کوردانی یارسان جەژنی خاوەنکارییان پیرۆز کرد

کوردانی یارسان لە چوارلای کوردستان و ئێران لە ٣١ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەرەوە لە تەکیەی ساداتی حەیدەری لە گوندی تۆشامی سەر بە شاری گەهوارەی پارێزگای کرماشان کۆبوونەوە و جەژنی خاوەنکارییان پیرۆز کرد.

ئەم جەژنە کە یەک لە نەریتە دێرین و گرنگەکانی کوردانی ئێزدییە، ماوەی سێ رۆژی خایاند. جگە لە کوردانی یارسانی پارێزگاکانی کرماشان، قەزوین، کەلاردەشت، هەمەدان و هەروەها زۆر میوانی دیکە لە شارەکانی وەک پاوە، جوانڕۆ و مەریوانیشەوە بەشداری رێورەسمەکەبوون.

ژنان و پیاوان بە جلوبەرگی کوردی بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد، دوای مەراسیمەکە وەک بەرەکەت خواردن دابەشکرا. میوانان لە سەر خوانی سوڵتان ئیسحاق خاوەنکار دانیشتن و خواردنیان خوارد. گرنگترین تایبەتمەندی ئەو جەژنە ئەوەیە کە هەموو ئامادەکارییەکان بە هەرەوەزی ئەنجام دەدرێن.

ئەو جەژنە کە یادکردنەوەی بەرخودانی سوڵتان ئیسحاق و هاوڕێیانیەتی بەرامبەر بە داگیرکەران، بە گوێرەی هەندێک گێڕانەوە ناوەکەی ئاماژەیە بە "خاوەنکار" سوڵتان ئیسحاق و کە دووبارە ژیانەوەی ئەو بووە و بە واتای کار و بژێوی و خاوەنی رزق و رۆزیە.

باس لەوەش دەکرێت ریشەی ئەو وشەیە بۆ تێڕوانینەکانی سوڵتان ئیسحاق دەگەڕێتەوە لەبارەی گرنگی کار و ژیانی مرۆڤەکان و ئەوەی دەبێت هەموان بە شێوەیەکی تەندروست و پاک کاربکەن و بژێوی خۆیان دابین بکەن.

هـ . ب