاری خۆیانن
سەبارەت بە گرنگی فێستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆی لەم جۆرە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، شەهێن غەریب ووتی: "ئەم فێستیڤاڵە زۆر گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری ناوچەکە و ڕەخساندنی هەڵی کار بۆ گەنجەکانمان، ژنان و گەنجانێکی زۆرمان هەیە کە خاوەن کاری خۆیانن لە بەرهەمی خۆماڵی و لەم فێستیڤاڵانەدا دەتوانن بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە، وە هەردوو لایەنی کڕیار و فرۆشیار سوودیان بۆ یەکتر دەبێت، بۆ نموونە من ئەم بەرهەمە خۆراکییانەم بەدەستی خۆم دروست کردووە بەم شێوەیە متمانە لەنێوان کڕیاری و فرۆشیار دروست دەبێت".
ژنانێکی زۆر دەستڕەنگینمان هەیە کە بژێوی خۆیان دابین دەکەن
هەروەها ئەو ژنە هەورامییە ووتیشی: "ژنانێکی زۆری دەستڕەنگینمان هەیە و دەستخۆشی لەو ژنانە دەکەم کە شان بەشانی هاوژین و بنەماڵەکانیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن لەڕێگەی دروستکردنی هەرمە خۆماڵییەکانی ناوچەکە لەنێوانیشیاندا ڕۆبە هەنار، دۆشار و هەنگوین و چەند بەرهەمی دیکە، ئەو بەرهەمانەی کە نمایشم کردووە لێرەدا بریتیین لە ڕۆنی هێز، ڕوبە هەنار، برنجی کوردی، هەنگوین و دۆشاوی توو و چەند بەرهەمیکی دیکەی ووشەکە چونکە بەرهەمە ووشکەکان بەدرێژایی مێژوو بەسوودی هەبووە و پربوونە لە ڤیتامین و کانزا چونکە لەو سەردەمەدا خواردنی قوتوکراو نەبوو بۆیە بەرهەمە ووشكراوەکان بەکارهاتوون".
نەوەکانی داهاتوو ئاشنای خواردنی کوردەواری بن
لە کۆتایدا شەهێن غەریب داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە زیاتر گرنگی بدەن بەم جۆرە فێستیڤاڵانە تا نەوەکانی ئیستا و داهاتوو ئاشنای بەرهەم و خۆراکە کوردەوارییەکان بن لەبیری نەکەن".
کەمتەرخەمی حکومەت زیانی بە بەرهەمەکانم گەیاندووە
تەها تاهیر حوسێن پێاوێکی بەتەمەنی هەورامییە و خەڵکی گوندی هانەو قوڵینەیە و هاتبوو لە فێستیڤاڵەکە بەرهەمە خۆماڵییەکانی ساغ دەکردەوە، ناوبراو ووتی: "ساڵانێکی زۆرە خەریکی کاری بەرهەمی خۆماڵێم وە ماوەی هەشت ساڵە بەشداری ڤستیڤاڵی هەنار و بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکەم، ئەو بەرهەمانەی کە بەشداری پێدەکەم بریتین لە هەنجیر،قەیسی، بادەم، رۆنی کوردی، توو، دۆشاو، کەشک، دوێنە و گوێزی هەورامان، حەزەکەم پەرە بەکارەکانم بدەم بەڵام حکومەت هاوکار نیە لەکاتێکدا من زیانم بەرکەوتووە کە نیوە شەوی ڕابردوو باران باریوە و ئەو چادرەی دراو پێمان بەکەلکی باران بارین نەهاتووە و بەرهەمەکانم تەڕ بووە بەتایبەتی بەرهەمی هەنجیرەکەم تەڕ بووە کە یەک کیلۆی بە هەشت هەزارە و من زەرەمەند بوومە".
بەرهەمی خۆماڵی تام و چێژی تایبەتی هەیە
لە کۆتایدا قسەکانیدا تەها تاهیر حوسێن بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بەرهەمی خۆماڵی تام و چێژی تایبەتی هەیە، هیچ کاتێش بەرهەمی خراپ نافرۆشم چونکە حەزەکەم بژێوی ژیانم بەشێوەیەکی حەڵاڵ بەدەستبهێنم".
لەگەڵ هاوژینەکەم دارسازیی دەکەین
شنۆ عەزیز ژنێکی دارسازە کە خوێ و هاوژینەکەی پێکەوە کاری دارسازی دەکەن و بەرهەمەکانیان لە داری گوێز، بەڕوو و قەلەم تۆز دروست دەکەن، شنو دەربارەی کارەکەی بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی (ANF) فورات دوا: "خاوەنی پێشەی دارسازم کە لەگەڵ هاوژینەکەم لەداری سروشتی کۆمەڵێک پێداویستی ماڵان دروست دەکەین، لە پێشەکەمان دارەکانی بەڕوو، قەلەم تۆزی و گوێزی هەورامان بەکاردەهێنین، جۆرەها قاب، تەختەی چنین، مێزی نانخواردن و کڕیار هەر داواکارییەکی دیکە هەبێت دروستی دەکەین".
بەرهەمەکەمان خۆماڵییە بۆیە خواستی زیاتری لەسەرە
هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکی ئەم کارە، شنۆ ڕایگەیاند: "من حەزم بەکاری دارسازی هەبوو چوار ساڵ لەمەوبەر لەکاتی پەتای کۆڕۆنادا هاوژینەکەی ئەم هەلەی بۆ ڕەخسا و دەستمان بەم کارە کرد، فرۆشمان باشە و هەر کەسێک کە بەرهەمەکانمانی بردبێت بۆجاری دیکەش گەراوەتەوە بۆی چونکە بەرهەمەکەمان خۆماڵییە خواستی زیاتری لەسەرە بەراورد بەو بەرهەمانەی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە دەفرۆشرێت".
هـ . ب