لە ژێر ناوى "هەنار و پایزى هەڵەبجە" نۆیەمین فێستیڤاڵى هەنار دەستیپێکرد

بە بەشداری ٥٠٠ خاوەن باخ و ٢٠٠ ژنی دەستڕەنگین نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە شاری هەڵەبجە دەستی بە کارەکانی کرد.

  کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، لە پارکی یاری شاری هەڵەبجە، لە ژێر ناونیشانی "هەنار و پایزى هەڵەبجە" و بە بەشداری هەزاران کەس لە تەواوی شارەکانی باشوری کوردستان و چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ژمارەیــەکی زۆر لە میوانانی وڵاتانی دراوسێ و باڵیۆز و کۆنسوڵی وڵاتانی جیهانی نۆیەمین فێستیڤاڵى هەنار لە شاری هەڵەبجە لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد.

 بڕیارە رۆژانە کاژمێر ٠٩:٣٠ بەیانی بۆ کاژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشوازی لە سەردانیکاران بکرێت، ئەمرۆ ٢ی مانگ ڤستیڤاڵەکە دەستی پێکرد و رۆژانی ٣ و ٤ی مانگیش بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، بەپی گووتەی ئەندامێکی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، ناونووسینیان بۆ باخەوان و ژنانی دەستڕەنگین کردووە وە ٥٠٠ شوێن بۆ خاوەن باخەکان ئامادەکراوە و ٢٠٠ ژنی دەستڕەنگینش بە بەرهەمەکانیان بەشدارن لە ڤستیڤاڵەکەدا.

 جێگای ئاماژەیە، هەرچەندە ڤستیڤاڵەکە بەناوی ڤستیڤاڵی هەنارە و هەنار و تەواوی بەرهەمەکانی دروستکراو لە هەنار بابەتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە بەڵام گوێز، دۆشاو، سرکە، مێووژ، خواردنە کوردەوارییەکان و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەورامان و شارەزوور لەو فێستیڤاڵەدا هەن، ئەمە جگە لە تەواوی کارە دەستییەکانی ژنانی دەستڕەنگین.

 جێگای باسە، فێستیڤاڵی هەنار ساڵی رابردوو ٢٤ و ٢٥ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، سەبارەت بەهۆکاری دواخستنی ڤستیڤاڵی ئەمساڵ، وەکو لیژنەی باڵای ڤستیڤاڵەکە ئاماژەیان پێکردووە، ئەمساڵ دەیانەوێت هەنار باشتر پێبگات، هەروەها کەش وهەوا زیاتر فێنک بێت کە هەردوو هۆکارەکە لە فێستیڤاڵەکەی ساڵی ڕابردوو جێگەی رەخنەی بەشداربووان بووە.

 هەناری باشوری کوردستان ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا پێدەگات و تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ١٢ بەرهەمی دەمێنێت، لەکاتی پێگەیشتنیدا هەنار باجێکی ڕەمزی دەخرێتەسەر، ئەویش بەئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ.

هـ . ب