لە شەنگال هەنجیر یەک لە سەرچاوەکانی بژێوییە

کاتێک باس لە هەنجیر دەکرێت، یەکەم شت هەنجیری زێدی خدر بەبیر مرۆڤ دێتەوە. مام خێرۆ کە ٥٣ ساڵە جوتیارە، دەڵێت: هەنجیری بەناوبانگی شەنگال دوای رەنج و ماندووبوونی زۆر لە بازاڕەکانی شەنگال و موسڵ دەفرۆشرێن.

چیای شەنگال وێڕای سروشتە جوان و ناوازەکەی، لە ئامێزی خۆیدا زۆر بەروبومیش پێدەگەیەنێت. وەرزی هاوین دەبێتە سەرچاوەی بەرهەمی سروشتی و بە تام بۆ هەموو خەڵکی شەنگال. هەروەها چەندین بەروبومی کشتوکاڵی و میوەی شەنگال رەوانەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێن. یەک لەو بەروبومانە کە بەناوبانگە و لە گۆرانی و هۆنراوەکانی ئێزدیشدا زۆر ناوەکەی بەکاردەهێندرێت، هەنجیرە. هەنجیر لە زۆر ناوچەی شەنگال بەرهەم دێت، بەڵام زێدی خدر یەک لەو ناوچانەیە کە زۆرترین هەنجیری تێدا بەرهەمدێت، مام خێرۆ ٥٣ ساڵە لەم هەرێمە جوتیاری دەکات.

٥٣ ساڵە جوتیاری دەکات

مام خێرۆ باسی لەوەکرد کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیەوە واتە لە ساڵی ١٩٧١ەوە کاری کشتوکاڵ و باخداری دەکات و ئێستا لەگەڵ منداڵەکانی ٢٥٠ داری هەنجیریان هەیە. وتیشی، خەڵک جاران زیاتر رووی لە کاری کشتوکاڵ بوو، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نەماوە. من هەر کاتێک لەماڵەوە بێتاقەت و وەڕەس دەبم روودەکەمە سەر رەز و باخەکەم".

داری هەنجیر لە مانگی ئاداردا دەنێژرێت

مام خێرۆ وتی، داری هەنجیر لە مانگی ئاداردا دەنێژرێت و ئەگەر دارەکە دێمەکار بێت لە ماوەی ٦-٧ ساڵ دا بەر دەگرێت، ئەگەر بەرئاوبێت لە ماوەی ٣-٤ ساڵدا. پێشتر کاری کشتوکاڵ دژواربوو، بە ئاژەڵ کێڵگە و رەزەکەیان دەکێڵا، ئێستا بە تراکتۆرە. جاران هەر لە سەر پشتی ئاژەڵ ئاومان دەهێنا، ئێستا بۆری و سۆندە هەیە.

مام خێرۆ ئاماژەی بە نەخۆشیەکانی درەختەکانیش کرد و وتی، بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە دەرمان لە نوسینگەکانی کشتوکاڵ وەردەگرین، بەڵا هەندێک جار دەرمانەکان زیان بە باخ و بەروبومەکە دەگەیەنن، بۆ نمونە دەبنە هۆی ئەوەی کرم لە هەنجیرەکان بدات.

لە بازاڕەکانی شەنگال و موسڵ ساغ دەکرێنەوە

هەنجیرە بەناوبانگەکەی شەنگال لە مانگی ئاب بە دواوە پێدەگات. مام خێرۆ دەڵێت، کاتێک هەنجیر پێدەگات، تا یەک رۆژ لەبەر خۆر دەهێڵدرێەوە و دواتر دەیکەنە سندوقەوە. مام خێرۆ وتی، دوای هەوڵ و ماندووبوونی زۆر ئەو هەنجیرە لە بازاڕەکانی شەنگال و موسڵ ساغ دەکرێتەوە.

هـ. ب